فەرهەنگا نووژەن (القاموس العصري) کە خوالێخۆشبوو عەزیز عەقراوی (1924-1998) دایناوە، بە چاپێکی نوێ چاپکرا و بڵاوکرایەوە.
فەرهەنگا نووژەن فەرهەنگێکی عەرەبی- کوردییە و بریتییە لە چوار بەرگ و بەسەر یەکەوە دوو هەزار و 982 لاپەڕەیە.
#عەزیز ئاکرەیی# (خاڵ عەزیز) لەم فەرهەنگەیدا سوودی لە هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی وەرگرتووە و خۆی بە تاقە شێوەزارێک نەبەستووەتەوە. لە کوردیدا تیپی لاتینیی بەکارهێناوە. عەزیز ئاکرەیی ڕێنووسی لاتینی بە گونجاوتر بۆ زمانی کوردی دەزانی و، پێشتریش لە شەستەکاندا هەوڵیداوە کە کوردی بە ڕێنووسی لاتینی بنووسرێت.
ئەم فەرهەنگە بەرهەمی ساڵێک و دووان نییە، بەڵکو بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی عەزیز ئاکرەییە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاوەکو کاتی کۆچکردنی. موقەدەم عەزیز لەگەڵ ئەرکی پێشمەرگایەتیدا کاری ئەم فەرهەنگەیشی خستبووە سەر شانی خۆی.
فەرهەنگەکە بە لایەنی کەمەوە لە دوو بەشی کوردستاندا، باشوور و ڕۆژئاڤا، بۆ هەر کوردێکی عەرەبیزان مفا و سوودێکی زۆری دەبێت و یارمەتیدەرێکی باش دەبێت.
گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم فەرهەنگە کارێکی ئاسان نییە. لە هەندەرانەوە هێنراوەتەوە وڵات و تایپکراوە و خراوەتە سەر کۆمپیوتەر، تاوەکو بەمشێوەیەی ئێستا جوان و پووخت، بە هیمەت و لەسەر ئەرکی کاروان ئاکرەیی کە دەکاتە برای عەزیز ئاکرەیی، وەک وەفادارییەک بۆ عەزیز ئاکرەیی و بۆ خزمەتکردن بە زمان و فەرهەنگی کوردی، چاپکراوە. ئەم فەرهەنگە لە تەک فەرهەنگەکانی دیکەدا کەلێنێک لە کتێبخانەی کوردی پڕ دەکاتەوە.
عەزیز ئاکرەیی لە پێشەکیی بەرگی یەکەمی ئەو فەرهەنگەدا دەنووسێت، دەستم بە ئامادەکردنی ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە کرد، چونکە لەو باوەڕەدام ئەگەر تەواوی بکەم ڕەوڕەوەی ڕۆشنبیریی کوردی چەند ساڵێک بەرەوپێشەوە دەچێت و زمانی ئێمەش لە مەترسیی لەنێوچوون دەپارێزێت. چونکە ئەو فەرهەنگە دەبێتە هاوکارێکی خوێندکاران بۆ وەرگرتنی زانیارییەکانی زانستی زمان و زاراوە زانستی و تەکنیکییەکان، بەتایبەتی کە هەندێکیان تائێستا لە هیچ فەرهەنگێکی کوردیدا نەنووسراون.
عەزیز ئاکرەیی شەش پەرتووکی چاپکراوی هەن، هەروەها هەشت پەرتووکی چاپنەکراویشی لەدوای خۆی بەجێهشتوون کە دووانیان فەرهەنگن: فەرهەنگی ئینگلیزی - کوردی، فەرهەنگی ئینگلیزی - کوردی (وێنەدار).
عەزیز ئاکرەیی لە کۆتایی پێشەکیی فەرهەنگا نووژەن (القاموس العصري)دا دەنووسێت کە هیوادارە ئەو فەرهەنگە پەیامی خۆی بگەیێنێت لە خزمەتکردنی زانست و زانیاری و، هاوکاربێت لە دروستکردنی لێکتێگەیشتنێکی دۆستانە و برایانە لەنێوان عەرەبی ئاخێڤ و کوردی ئاخێڤاندا.[1]