دیلان دایکی منداڵێکی سێ ساڵانە، لەسەر شەقامێکی گەڕەکی #بەختیاری# لە #هەولێر# عەرەبانەیەکی داناوە و ئێواران لە کاژێر 07:00 تاوەکو 12:00ی شەو شەربەتی جۆراوجۆری سرووشتی دەفرۆشێت. دەڵێت ئەم کارەی من دەیکەم هەم بۆ بژێوی خۆمە، هەم شتێکی باشیش دەدەمە خەڵک کە سرووشتیە و سوودی بۆ تەندروستیان هەیە.
دیلان و مەسعود دوو هاوژینی هەولێرن و چوار ساڵە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، دوای ئەوەی مەسعود کارەکەی لە دەستدەدات، هاوژینەکەی بڕیاردەدات ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەی بگرێتە ئەستۆ و لەسەر عەرەبانەیەک شەربەتی سرووشتی بفرۆشێت.
دیلان بەوە دەناسرێتەوە کە هەمیشە جلوبەرگی کوردی دەپۆشێت. سوپاسی شارەوانیی هەولێر و خاوەنی ئەو زەوییە دەکات کە ماوەی ساڵێکە بێبەرامبەر ڕێگەی پێداوە لەسەر ئەو شەقامە کار بکات.[1]