ئەوقافی هەولێر: مەلا عوسمان کانی کوردەیی بۆ خۆدەرخستن هاتبووە سەر شەقام
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: لەلایەن ئاسایشی
هەولێرهەولێرەوە هێرشیکراوەتە سەر و لە پاسەوانەکەی دراوە، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێریش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ئەوەی دەیکەیت تەنها بۆ مەبەستی سیاسی و خۆ دەرخستن و یاریکردنە بەهەستی خەڵک.
مەلا عوسمان کانی کوردەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە گردبوونەوەیەک بۆ کردنەوەی مزگەوتەکان لەکاتی نوێژی هەینیدا بکەن، بەڵام ئاسایش رێگری لێکردوون و دواتریش هێرشیان کراوەتە سەر.
مەلا عوسمان کانی کوردەیی دەڵێ: دوای ئەوەی بڵاوەمان پێکرا، لەگەڵ چەند مامۆستایەکی ئایینی بڕیارماندا چەند خولەکێک بۆ راگەیاندنەکان قسە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە ئاسایش هاتنەوە و ئەمجارەیان هێرشیانکردە سەرمان و لە پاسەوانەکەمیاندا و بۆکسێکیشیان لە خۆمدا.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر ئەو کارەی مەلا عوسمان کانی کوردەیی بە نمایش و یاریکردن بە هەستی خەڵک وەسف دەکات و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: ئه و نمایشەی ئەمڕۆی عوسمان کانی کوردەیی کە کادیرێکی کۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی و خۆ دەرخستنە و یاریکردنە بەهەستی خەڵک، ئەگەر راستدەکات بۆ خۆ هەڵکێشان و خۆ دەرخستنی نییە هەرکات داوا بکات راستەوخۆ دەتوانێ وەزیرەکان و بەرپرسەکان ببینێ، به حوکمی ئەوەی ئەندام پەرلەمانی کوردستانە دەتوانێت راستەوخۆ لەوێ راو سەرنج و پێشنیازەکان بخاتە روو.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ: مەلا عوسمان چەند کادرێکی کۆمەڵی کۆکردووەتەوە بەناوی ئەوەی کە وتاری هەینی رێگەپێدراو بێت، باشە ئەندامێکی پەرلەمان ئەوەندە نابەرپرس بێت رەچاوی بارودۆخی هاووڵاتییان نەکات کە رۆژانە تەنها لەشاری هەولێر و شارەکانی کوردستان چەندین کەس دەبنە قوربانی ئه و پەتایە کوشندەیە، ئایا مەلا عوسمان ئەندامی پەرلەمان تەحەمولی بەرپرسیاریەتی رووحی خەلک دەکات؟ ئەگەر ئامادەیە ئەوە بکات با ئیمزا بکات و من وەک بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر دەڵێم رێگە بە وتاری هەینی بدرێت.
لە بەیاننامەکەدا زیاتر هاتووە: مەلا عوسمان بۆی نییە لە جیاتی مامۆستایانی ئایینی و نوێژ خوێنان قسەبکات، بۆی هەیە تەنیا بەناوی خۆی و حیزبایەتی تەسکی خۆی قسەبکات، کە ئایین و سیاسەتی تێکەڵکردووه، چاوەڕوان دەکرا ئەوانە بێن لە بارودۆخێکی وا سەخت لە هەموو رووێکەوە کە دووچاری خەڵکی کوردسان بووەتەوە مشورێک بخۆن و خەمخۆرانە دەرکەون بۆ تێپەراندنی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە، کەچی پێچەوانە دێن زیاتر هاووڵاتییان لە رووی دەروونییەوە ئازار دەدەن و مەبەستیانە زیاتر سەر لە هاووڵاتییان بشوێنن و ئیستغلالی بکەن بۆ مەرامی خۆیان.
[1]
دەقی روونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر:
سەبارەت بە لێدوانی ئەمڕۆی مامۆستا عوسمان کانی کوردەیی کە رایگەیاندووە، گوایە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لێیدراوە و خەڵک دەستگیرکراوە، لێرەوە بەپێویستی دەزانین بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە، ئەو قسانەی ناوبراو هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و بەهیچ شێوەیەک هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە و نەئەو مامۆستا بەڕێزە و نەکەسانیتریش دەستیان بۆ نەبراوە، ئەوەی ڕوویداوە ئەم مامۆستا بەڕیزانە بەبێ مۆڵەت گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێشێل کردوون و لەلایەن هێزەکانی پۆلیس بەشێوازێکی زۆر یاسايی و مەدەنیانە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەوڵیانداوە بۆ خۆپارێزی لە فایرۆسی کۆرۆنا بڵاوەیان پێبکرێ، دووبارەی دەکەینەوە هەموو بەڵگە و وێنە و ڤیدۆکان لە بەردەستن کە هیچ کەس دەستگیرنەکراوە و کەسیش دەستی بۆ نەبراوە، هەموو ئەوەشی لەوبارەیەوە دەگوترێ دوورن لەڕاستی و بەهەموو شێوەیەک قسەکانی ئەو مامۆستا بەڕێزە ڕەتدەکەینەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
2020.8.12