پارێزگاری #سلێمانی# واژۆی لەسەر بڕیارێکی کارگێڕیی کرد، کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی خاوەن موڵک و زەوین لەسەر شاڕێی بابان، کە بە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی ناسراوە.
نووسراوەکەی پارێزگای سلێمانی بە ژمارە 4302/20 دەرچووەو ڕێکەوتی 23-07-2020ی لەسەرە و چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو.
لە خاڵی سێیەمدا ئاماژە بەوەکراوە قەرەبووی ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە مافی یاسایی و فەرمی سەلمێندراویان لەسەر ئەم شاڕێیە هەیە. هەروەها لە خاڵی چوارەمیشدا هاتووە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە هەر دامەزراوە، کەلوپەل و سەرخانێکی سەر ئەم شاڕێیە (کە بەر ڕێگاکە دەکەون) و مۆڵەتی یاساییان هەیە، دەخەمڵێنرێن و قەرەبووی خاوەن ماف دەکرێتەوە.
چەند بڕیارێکی دیکەش هەر لەو نووسراوەی پارێزگای سلێمانیدا دراون، کە بریتین لە: هەموو کڕین و فرۆشتن و مامەڵەکردنێک بەو موڵکانەی دەکەونە سەر شەقامەکە قەدەخەیە. هەروەها هیچ پرۆژە و کارێکی نوێ لەسەر ئەو موڵکانەی دەکەونە سەر شەقامەکە دروستناکرێت و مۆڵەت بە هیچ کەس و پرۆژەیەک نادرێت. ئەمە جگە لەوەی (حجز) دەخرێتە سەر ئەو موڵکانەی دەکەونە سەر شەقامەکە تاوەکو تەواوبوونی پرۆژەکە و گرێبەستی نوێ و مۆڵەتی بەکارهێنانی کاتیی بەهیچ پرۆژەیەک لەسەر شەقامەکە نادرێت.
11ی تەممووزی ئەمساڵ بەردی بناخەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانرا. پرۆژەکە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا لە دوو شەقامی شێوە تەریب پێکهاتووە کە لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی سلێمانی درێژدەبێتەوە، لەکاتی تەواوبوونی هەموو پرۆژەکە شەقامەکانی 60 مەتری و 100 مەتری بەشێوەی تۆڕێک لە شەقام بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ڕووپۆشی ڕووبەری 472 کیلۆمەتر دووجا دەکات.
درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەکییەکانی 146 کیلۆمەترە، لە تاسڵوجەوە بۆ توونێلی پێشڕەو دەبێت و لە 100 مەترییەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتاییەکەی کە دەبێتە 40 مەتریی. پرۆژەکە بە سێ قۆناخ جێبەجێدەکرێت، ئەوەی ئێستا قۆناخی یەکەمە کە لە 33 کیلۆمەتر پێکدێت، هەشت یەکتربڕ و شەش ئاوبەری سندووقیی تێدایە و بەپێی ستانداردی جیهانیی دروستدەکرێت. لەماوەی ڕابردوودا خاوەنی ئەو زەوییانەی بەر قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە دەکەوتن خۆپێشاندانیان کرد و داوای قەرەبووکردنەوەیان دەکرد.