هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندوویی لە بەرامبەر مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە خزمەتکردن و شەونخوونی بەردەوامن، وەک سەربازی وون چاونەترسانە بوونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەرکردنی هاوڵاتییانی #هەرێمی کوردستان# بە گشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی.
جگەلەوەی لەپاڵ ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەدا، چەندین حاڵەتی تووشبووی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆمارکراوە.
بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێ یەمین جار هێرشکراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، سەرەڕای هەڕەشە و سووکایەتی کردن بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە دواترینیان دوێنێ شەو بوو.
لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان مولکی گشتین و شوێنێکی پیرۆزن، چونکە ڕۆژانە بە هەوڵ و ماندووبوونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی چەندین کەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان. بۆ ئەم مەبەستە داوا لە وەزارەتی ناوەخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە ڕووداوێکی لەم جۆرە و وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە کە بەناحەق دەکرێتە سەر پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان.
لەکۆتاییدا داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵچوون و هەموو کارێکی ناشارستانی و نایاسایی و لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین ئارامی زیاتر و ڕوحی مرۆڤدۆستانە بنوێنن وە هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان لە ڕوانگەی هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی و فریشتە ئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دان کەئەمەش سەروەتێکی گرنگی نیشتیمانی یە لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
21 حوزەیران 2020
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 2,811 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!