ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر کشتوکاڵ، بازرگانیی سنوورەکان، گەشتیاری و بە ڕێژەیەکی کەم پیشەسازی و بەرهەمهێنان دامەزراوە، چوار مانگە هەموو ئەو بەشانە لەژێر کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنادان و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە، ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەریی زیاتر دەکاتەسەر هەریەک لەو بەشانە.
پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش، ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەیەکی ئابووریی گەشەسەندوو و سەقامگیر نەبوو، بەڵام کۆرۆنا لەگەڵ خۆی گرانی زیاتر، زیاتربوونی ڕێژەی بێکاری و بەرزبوونەوەی هەژاریی هێناوە؛ بەشێک لەو کرێکارانەی لە یەکە ئابووری و پیشەسازییەکاندا کاریان دەکرد، کارەکانیان لەدەستداوە، زۆربەی کرێکارانی ڕۆژانە بێکاربوون و بەشێکی زۆر لە کەرتەکانی خزمەتگوزاریش پەکیان کەوتووە.
کۆرۆنا لە پارێزگای #ورمێ# 2.7 تریلیۆن تمەن زیانی بە کەرتی گەشتیاری، خزمەتگوزاری و پیشەسازی گەیاندووە، تەنیا لە بەشی گەشتیاریدا زیاتر لە 40 ملیار تمەن زیانی بەرکەوتووە. لە پارێزگای #سنە# زیاتر لە 72%ی دووکان و کەرتە بازرگانییەکان بەر زیانی کۆرۆنا کەوتوون و 60%ی کرێکارانی بیناسازی، پیشەکانیان لەدەستداوە، تەنیا لە بەشی پیشەسازیی دەستیدا هەشت ملیار و 500 ملیۆن تمەن زیانی هەبووە.
لە پارێزگای #لوڕستان#یش ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی زیانی 60 هەزار یەکەی ئابووری و بەراوردی زیانێکی 700 ملیار تمەنی دەکرێت لە کەرتە پیشەسازییەکانی ئەو پارێزگایە درابێت؛ تەنیا لە بەشی کشتوکاڵدا، 97 ملیار تمەن زیان بەر جووتیارانی لوڕستان کەوتووە.
لە پارێزگای #کرماشان# دوو ترلیۆن تمەن زیان بە کەرتەکانی گەشتیاری و پیشەسازی کەوتووە و زیاتر لە 25 هەزار کرێکار لەو پارێزگایە بێکار بوون. لە پارێزگای #ئیلام#یش زیانێکی 216 ملیار تمەنی بەهۆی کۆرۆناوە هەبووە، تەنیا لە بەشی گەشتیاریدا کە یەکێکە لە سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو پارێزگایە، زیاتر لە 170 یەکەی گەشتیاری داخستووە.
بەهۆی پابەندنەبوونی خەڵک بە ڕێنماییەکان و لاوازیی کەرتی تەندروستی، ئاماری قوربانیان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروا لە هەڵکشاندایە. بۆ پێشگرتن لە زیاتربوونی قوربانیان، بەرپرسانی حکومی لە بیری دانانەوەی ڕێکارەکانی کۆنترۆڵدان و لە هەندێک شوێنیش قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی شوێنە گەشتیارییەکان دەستیپێکردووەتەوە.[1]