ئیبرۆ تەکین، تەمەنی 21 ساڵ بوو دوای ساڵێک و چوار مانگ لە هاوژینەکەی جیابووەوە، بەڵام هاوژینەکەی جیابوونەوەی نەویستووە، ڕۆژێک دوای بڕیاری دادگا بۆ جیابوونەوەیان، ئیبرۆ تەکین لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە 5 فیشەک دەکوژرێت.
یوسف تەکین کە برای ئیبرۆیە و تەمەنی 10 ساڵە لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕاگەیاند، من لە تەنیشت ئەو دەرگایەدا بووم، 5 گوللەیان لەسەر یەک تەقاند، کە هاتم خوشکم لەسەر ئەرز کەوتبوو.
کەسوکاری ئیبرۆ داوادەکەن حەقی خوێنی کچەکەیان بسەنرێت و تاوانبار بە سزای خۆی بگەیێندرێت. محەمەد هادی تێکین، باوکی ئێبرو تەکین ڕاگەیاند، چوار کەس بوون ئەو کارەیان کرد. داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات ئەو کەسانە دەستگیربکرێن و سزای تووندیان بەسەردا بسەپێندرێت.
بە گوتەی بنەماڵەی تەکین، ئیبروی کچیان 6 ساڵ پێش ئێستا بە ئارەزووی خۆی بڕیاریداوە هاوسەرگریی لەگەڵ هاوژینەکەی بکات، ئەوان ڕازی نەبوون و دواتر بە ناچاریی بە بڕیارەکەی ڕازی دەبن.
دایکی ئیبرۆ تەکین ڕاگەیاند، تکا لە سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵا دەکەم با لە زینداندا بیڕزێنن، لەکوێ مافی مرۆڤ هەبێت من بەدوای مافی کچەکەی خۆم دەبم، ئەمە بەسەر ئەواندا تێپەڕ نابێت.
هەروەها خوشکی ئیبرۆ تەکین ڕاگەیاند، خوشکەکەی من ڕۆیشت، سبەی خوشکێکی دیکە دەڕوات، جەرگی ئێمە سووتا و جەرگی خەڵکێکی دیکەش دەسووتێت. جەرگی ئێمە سووتا با جەرگی هیچ خانەوادەیەکی دیکە نەسووتێت.
ئیلیه لە سەرەتای ساڵی 2000 دا بەهۆی زۆربوونی خۆکوشتنی ژنان (شارۆچکەی ئێلیج) وەک شاری خۆکوشتنی ژنان ناوبانگی دەرکردبوو بەڵام لە 15 ساڵی ڕابردوو ئەو ڕووداوانە زۆر کەمبوونەتەوە.[1]