#ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی#، ئامارێکیان لە ئەنجامی ڕاپرسییەک لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئاگاداربوونی هاوڵاتیان لە یاسای توندوتیژی خێزانی ئاشکرا کرد، کە تەنها 6٪ی هاوڵاتیانی هەرێم زانیارییان لە سەر ئەو یاسایە هەیە، هەروەها چەند ئامارێکی توندوتیژییان خستەڕوو.
ڕۆژی 21-06-2020، لە باخچەی عەبدوڵڕەحمان زەبیحی لە شاری #سلێمانی#، بۆ خستنەڕووی ئاماری توندوتیژی خێزانی لە ماوەی سێ مانگی کەرەنتینەدا، ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئامرێکی خستەڕوو.
شۆخان حەمە ڕەشید پارێزەر و ئەندامی ڕێکخراوەکە، لە کۆنگرەکەدا تیشکی خستە سەر دۆخی خێزانەکان بە تایبەت لە کاتی کەرەنتینەدا و ئاماژەی بەوەدا: لە ماوەی کەرنتینە، نەبوونی فەرمانگەکان و داخستنی دادگاکان وای کرودووە، بە دەیان کێشەی خێزانی دروست بێت.
شۆخان وتی: ناکرێت تەنها لە ڕووی خۆپارێزییەوە داوای چارەسەری بکەین، لە کاتێکدا کێشەی خێزانەکان لەم دۆخەدا ڕووی لە بەرزبوونەوەیە.
دواتر ئەنجامی ڕاپرسییەکی ئاشکرا کرد، کە لە نێوان تەمەنەکانی 14-50 ساڵ کراوە، تێیدا 6٪ی هاوڵاتیان بە هەردوو ڕەگەزەوە زانیاری تەواوییان لە سەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هەیە و 18٪یش دەزانن دادگای توندوتیژی خێزانیی هەیە.
هەر ئەو ڕاپرسییە دیاریکردووە، جۆرەکانی توندوتیژیی بەمشێوەیە بووە، 53٪ دەروونی، زیاتر لە 40٪ جەستەیی و زیاتر لە 6٪ سێکسی.[1]