نوسینی: #ڤیان سڵێمان#
کۆڕۆنا وەک پەتایەکی ترسناکی سنووربڕی جیهانگیر سەرجەمی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە گیرۆدە کردووە، دەکرێ لەمەودوا کۆڕۆنا وەک جیاکەرەوەی نێوان دوو قۆناخی مێژووی مرۆڤایەتی بە سەردەمی پێش کۆڕۆنا و پاش کۆڕۆنا پۆڵێن بکرێ. ئەگەر لە پێش کۆڕۆنا باس لە جیهانگیری و نەمانی سنووری نێوان وڵاتان دەکرا، کۆرۆنا کارێکی وای کرد نەک وڵاتان سنوور بەڕووی یەکتردا داخەن، بەڵکو ئەو داخستنە لە نێو شارەکانی یەک وڵات و هەرێم و تەنانەت خودی ماڵەکانیشدا پێڕەو کرا.
ترسناکی ئەم پەتایە و خێرا بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی و ڕووبەڕووکردنەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ مەرگێکی تراژیدی، بووە بە هۆی تێڕامانی مرۆڤ لەوەی دەکرێت کۆرۆنا وەک وێستگەیەک بێت بۆ بەخۆداچوونەوەی مرۆڤەکان و پەرەپێدان بە دۆستایەتی و هاوئاهەنگی و گیانی هاوکاری یان بە پێچەوانەوە مرۆڤ پاڵ پێوە بنێ بەرەو زیاتر خۆویستی و خۆپەسەندی، بە تایبەت کاتێک ئەم پەتایە کارێکی وای کرد مرۆڤەکان سڵ لە یەکتری بکەنەوە و دورەپەرێزی و گومانبردن ببێتە پردی پەیوەندی نیوانیان،
خۆپارێزی کە بە واتای ئەوپارێزی، کۆمەڵگە، وڵات و ژیانپارێزیشە گرنگترین و سەرەکیترین ڕێنمایی پزیشکانە بۆ هاوڵاتیان و باشترین خۆپارێزیش زۆرترین مانەوەیە لە ماڵەکاندا، ماڵ لە سەرانسەری جیهاندا وەک پارێزراوترین شوێن خێزانەکانی تێدا کۆبووەو بەمەش کۆرۆنا جارێکی دیکە بیری هەموانی هێنایەوە کە ماڵ چەندە گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا. ماڵ وەک شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی مرۆڤەکان و پێکەوەبوونیان لە چوارچێوەی پەیوەندیی هاوبەشی و ڕێز و خۆشەویستی و نەوایەکی پڕ ئاسایش و هاوسەنگ لە ئەرک و ماف و بەرپرسیاریەتی دوور لە پەیوەندی فەرمی و پیشەیی.
ماڵ لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا پیرۆزی خۆی هەیە و گرنگی تایبەتی پێ دەدرێت.”هیچ شوێنێک وەک ماڵ نییە، لە هیچ کوێ ئاسودە نابی ماڵی خۆت نەبێ” و هی تریش لەو دەستەواژانەن کە بەردەوام بەرگوێمان دەکەوێت؛ هیچ نکۆڵی لەمانە ناکرێ و ماڵ لەوەش زیاتر گرنگەو ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ تێیدا پشو دەدا و دەحەسێتەوە، هەست بە سەربەخۆیی و خاوەنداری و ئازادی دەکات و پەیوەندییەکی ڕۆحی تەنانەت بە کەرەستە و دار و بەردی ماڵەکەش دەیبەستێتەوە. بەڵام هەموو جار و بۆ هەموو کەسێک بە تایبەت بۆ ئەو ئافرەتانەی کە بەهۆی چەندین بەها و بیروباوەڕی ڕەگەزسالاری ماڵەکانیان بۆ کراوە بە شوێنێک بۆ چەوسانەوەو ستەم و توندوتیژی یاخود سوکایەتی و بەکەم سەیرکردن و پەراوێزخستن، بەو شێوەیە نییە.
مینتاڵیەتی پیاوسالاری پاوانخواز بۆ هەر بابەت و پرسێک تێگەیشتنێکی هەیە و ئەو تێگەیشتنەش پیرۆزی وەرگرتوەو قبوڵکراوی کۆمەڵایەتییە، خێزان وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی و سەرەکیترین و گرنگترینیان بەشی شێری بەرکەوتوە لە پیڕەوکردنی ئەو تێگەیشتنانە، لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک چەمک دەکرێت بە پێوەر بۆ خێزان و دەبێت لە چوارچێوەی ماڵەکاندا پێڕەوبکرێن. هەموو ئیشوکارێکی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ دەخرێتە ئوستۆی ئافرەت و پیاو بەدەردەکرێ لەو کارانە. بەڵام کە دێتەسەر بڕیاردان و خاوەنداری ئەوە پیاو باڵادەست و خاوەن ماڵ و بڕیارە. کاتێکیش کە لە مافەکانی خۆی دێتەدەنگ ئەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەرونی و زارەکی و جەستەیی دەبێتەوە، ئەو شێوازە لە پەیوەندی ناتەندروست بۆ منداڵەکانیش دەگوازرێتەوە، دەسەڵاتی ڕەها دەدرێ بە کوڕی ماڵ بەوپێیەی کوڕ وەک هەڵگری ناونیشان و جێگری باوک و پارێزەری ڕەچەڵەکی خێزان وێنا دەکرێ. لێرەدا ماڵ ئەو شوێنە نابێ و کە لێی دواین و پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ ئەو وێنا ئایدیاڵییە کە بۆی دەکرێت، ماڵ ئەو دەزگایە نابێت کە سەرجەمی تاکەکانی تێیدا هەست بە ئازادی و خاوەنداری و شکۆ بکەن.ئەوکاتە ماڵ نەک هەر پارێزراوترین و ئارامترین و خۆشەویستترین شوێن نییە بۆ ئافرەت، بەڵکو نائارامترین و مەترسیدارترین شوێنە.
گۆڕینی ئەم کەشە بەوە دەبێت کە پەیوەندی ئافرەت و پیاو لە ژن و مێردەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی هاوژینی و هاوژیانی، ڕەنگە یەکەم هەنگاو بۆ ئەم گۆڕانکارییە لە ناندینی ماڵەوە دەست پێ بکات، کاتێک پیاو بڕوای بەوە هێنا چێشتکردن و ماڵداری هەر ئەرکی ئافرەت نییە بەڵکو ئەرکی ئەویشە، دواتر بڕوا بەوەش دەهێنێت کە بڕیارەکانیش هی هەردوو هاوژینە و دەبێت بە هەماهەنگی و تێگەیشتن بێت نەوەک خۆفەرزکردن و تاکڕەوی، چونکە ئەو شوێنە کە ماڵە شوێنی ژیانکردنی ئەو دوو مرۆڤەیە کە بڕیاریان داوە پێکەوە بژین و خێزانێکیان بونیاتناوە، لە پەروەردەوە دەست پێ دەکات دوور لە پەروەردەی ڕەگەزی و بەپەسەندزانینی ڕەگەزێک لە ئاست ڕەگەزەکەی دیکە؛ بەڵکو پێڕەوکردنی پەروەردەیەک لەسەر بنەمای مرۆڤسالاری و یەکسانی لە بەها و پلەدا بۆ ئەوەی تاکێکی نوێخواز و کراوە دوور لە هزری توندڕەوی و شەڕانگێزی و خۆپەسەندی پەروەردە بکرێ.[1]