بە #قەندیل#دا هاتین نووسینی :#عەبدولقادر شکاک#
بیرۆکەی ناونانی کتێبەکەش (بە قەندیل دا هاتین) دەگەڕێتەوە بۆ ئه و ڕۆژانەی باوکم و پورم کە منداڵ بوون دوای ئەوەی دوژمنانی کورد لە پێش چاویانەوە دایکیان دەکوژن و ئەمانیش لەگەڵ هەندێک لە خزمە نزیکەکانیاندا بە ئاوارەیی ڕوو لە قەندیل دەکەن بە مەبەستی دەربازبوون له و کوشتارو ڕاوەدوونانەی هات بەسەر کوردانی ڕۆژهەڵاتدا، پووری تەمەن شەش ساڵانم لەبەر لاوازی و برسێتی لە گەرووی قەندیل دا گیانی بە کڕێوەی بەفر سپارد ئیتر باوکیشم به و منداڵیە کە تەمەنی(10) ساڵان بووە ڕێگای باشووری کوردستانی گرت و هەر لێرەش گیانی سپارد، هیوادارم لەم ڕێگەوە توانیبێتم خزمەتێک بە نەتەوەکەم بکەم.
لەپێشەکی ئەم کتێبەدا کە کۆمەڵە وتارە، هاتووە: دەمێکە بیرۆکەی کۆکردنەوەی ئه و نوسینانەم لا گەڵاڵەبوو کە لە ڕۆژنامه و گۆڤارەکاندا بڵاوکراوەتەوە، بە مەبەستی کۆکردنەوەیان وام بە بیردا هات قۆڵی لێ هەڵماڵم و ئه و گۆڤارو ڕۆژنامانەی لەبەردەستمدا بوو پۆلینیان بکەم و بەپێی ڕۆژ و ساڵەکەی ڕیزبەندیان بکەم.[1]