یەک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە بوو، لە سنووی #شنگال#، لە کاتی داگیرکردنی شنگالدا، خۆی هاوڕێکانی لە سنوورەکە مانەوە و توانیان ژمارەیەک کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار بکەن. [1]
لە زاری خۆیەوە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی شنگال بەیان دەکات:
ڕۆژی #03-08-2014#چی ڕویدا ؟
لێرە بەشێکی زۆر کەم لەڕاستی ڕووداوەکان باس دەکەم، کە لەو ڕۆژە ڕەش و شومەدا ڕویان داوە:
قادر خۆرانی
ئێمە لە شارەدێی (ڕبیعه) بووین.
1- سەرلە بەیانییەکەی هەواڵی کەوتنی چەند گوندێکی سنووری شنگالمان پێ گەیشت.
2- بۆ کاتی نیوەڕۆ هێزەکانی سنووری شنگال پاشە کشێیان کرد بەبێ شەڕ.
3- دوای نیوەڕۆ (#سنونێ#) و سنووری (سنونێ) چۆل کرا بەبێ شەڕ.
4- ئەو هێزانەی پاشەکشیان دەکرد لە سنووری شنگال و (سنونێ) بەلای ئێمە دا تێدەپەڕین بۆ #سحێلا# بەبێ وەستان.
5- نزیکی نیوەڕۆ لەلایەن ڕێکخستنەکانی یەکێتی و خەڵکی یەکێتی لە سنووری (شنگال و سنونێ و #خاناسۆر#) پەیوەندیم پێوە کرا کە بارودۆخ زۆر خراپە کەس نیە بەرگری بکا، گوتیان ئێمە و خەڵک کە بە هەزارانن دێین بۆ (ڕبیعە) ئەگەر ئێوە لەوێ بمینێن ئەگەر نا داعش لە ڕێگای (#عوێنات#) بێت بۆ (ڕبیعە) هەمومان دەکەوینە بەردەستی داعش و کۆمەلکوژمان دەکەن، گوتم ئێمە لێرەین و دەشمینێین هەموو خەڵک بڕوا من ناڕۆم ئەگەر سەری خۆشم لەسەر دانابێ.
6- خەلکی (شنگال و سنونێ و خاناسور) بەرەو ئێمە بەڕێکەوتن.
7- هێزەکانی داعش لەو کاتەدا لە ڕێگای (عوێنات) پێشڕەویان کرد بۆ لای ئێمەو تەقە دەستی پێ کرد لە شوێنی خۆیان ڕامانگرتن.
8- هێزەکانی لای ئێمەش لە (ڕبیعە) خۆیان کۆکردەوە بۆ ڕۆیشتن.
9- داوام لێکردن بمێننەوە لەبەر ئەوەی خەڵک لە ڕێگایە بۆلای ئێمە دێت ناکرێت شوێنەکە چۆڵبکەین بۆ داعش هەرچەند گوتم بێ سودبوو.
10 - ئاگاداری سەروی خۆم کردەوە لەوەی هێزەکانی لای ئێمەش پاشەکشێ دەکەن، گوتیان ئێستا وەڵامت دەدەینەوە بزانین چۆن دەبێت.
11- دوای نیو کاتژمێر تەلەفۆنیان بۆ کردمەوە گووتیان هێزەکەت پاشەکشێ پێ بکە، گووتم چۆن پاشەکشێ دەکەم خەلک بەڕێوەیە بۆ لای ئێمە داعشیش وا دوبارە هاتەوە پێشێ، گوتیان فەرمانت پێ دەکەین پاشەکشێ بکە، گوتم خەلکی ژن و مندال و مەدەنی بەڕێوەن بەبێ شەڕو بەرگری لێیان بەهیچ شێوەیێک پاشەکشێ ناکەم لەبەر ئەوەی بەرپسیار دەبم لەبەرامبەر خواو خڵک.
12 - دوای (10) خولەک دوبارە پەیوەندیان کردەوە کە پاشەکشێ بکەم گوتیان فەرمانە و جێبەجێی بکە، گوتم بۆ بەرگری و پێشڕەوی هەرکەسێک فەرمان بکا بە قسەی دەکەم و بە بەرپرسی خۆمی دەزانم بەلام بۆ پاشەکشێ بێ بەرگری و شەڕ فەرمانی هیچ کەسێک جێبەجێ ناکەم و کەس بە بەرپرسی بالای خۆم نازانم گوتم نە منالێکی کورد نە بستێکی خاکی کوردستان بەبێ شەڕ ڕادەستی داعش ناکەم، ئەوەبوو داواین لە جێگرەکەم کرد کە سەربە یەکەی (80) بوو خۆی و پێشمەرگەکانی پاشەکشێ بکەن ئەوانیش پاشەکشیان کردو بەجێیان هێشتم.
13 - داعش لەو کاتەدا پەلاماری داین و ئێمەش بەرگریمان کرد و داوام لە فەرماندەکانی (YPG) کرد هێزی زیاتر بێنن لەبەر ئەوەی هێزەکانی لای خۆمان لە پاشەکشێدان و خەلکی هاولاتیش لە سنووری شنگال بەڕێوەیە و داعشیش دەیهەوێ (ڕبیعە) بگرێ، (YPG) لەماوەیێکی کورت هێزەکانیان زیادی کردو هێزی ئاسایشی ڕۆژئاواش هاتن و گەیشتنە لامان.
14- سەرەتای ئاپۆڕای خەلکی شنگال گەیشتنە لامان و داعش بۆ جاری سێیەم پەلاماری داین و بەرپەرچمان دانەوە.
15- بۆ نزیکی عەسر هەڤالانی (YPG) گوتیان هێزی پێشمەرگە هەر نێوان (شنگال و ڕەبیعە) یان بەرنەداوە زانیاریمان هەیە کەوا نێوان (ڕەبیعەو سحێلا) شیان چۆل کردوە داعش لە سنووری (زوماڕ) بەرەو سنووری (سحێلاو ڕوژئاوا) بەڕێ کەوتون مەترسیمان هەیە داخلی ڕۆئاوا بن ئەو شوێنانە هێزی کەم لێیە ناچارین بڕۆین ئەو شوێنانە پڕکەینەوە گوتم ئێرەش هێزی کەمی لێیە من تەنها (27) کەسم لا ماوە سنوورەکەش زۆر بەرفرەوانە هەندێک هێزم بۆ بێلنەوە گوتیان باشە (10) YPG و (4) YPJ و دۆشکەیێکی (12 ملم) بە (85) فیشەکەوە بەجێ دێلین بۆت منیش ناچار ڕازی بوم.
16- ئەوان بەڕێ کەوتن و داعش پەلاماری داین (2) شەڕڤانی YPG شەهیدبون کە هەردوکیان کوڕو باوک بون خەلکی (#دێرک#) بون وە (2) شەڕڤانیش بریندار بون ئەوانی تر تەرمی شەهیدو بریندارەکانیان بردەوە ڕۆژئاوا ئێمە تەنها (4) شەڕڤانی (YPJ) بە دۆشکەیێکەوە لەلامان مانەوە.
17 - داعش لە ڕێگای شنگالیشەوە گەیشتن ڕێگەمان لێگرتن بەو هێزەکەمە دواتر لێمان سوڕان داخلی ناو (ڕبیعە) بون پشتمان گیرا بە تەواوی ئابلوقە دراین.
18- داوام له پێشمەرگەکان کرد فیشەکێک بێلنەوە بۆ ئەوەی خۆیانی پێ شەهید بکەن لە کۆتاییدا وە بەهیچ شێوەیێک خۆیان تەسلیم بە داعش نەکەن کە زۆربەیان پاسەوان و چوار کوڕو کەسوکارم بوون لەگەل هەندێک ئەفسەری خۆڕاگری یەکێتی.
19 - ئەم دۆخە زیاتر لە (7) کاتژمێری خایاند لەلایێک فشاری داعش زیادی دەکرد لەلایێک فشاری هەندێ کەس کەوا تاوانباریان دەکردم بەوەی پاشەکشێم نەکردوە تەنانەت یەکێکیان گوتی خەتای تۆیە گەمارۆ دراوین ئێستا دێم گولەیێکت لەکەلەی سەر دەدەم و دەتکوژم.
20 - فشاری داعش و گەمارۆ و دۆخەکە سات بەسات خراپتر دەبوو خەڵکی مەدەنیش دەمێک بوو دەرباز ببون ئینجا بڕیارم دا بەناو ڕەبیعەدا کە پڕ بوو لە داعش پاشەکشێ بکەین.
21 - لە ئوتومبیلەکانمان سەرکەوتین گوتم بەناو داعشدا دەڕۆین تەقەیان لێدەکەین ئەگەر لێماندرا سەیارەکانمان پەکی کەوت بەشەڕی کۆلان بەکۆلان خۆمان دەگەینینە ڕۆژئاوا (تەل کۆچەر) هەر کەسێکیش بریندار بوو شەهیدی کەن بەجێی مەهێڵن تەنانە ئەگەر خۆشم بوم منیش هەرکەسێک برینداربێ بەجێیناهێڵم بە برینداری ئەگەر کوڕی خۆشم بێ شەهیدی دەکەم، ئیتر بەڕێ کەوتین من خۆم سەیارەکەم لێخوڕی و پێشمەرگەکانیش لە جامی سیارەکان تەقەیان لە داعش کرد، (4) پێشمەرگە بریندار بون سێیان لەناو سەیارەکەی من یەکێکیش لە سیارەکانی تر بەشەڕ خۆمان گەیاندە ڕۆژئاوا.
22- شەڕڤانان بریندارەکانیان لێوەرگرتین و ڕەوانەی نەخۆشخانەی (دێرکیان) کرد لە کانتۆی جەزیرە و ئێمەش ماینەوە لەگەل شڕڤانان لە دەروازی (تەلکۆچەر) ی سنووری.
سەر ئەنجام توانیمان گیانی زیاتر لە (11000) یانزە هەزار برا ئێزیدیەکانمان ڕزگار بکەین لە کۆمەڵکوژی
تێبینی :
لەسەر پاشەکشە نەکردنم لەلایەن هەندێ بەرپرس چەندین جار لێپرسینەوەم لەگەل کراوە پێم گوتراوە دەبوایە فەرمانی سەروی خۆت جێەجێ بکەی.
گوتومە بەهۆی مانەوەمان ژیانی هەزاران ئێزیدی ڕزگاری بوە.
گوتویانە کێشە نەبو هەزاران ئێزیدی تێداچون با ئەو چەند هەزارەش تێداچوبانایە.
بەرپرسێک گوتبوی هیچم بەدەستبا (قادر خۆرانی) م لە سێدارە دەدا، ئێستا ئەو بەرپرسەو منیش نابەرپرس.
ئایا من هەقی لە سێدارەدانم هەیە یان ئەو ؟