نوسینی:#جەلال بەرزنجی#
لەبەرئەوەی هێشتا پەتای کۆڤید 19 لە خراپکردنی ژیان، ئابووری، دروێنەکردنی مرۆڤ و لەدەستدانی خۆشەویستانی هەزاران کەس لە سەرانسەری جیهان بەردەوامە، ڕەنگە هەرسکردنی تایتڵی ئەو وتارەم لای هەندێک لە خوێنەران سەخت بێت، بەڵام دڵنیام دوای ئەوەی مرۆڤ ئەو شەڕە لەو پەتایە دەباتەوە، زۆر کەس یادەوەریی هەردوو ڕووی ڕۆژانی ژێر کۆڤید 19 دەگێڕنەوەو لە هۆڵیۆد فیلمی لەسەر بەرهەمدێت.
لەو وتارەدا باسی هەندێک لەو شتە جوانانە دەکەم، کە دەرئەنجامی ئەو ڕەوشەن کە ئەو پەتایە دروستیکردوون.
یەک لەوانە هێنانەوە ماڵەوەی ئەندامانی خێزانە. کۆنسێپتی خێزان لە کولتوورێک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێ، بەڵام لە هەندێک شتی بنچینەیی، وەک پاراستنی یەکدی و پێکەوەبوون هاوبەشن. لەسەر ئەوە قسەکی جوانم لە ڕۆمانی
(The Godfather) گاد فازەر- العراب)ی نووسەری ئیتاڵی - ئەمریکی (ماریۆ پۆزۆ) کە ساڵی 1969 بڵاوبووەوە و ساڵی 1972 بووە فیلم بیرکەوەتەوە. لەو فیلمە هەردوو ئەکتەری بەنێوبانگ و هەڵگرانی خەڵاتی ئۆسکار (مارلین براندۆ) و (ئەلپەچینۆ) ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن. ئەو فیلمە چەندین خەڵاتی (ئەکادیمی ئەواردی) بردەوە. لە دەمی (گاد فازەر- مارلین براندۆ) دەڵێ: ئەو پیاوەی کات لەگەڵ خێزانەکەی بەسەرنەبات بەڕاستی پیاو نییە.
بەهۆی سەرقاڵی و جەنجاڵی ژیان، بەتایبەتی لە وڵاتانی پیشەسازی و بوونی شیفتی 24 سەعات ئیشکردن، دەرفەتی یەکتربینین و کۆبوونەوەی هەموو ئەندامانی خێزانی لەسەر یەک خوان و پەیوەندی گیانیی نێوانیانی بەرەو کاڵبوونەوە بردووە. ئەگەر هەریەکەمان سەیری ژیانی خۆمان بکەین دەبینین، پەتایەک ناچاری کردووین، جارێکی دیکە هەموو ئەندامانی خێزان لەو سەر زەوی، ئەوەی (ئەرمستڕۆنگ) لەسەر مانگەوە بە تۆپێکی بچووک و تەنیا وەسفی دەکات، لە ماڵەوە 24 سەعات پێکەوە بین و جارێکی دیکە لەسەر یەک خوان ژەمەکان بخۆین!.
سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی دەوڵەت و کۆبوونەوەکان لە ڕێگەی (زووم) پاشەکەوتکردنی کات، یەکێکی دیکەیە لە ئەنجامەکانی پەتاکە.
وەستانی فڕۆکە، شەمەندەفەر، ئۆتۆمبێل و کارگەکان، کە هەموویان لە پیسکردنی زەوی بەشدارن، وایکرد ژینگە، کە بە سییەکانی زەوی دەژمێردرێ، پشوویەک بدات. زیندەوەرەکان جارێکی دیکە هەوایەکی پاک هەڵدەمژنەوە.
راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، دابینکردنی نەخۆشخانە و پێداویستی تەندروستی بۆ ڕێگریی لە تەشەنەکردنی ئەو پەتایەو بەرزکردنەوەی دروشمی (تەندروستی هاووڵاتیان لە سەرەوەی هەموو شتێکە) لەلایەن حکومەتەکان و هەروەها خستنەبەردەستی یارمەتی دارایی لە هەندێک وڵات بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی کۆرۆنا کاریان لەدەستداوە کارێکی جوانە، وا لە هاووڵاتی دەکات حکومەت بە هی خۆی بزانێت.
پەتاکە وەک توخمێکی نوێ، هاتە ناو نووسین و گۆرانی، بۆ شکاندنی گۆشەگیرییە لە ڕێگەی ئەدەب و هونەر، لە هەمانکاتدا لە ماڵەوەبوونی نووسەر و هونەرمەندان، دەرفەتی ئەوەی خولقاند کار لەسەر پرۆژە ئەدەبی، هونەری و ڕۆشنبیرییەکانیان بکەن.
بە داخرانی دەرگای مزگەوت و کەنیسە و سەنەگاگ بە کەعبە و فاتیکانیشەوە، چاوبڕینە ئەو ئەزموونگانەی زانا و پسپۆڕەکان کار بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک دژی ئەو پەتایە دەکەن، وایکرد مرۆڤ لەکاتی تەنگانە، هیوای زیاتر بخاتە سەر زانست و فاکتەکان.
زیادبوونی داواکاری چالاکڤانانی بواری چەسپاندنی ئاشتی و دۆستانی ژینگە، بۆئەوەی سنوور بۆ ئەو هەموو پارەی لەو هەموو فڕنە ئەتۆمی و ئەزموونگەی چەکی بایەلۆژی خەرجدەکرێت دابنرێت، کە دەرکەوت لەگەڵ ئەو پەتایەی ناو هەوا، هێندەی دەمامکێکیان پێناکرێت.[1]