عەبدوڵڵا حەمە ساڵح، ناسراو بە (خاڵە عەبە یان عەبەی تەمە) یەکێک لە هونەرمەند، ئەکتەرە ناسراوەکانی بواری نواندنە لە شاری #سلێمانی#.
بنەماڵەی خاڵە عەبە، لەگەڵ ئەوەی لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سلێمانین، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی پۆلیس بووە، هەوارگەیان هەر ساڵێک گواستوەتەوە بۆ ناوچەیەک، هەر یەک لە خوشک و براکانی لە شوێنێک لە دایکبوون و خاڵە عەبەش وەک خۆی دەڵێت، بەر ناوچەی #بەرزنجە# کەوتووە و لە زستانی ساڵی 1950 لەوێ لە دایکبووە.
هەر لە تەمەنێکی کەمەوە دایک و باوکی لە دەست دەدات و لە لای ژنی دووەمی باوکی گەورە دەبێت، کە وەک خۆیی باسی دەکات لە دایک ئازیزتر و باشتر بووە بۆیی و توانیویەتی بە شێوەیەکی باش پەروەردەی بکات، تەنانەت تەمە کە نازناوەکەیەتی لە دایکی دووەمی بۆیی ماوەتەوە و لەلای زۆربەی خەڵک بە عەبەی تەمە ناسراوە.
خاڵە عەبە، چەند جارێک بە هۆی بارودۆخی سیاسی لە خوێندن دابڕاوە، دواتر لە ساڵی 1960 و لە تەمەنی منداڵیدا دەچێتە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە، بەڵام بە هۆیی تەمەنی کەمیەوە وەرناگیرێت و دەگەڕێتەوە لە دوای خوێندن و تێپەڕاندنی چەند قۆناغێک لە ساڵی 1970 دەست بە کاری هونەری دەکات و یەکەم بەشداری کردنیشی لە بەرهەمی (چەم بێ چەقەڵ نابێت) بوو و دواتریش بەشداری لە چەندین کاری وەک #چەخماخە#، لانەوازان، تیپی #هاوڕێیانی گەزیزە#، بەرنامەی بەرنامە و چەندین کاری دیکە کردووە.
لە کاتی پێشمەرگایەتیدا و لە ساڵی 1974 لەگەڵ یەکێک لە هاوخەباتەکانی هاوسەرگیری دەکات و دەبنە دایک و باوکی دوو کوڕ و کچێک بە ناوەکانی (گۆران، ئالان و شۆخان)، کە ماوەیەک لە شاخ دەمێننەوە و چەند ساڵێکیش ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و لە شاری #سەقز# نیشتەجێ دەبن، پاشان دەگەڕێنەوە و بۆ هەمیشە لە سلێمانی دەگیرسێنەوە، لە ساڵی 1996 بەدواوە کۆلێژی سەربازی تەواوکردووە و بووەتە ئەفسەر لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە و چەند ساڵێک بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەداغ بووە.
باشوری کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرە دراماکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام زۆرینەی ئەو زنجیرە درامایانەی ئێستا نەیانتوانیوە تا ئاستێکی باش جێگای خۆیان بکەنەوە و ببنە بەشێک لە بیرەوەری خەڵک.
بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە (بەرنامەی بەرنامە) کە بەرنامەیەکی کۆمیدی تەنز ئامێزبوو لە کەناڵی خاک تیڤیەوە لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەش دەکرا و چەند هونەرمەندێکی کورد لەوانە هونەرمەند خاڵە عەبە ڕۆڵیان تێدا دەبینی، دەبینین تائێستا چێژ و کاریگەرییان لە ناو خەڵکدا ماوە، هونەرمەند عەبدوڵا، دەربارەی ئەو بەرنامەیە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە لەو کاتەدا کە کارێکمان دەکرد لە زۆر ڕووەوە پێداچوونەوەمان بۆ دەکرد و پرسمان بە شارەزایان دەکرد، بە تایبەت ئەوەی کە بابەتەکە دەبێت ڕەنگدانەوەی ژیانی خەڵک بێت و هەرواش بوو.
ئەو هونەرمەندە باسی لە هونەرمەندی ڕەسەن و کاریگەر کرد، کە دەبێت خاوەن فکر بێت، وتی: یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە ئەگەر هونەرمەند پابەند نەبێت بە خۆیەوە و بیرێکی نەبێت، لە بۆشاییدا دەخولێتەوە و ئەمەش پەسەند نییە، چونکە ئەگەر فکر و ئامانج گونجاو بوو ئەوا خەڵکیش سودی لێوەردەگرێت، بۆیە هونەر فەلسەفەیەکی مرۆییە و ناتوانێت لێی دابڕێین و ئێمە قوربانی زیاترمانداوە تا بتوانین بە باشی هونەرەکەمان بگەیەنین، لەمڕۆژەدا جیاوازی زۆرە ئەوەی توانای هەیە پێویستییەکانی نییە و هەشە بە پێچەوانەوەیە.
هاوکات لە بارەی ئەو زنجیرە درامایانەی کە پەخش دەکرێن و بەشێکی ژیانی خەڵکیان داگیرکردووە، ڕەخنەی لە کەناڵەکان گرت: ئەم کەناڵە تەلەفزیۆنانە تەنها ئامێرێکی ئاسایی نییە بەڵکو ئەگەر بە عەقڵێکی هۆشمەندانە بەرنامە بڵاو نەکرێتەوە ئەوا کۆنتڕۆڵی فکری مرۆڤەکان دەکرێت، بە تایبەت ئەم جیلە نوێیە کە بەرە و هەڵدێر دەبرێن نەک ئەوەی سەر بخرێن، بۆیە دەبێت لە ژێرهۆشی نەریتی کۆمەڵایەتی خۆمان دەرنەچین، نەک ئەوەی پێش نەکەوین با پێش بکەوین بەڵام بە ناوەرۆک، ئەم ئەرکەش دەکەوێتە سەرشانی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی ئەم وڵاتە کە فریا بکەون، بەڵام ئەگەر بێدەنگ بن نیشانەی کۆتایی هاتنە.
ئەو هونەرمەندە لە کۆتایشدا وتی: من ناتوانم بڵێم هونەرەکەم جیایە لە خاک و کێشەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگاکەم، مەحاڵە مرۆڤ دابڕێت لە خاک و نەتەوە و ئێمە ئەگەر شتێک بکەین بۆ نەتەوەیە، بە تایبەت ئەوەی کە ژیان هونەرە و ئەوەی بزانێت باش بژی هونەرمەندە.
خاڵە عەبە، لە ساڵی 2012ەوە خانەنشین کراوە و ئێستا زۆرینەی کاتەکانی لە ماڵ و سەردان کردنی هاوڕێیان، کتێب خوێندنەوە و دانیشتن لە چایخانەی شەعب بە سەر دەبات.[1]