سەرپەرشتیاری پەروێزخان: 80%ی داهاتی دەروازەکە بۆ کۆمپانیاکانە
📝 بەڵگەنامەکان
سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی پەروێزخان دەڵێت، رۆژانە لەو دەروازەیە مامەڵە بە شەش جۆر خواردن و کاڵای نایاساییەوە دەکرێت و بە قاچاخ هاوردەدەکرێن. ئاشکرایشی دەکات کە 80%ی داهاتی بازرگانیی دەروازەکەش کۆمپانیاکان دەیبەن.
ئاسۆ قادر لەیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی پەروێزخان رایگەیاند، رۆژانە کاری نایاسایی و قاچاخچێتی لە دەروازەکەدا دەکرێت، حەوت کۆمپانیا و هەشت قەپان پارە لە شۆفێر و بازرگانان وەردەگرن و کەمترین داهاتیش بۆ حکومەت دەگەڕێننەوە.
ئاسۆ لەیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کۆمپانیا و قەپانانە مۆڵەتیان پێدراوە تاوەکو رۆژانە مامەڵەی شۆفێران و بازرگانان رایی بکەن، ئەوانیش بڕی جیاواز پارەیان لێوەردەگرن و له و پارەیەش کەمترین بەشی بۆ حکومەت دەگەڕێندرێتەوە.
سەرپەرشتیاری دەروازەکە ئەوەی خستەڕوو، کۆمپانیا هەیە 10 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێک وەردەگرێت، تەنیا 20%ی ئه و پارەیە بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە و 80%ی بۆ خۆیەتی.
لەبارەی ئەو کاڵایانەی بە نایاسایی لە دەروازەکەوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان و مامەڵەیان پێوەدەکرێت، سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی پەروێزخان دەڵێت، رۆژانە لە دەروازەکەوە هێلکە، دووگ، خەیار، پیاز، مریشک و ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم مامەڵەی نایاساییان پێوە دەکرێت و دیاریش نییە داهاتەکەی بۆ کوێ دەڕوات.
شەوی 2020/08/10 لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی پێشکەشی دەکات، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە ئەو دزی و تاڵانییەی ئێستا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە ساڵی 1991 نەکراوە. یەکێتی و پارتییش جێبەجێکردنی چاکسازییان بە بڕیاری یەکدییەوە بەستووەتەوە، یەکێتی دەڵێت، تاوەکو پارتی چاکسازی نەکات منیش نایکەم. پارتیش هەر وا دەڵێت.
عەلی حەمە ساڵح لە بەرنامەکەدا باسی تاڵانی و قاچاخی لە دەروازە سنوورییەکان کرد و لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە دا، هەرچی کەلوپەلی ماوەبەسەرچووە لە رێگەی نووسینگەکانی قاچاخچێتییەوە کە لەناو شارەکاندا هەن لە دەروازەکان بە هاوکاریی هێزی ئەمنی هاوردەدەکرێن. هەموو کەسیش دەزانێت ئەو نووسینگانە لە سەهۆڵەکەی سلێمانی و بازاڕی دۆلارەکە و لە کەلار لە کوێن.
دوای ئەو بەرنامەیەش کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو خەڵک دروستکرد، کاردانەوەی حکومەتیشی بەدوادا هات، بەتایبەت کە ئاشکراکرا کارە قاچاخی و نایاساییەکان بە شەوان و لەدوای دەوامی ئاساییەوە دەکرێن.
هەو بەو هۆیەوە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی دەرکرد و رایگەیاند، لە درێژەی پرۆسەی چاکسازی لە دەروازە سنوورییەکان وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیاریدا کە شەوانە دوای تەواوبوونی کارە گومرگییەکان دەرگای سەرەکیی دەروازە سنوورییەکان بۆ ناو هەرێمی کوردستان تایبەت بە بارهەڵگرەکان بخرێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکان تاوەکو رۆژی دواتر جووڵەی بازرگانی دەستپێدەکاتەوە. هەر لەو نووسراوەدا هۆکاری ئەو بڕیارە روونکراوەتەوە: لەپێناو رێگەگرتنە لە دیاردەی قاچاخچییەتی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان.
عەلی حەمەساڵح لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئاماژەی بەوە دا کە گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان مانگانە زیاترە لە 300 ملیۆن دۆلار.