دەزگای مین: ساڵی 2020 لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بە...
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین /
هەولێرهەولێر، دەڵێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی قوربانیانی رووداوەکانی مین هەبووە و لە هەشت مانگی ڕابردوودا تەنیا دوو حاڵەتی مردن بەهۆی مین تۆمار کراوە.
رابەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین / هەولێر رایگەیاند: بەردەوام لە رێگەی تیمەکانمانەوە هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنییەکان هۆشیار دەکرێنەوە، کە خۆیان دوور بگرن لەو ناوچەو شوێنانەی مەترسیی بوونی مین و تەقەمەنیان هەیە، هەروەها بەپێی ئامارەکانمان ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رووداوەکانی مین و تەقەمەنی لە سنوورەکەمان روو لە کەمبوونەوەن، واتە ئەمساڵ 2020 تەنها (2) رووداوی مین تۆمار کراون، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست داوە.
گوتیشی: هۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانی مین و تەقەمەنی لە ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە ساڵانە بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا خەڵکانێکی زۆر بۆ گیا بەهارییەکان و گەشت و روویان لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرد، لە کاتێکدا لە زۆر شوێن تا ئێستا مین و تەقەمەنیان لێی ماوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ، خەڵکی کەمتر روویان لەم ناوچانە کردووە، ئەوەش کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی رووداوەکانی مین.
[1]