مانگێکە بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە فرۆشتنی 450 بۆ 500 مێگاوات کارەبا بە عێراق کراوە، فرۆشتنی ئەو بڕە کارەبایە لە ڕێگەی حەوت یەکەی 125 مێگاواتییە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان. وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەداتە هاوبەشانی کە فرۆشتنی ئەو بڕە کارەبایە کاریگەریی لەسەر پێدانی کاژێرەکانی کارەبا ناکات لە هەرێمی کوردستان.
دیار بابان، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت فرۆشتنی کارەبا بە عێراق هیچ کاریگەری ناکاتە سەر پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، ئەو کارەبایە لەو یەکانەیە کە کارناکەن، بە کارکردنی حەوت یەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕزگاری دەبێت لەو غەرامەیەی مانگانە لە بەرامبەر کارنەکردنی ئەو یەکانە دەیداتە وێستگەکانی کارەبا.
ئەو 7 یەکە سەر بە کەرتی تایبەتن و توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 900 مێگاوات کارەبایان هەیە، لە هەنگاوی یەکەمدا تەنیا گرێبەستی فرۆشتنی 450 بۆ 500 مێگاوات کارەبا بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ بەغدا کراوە، کارەباکە لەڕێگەی هێڵی 400 کەیڤیی خورمەڵە - #کەرکوک# دەگوازرێتەوە نێو تۆڕی کارەبای عێراق.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت 450 مێگاوات لە ڕێگەی خورمەڵە - کەرکوک دەگوازێتەوە بۆ پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاست و بەغدا سوودمەندن لەم کارەبایە. لە بەرانبەر دابینکردنی ئەو کارەبایەش نەوتی ڕەش وەردەگیرێت و دەسەڵات لە حکومەتی عێراق دراوە بە وەزارەتی کارەبا. سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێ، ئەمە مەبدەئێکی یارمەتیدانە لەنێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان.
بەپێی گرێبەستەکە لە کاژێرێکدا یەک مێگاوات کارەبا بە 32 دۆلار فرۆشراوەتە بەغدا، واتە داهاتی فرۆشتنی کارەبا مانگانە زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلار دەبێت. لە یەکێک لە خاڵەکانی گرێبەستەکەدا هاتووە، هەرکاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیی سووتەمەنی بۆ ئەو یەکانە دابینبکات، ئەوا لە ماوەی شەش مانگدا گرێبەستەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە.[1]