بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نووسینگەی 'پاراستنی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکان' دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی هاوبەشی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەسەر بنەمای پلانی کاری واژۆکراوی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات - #هەسەدە# و نەتەوە یەکگرتووەکان لە 29/6/2019 و پەسندکردنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەمڕۆ یەکشەممە 30/8/2020 بڕیاریدا بە دروستکردن و کاراکردنی نووسینگەی (پاراستنی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکان) لە ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لەگەڵ نووسینگە لاوەکییەکانی دیکەی سەر بەو نووسینگەیە لە دەستە و لیژنەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە هەریەک لە قامشلۆ، #حەسەکە#، ڕەققە، دێرەزوور، #کۆبانی#، گرێسپی، شەهبا، تەبقە و مەنبج.
وەکو لە فەرمانەکەدا هاتووە، ئەرکی ئەو نووسینگە و نووسینگە لاوەکییانە بریتییە لە وەرگرتنی سکاڵای تایبەت بە بردنی منداڵان بۆ نێو ڕیزی هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ.
هاوکات نووسینگە لاوەکییەکان سکاڵای تایبەت بە پێشێلکردنی مافی منداڵان لەلایەن خێزان یان هەر کەسێکی دیکە وەردەگرن؛ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت سەلامەتی، بەرژەوەندی و نهێنیی خاوەن سکاڵاکان بابەتێکی جەوهەرییە. پێویستە فەرماندەیی سەربازیی هاوکاربن و ڕێگری بکەن لە هەر کارێک دژی خاوەن سکاڵاکان.