لەگەڵ کرانەوەی ڕێگەی نێوان پارێزگاکانی باشووری کوردستان و عێراق، جارێکی دیکە ناوچە گەشتیارییەکان قەرەباڵخییان تێکەوتووەتەوە.
شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای #هەولێر# پڕبوونەتەوە لە گەشتیار. ساڵی ڕابردوو تەنها سرووشتە خۆڕسکەکە ناوچەی #چۆمان# گەشتیاری ڕادەکێشا، ئێستا کەرتی تایبەتیش بووەتە هۆکاری زۆربوونی ژمارەی گەشتیاران.
هێمن مستەفا، گەشتیارێک کە لە #ڕانیە#وە سەردانی چۆمانی کردووە ڕاگەیاند؛ ساڵانی ڕابردوو لەو شوێنە تەنها کەپر هەبووە و ئەگەر منداڵت لەگەڵ بووایە سەرمایان دەبوو، ئێستا ڤێلای باش لە ناوچەیەکی جوان دروستکراون و شوێنی حەوانەوەی باش دەستدەکەوێت.
بەپێچەوانەی هەولێر ناوچە گەشتیارییەکانی #دهۆک# چۆڵن، چونکە ڕێگەی هاتنی گاشتیاران بە شێوەی گرووپ تاوەکو ئێستا قەدەخەیە و ڕێگەی پارێزگاکەش بەڕووی گەشتیارانی خوار و ناوەڕاستی عێراقدا نەکراوەتەوە.
چرا ئیبراهیم، خاوەن ناوچەی گەشتیاری لە دهۆک بە ڕووداوی ڕاگەیاند بەڕاستی ناهەقییە تەنها لە دهۆک ڕێگە لە بەردەم گەشتیاران سەخت بێت و ئەوە حاڵی بێکاریمان بێت و لە زەرەرکردن بەردوام بین. داواکارین لە پارێزگای دهۆکیش ڕەوشەکە ئاسایی ببێتەوە.
بەڵام لە پارێزگای #هەڵەبجە# ڕەوشەکە جیاوازە و زیاتر له دوو هەفتەیە بەردەوام گرووپی گەشتیاریی دەچنە سەرچاوەی ئاوی زەڵم، ئاوێک کە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق بۆ پارێزگاکە.
لە هەرێمی کوردستان، 3 هەزار و 118 ناوچەی گەشتیاریی تۆمارکراو هەن. ساڵی ڕابردوو ڕیکۆردی 3 ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار تۆمارکرا. نزیکەی سی هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کار لەو کەرتەدا دەکەن و کۆرۆنا ئەمساڵ زیانی 150 ملیۆن دۆلاری بەم کەرتە ئابووریە گەیاندووە.[1]