یەکەم ئەزمونی کارکردنم لە دامەزراوەیەکی راگەیاندندا
هێرش رەسوڵهێرش رەسوڵ
پێموایە، یادکردنەوەی یەکەم ئەزمونی کارکردن و چونە نێو بوارێک لە نزیکەوە و بە شێوەی کرداریی، دوای تێپەڕوبوونی چارەکە سەدەیەک، کارێکی شایان و بەجێ دەبێت.
نایشارمەوە، کاتێک کەشی ناو بارەگای رادیۆ و دواتریش ستۆدیۆم دی، سەرباری موچڕکەی خۆشیی، ترسێکیش دایگرتم. ئاخر ناهەقیشم نەبو، من پێشتر لە ئامێری رادیۆوە زۆر گوێم لە هەواڵ و بەرنامە و شیعر و پەخشان و چیرۆک و موزیک و گۆرانیی ببو، دەیان خەیاڵی سەیروسەمەرە سەبارەت بەو ئامێرە لە کەللەسەرمدا چەکەرەیان کردبو. پرسیاری سەیر بە مێشکمدا دەهاتن:
داخۆ دەبێ ئەو بێژەرە چۆن چوبێتە نێو ئەو رادیۆ گچکەیەوە؟!
ئاخر ئەو تیپە موزیکە و گۆرانیبێژانە چۆن جێیان بۆتەوە؟!
بە هۆی کتێبخانەکەی کاکمەوە (محەمەد رەسوڵ موڕاد)، ئێمە هەر لە منداڵییەوە دەرفەتی زێڕینی ئاشنابونمان بە کتێب و شیعر و چیرۆک و رۆمان بۆ رێککەوتبو. هەروا خوێندنەوەی رۆژنامە و گۆڤارەکان، کە ئەو بەردەوام ئیشتیراکی هەبو. یەکێک لەوانە یەکەمین رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕین (کوردستانی نوێ) بو. ئەوکاتە ئەو رۆژنامەیەش، هەفتانە و لە رۆژانی هەینییدا پاشکۆیەکی تایبەتی بۆ منداڵان و دنیا جوانەکەیان دەردەکرد، ناوی (پەریستان) بو.
من و (هیوا و هێمن)ی براشم، کە لە خۆم گەورەتر بون، هەفتانە بە تاسەوە چاوەڕێی ئەو نیشتمانە جوان و ئەفسوناوییەی پەرییان بوین. دواتر، بڵاوکراوەی تریش تایبەت بە جیهانی منداڵان، رەگەڵ کاروانی رۆژنامەنوسیی کوردیی کەوتن و، لەو دەمەی لە زۆر پێداویستیی دنیای منداڵییمان بێبەشبوین، شیعر و چیرۆک و وێنە و بابەتە رەنگاوڕەنگەکانیان، لەگەڵ کتێبی شیعر و چیرۆکی منداڵان (لەتیف هەڵمەت، کاکەی فەللاح، ... تاد)، تاڕادەیەک تینوێتییان دەشکاندین. لەوانە، گۆڤارەکانی (پەڕەسێلکە، پەپولە، هەنگ، جگەرگۆشەکان، ... تاد) بون. ئەوەی بیریشم مابێت، ئەوانەی لەو بڵاوکراوانەدا ناویان وەک سەرنوسەر یان سەرپەرشتیار و دەستەی نوسەران هاتبو، ئەمانە بون: (مەولود ئیبراهیم حەسەن، هەڵگورد عەبدولوەهاب، ئیدریس لاوە، یاسین قادر زڕگوێزیی، ... تاد).
هەر لەو سەروەختەدا، کە منیش وردە وردە تەمەنم هەڵدەکشا و خەریک بو قۆناغی (سەرەتایی)ی خوێندن بەجێبێڵم، لە تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان (یەکەمین تەلەڤزیۆنی کوردیی راپەڕین)/ کەناڵی
سلێمانیسلێمانی، کە پەخشەکەی دەگەیشتە
رانیەرانیەش، سەرەتا ئێواران ماوەی منداڵان هەبو، دواتریش بەرنامەیەکی جوان، کە لە پێشکەشکردنی (کیژێ ئازاد) بو. من بەردەوام تەماشای ئەو بەرنامەیەم دەکرد، بڕگەکانیم زۆر بە لاوە سەرنجڕاکێش بون.
خۆیشم، کە هەوڵی نوسینی شیعر و چیرۆکی منداڵانم دەدا، حەزم لە کاری رۆژنامەنوسیی بو (هاوینی ساڵی پێشتر لە خولێکی تیپی هونەری هەنگاو تایبەت بە هونەری رۆژنامەنوسیی بە سەرپەرشتیی رۆژنامەنوس حەسیب پشدەریی بەشداریمکردبو)، هەروا لە زوەوە بەهرەی وێنەکێشانیشم هەبو (با وردەکاریی حیکایەتی ئەمانە بۆ دەرفەتێکی دیکە بێت)، خەونم بەوەوە دەبینی رۆژێ لە رۆژان بەرنامەیەکی لەوجۆرە پێشکەش بکەم.
لە ماڵەوە دادەنیشتم، بە سودوەرگرتن لە بابەتی کتێب و رۆژنامە و گۆڤارەکان و نوسینەوەیان، بەرنامەی مبداڵانم ئامادەکرد، ئینجا کورسییەکم بەرامبەر مێزی تەلەڤزیۆنەکە دادەنا و سەیری شاشەی تەلەڤزیۆنە کوژاوەکە دادەنیشتم و دەستم بە پێشکەشکەشکردنی بەرنامەکەم دەکرد. ئیتر شیعر و چیرۆک و مەتەڵ و بابەتی جۆراوجۆرم دەخوێندەوە، هەروا نمایشم دەکرد.
ئەو نوسین و خوێندنەوە و نمایشە درێژەی کێشا، هەر ئەوەندەم زانی چەند بەرنامەیەکم بە بڕگەی جیاوازی منداڵان بە سودوەرگرتن لەو کتێب و رۆژنامە و گۆڤارانە، دیارە بە نوسینی وتەی سەرەتا و پێشەکیی و پاشەکیی خۆم و نێوان بڕگەکان، ئامادەکردوە.
رێک 25 ساڵ لەمەوبەر، کۆتایی نیسانی 1995 بو، هێشتا تەمەنم نەببوە 13 ساڵ، تازە لە پۆلی یەکەمی ناوەندی کۆنمرەی وەرزی دوەممان وەرگرتبۆوە، خۆشبەختانە من بەخشراوی گشتیی (معفو عام) بوم، بۆیە یەکسەر دەرچوم بۆ پۆلی دوەم و ئیتر تاقیکردنەوەی سەری ساڵم نەما، دەرفەتی زیاتری چێژوەرگرتنم لە خوێندنەوە و یاریکردن و تەنانەت ئیشکردن هەبو لەو پشوەدا (هەوڵدەدەم لە کاتی تردا بیرەوەریی ئیشکردنم لە منداڵییدا بە تایبەت لە پشوی هاویندا بگێڕمەوە). ئەوکاتە، تەنها ساڵێک دەبو (رادیۆی دەنگی مەڵبەندی راپەڕین) دامەزرابو (کە لە 1994/5/2 و لە ساڵیادی راپەڕینی 2ی ئایاری 1982ی خەڵکی رانیە کرابۆوە)، کاک (عەبدوڵڵا تەها) کە یەکێک بو لە دامەزرێنەرانی ئەو رادیۆیە و یەکەم بێژەری بو، لە بەختی مندا جگەلەوەی تێکەڵ و ناسیاوی کۆنمان بون، دراوسێ دوکانیشمان بون لە شەقامی (سەید عەلی)، بۆیە رۆژێک بە خەیاڵم داهات نمونەی بەرنامە ئامادەکراوەکانم پێشانی کاک عەبدوڵڵا بدەم و باسی هەندێ بەهرەی خۆمی بۆ بکەم، دواتریش شەرمنانە لێی بپرسم: رێگەدەدەن بەرنامەی منداڵان لە رادیۆکەتان ئامادە و پێشکەش بکەم؟
بۆ نا؟ بە خۆشحاڵییەوە. بەڵام دەبێ سەرەتا رەزامەندیی بەڕێوەبەری رادیۆ وەربگرین. ئەو بە هاندان و پشتگیرییەکی زۆرەوە، وەڵامیدامەوە.
زۆر شادمان بوم، هاوکات زۆریش دودڵ. ئەوکاتەم لێنەدەڕۆیشت. دەمگوت: دەبێ بەڕێوەبەر بەوە قایل بێ من بچمە رادیۆکەی و خەونەکەم لەوێوە بهێنمەدیی؟. ئاخۆ دەبێ خەڵکیش وەک ئەو بێژەر و پێشکەشکارانە گوێیان لە دەنگی من بێت؟ چەندین پرسیار و داخۆ و ئاخۆی دیکە...
بۆ رۆژی دواتر، زوتر لە رۆژان لە خەو هەستام و چاوەڕێی بابم بوم، تاکو بچینە دوکان و وەڵامی پرسیارەکانم وەربگرمەوە.
هەر لە دورەوە دوکانە گچکەکەی کاک عەبدوڵڵام دی بە داخراویی، کەمێک خەمبار بوم. ئاخر من چاوەڕێ بوم زو وەڵامم بدرێتەوە و ئیتر دەست بە بەرنامەکە بکەم!
دوای ماوەیەک هات و یەکسەر چومە لای. بزەیەکی کرد و گوتی: قسەم لەگەڵ کاک سەربەست جیهاد کرد، بیرۆکەکەی پێ باش بو، بەڵام ویستی خۆیشی لە نزیکەوە بتبینێ و دواتر دەنگ و خوێندنەوە و ئەداکردنیشت تاقیبکەنەوە.
منیش یەکسەر رامکردە لای بابم، ئەویش قایل بو. نەک هەر ئەوە بەڵکو زۆر هانیدام و زیاتر رەگی بڕوابەخۆبونی تێدا داکوتام. تەنها گوتی: خوێندنەکەت لەبیرنەچێ و، نەهێڵی هیچ شتێک کاریگەریی خراپی لەسەر دانێ.
ئیدی، بۆ پاشنیوەڕۆ، بە کۆمەڵێ کاغەزەوە، لەگەڵ کاک عەبدوڵڵا چومە رادیۆ و کاک سەربەست جیهاد و هەندێ لە کارمەندەکانم دیتن.
پێشتر، چەند جارێک کاک سەربەستم لە ماڵی خۆمان دیبو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تریدا هاتبونە لای بابم. واتە لەگەڵ باوکمدا دۆستایەتییان هەبو. بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە، رۆژێ لە رۆژان بۆ تاقیکردنەوەیەک لەبەردەم ئەو پیاوە پرچ ماشوبرنجە چاویلکە لە چاوە خۆم دەبینمەوە.
ئەو، بەو تەمەنەی خۆیەوە، بەو پێگە کارگێڕیی و رۆشنبیریی و حزبییەی خۆیەوە زۆری بەخێرهێنام و گەلێک هانیدام.
راستییەکەی، ئێمە سەرەتا لە بەرنامە رۆژانەییەکەمان (رەنگاڵە) بڕگەیەکمان بۆ منداڵان هەبو، دواتر دو هەفتەیەک دەبێ کردومانەتە بەرنامەیەکی هەفتانە و شیرین (مەبەستی شیرین محەمەدی بێژەر بو) پێشکەشی دەکات، بەڵام کە تۆ بتوانی، ئەوا لەمەودوا تۆ پێشکەشی بکە. ئەو وایگوت.
وەڵا ئەگەر بەڕێزتان رێگەبدەن، نەک پێشکەشکردن، لە خۆم رادەبینم ئامادەشی بکەم. بە بڕوابەخۆبونێکی زۆرەوە، وەڵامم دایەوە.
بە بیستنی ئەمە، بزەیەک کەوتە سەرلێوی. بە کەمێک سەرسوڕمانەوە پرسی: باشە هێرش گیان، بەڵام چۆن؟!
منیش بێدودڵیی و وەستان، وەکئەوەی چاوەڕێی ئەو رستەیە بوبم، کۆمەڵە کاغەزەکەم خستەسەر مێزەکەی بەردەمی. فەرمو، ئەمە چەند نمونەیەکە، خۆم لە کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکانەوە ئامادەمکردوە. بەوپەڕی رێزەوە وامگوت.
یەکسەر دەستی بە خوێندنەوە کرد، تاڕادەیەک زۆربەی بڕگەکانی خوێندنەوە. قەڵەمە شینەکەی لە گیرفانی کراسە شینە کاڵەکەی دەرهێنا و هەندێ شتی رەشکردنەوە (کوژاندنەوە) و هەندێ شتی دیکەی نوسی. نەمزانی چییە. شەمیشم دەکرد لە شوێنی خۆم هەستمەوە و لە کاغەزەکان بڕوانم.
زۆر پێم باشە. زمانەکەشتم پێ جوانە. تەنها سەرنجێکم هەیە، ناوی بەرنامەکە با (جیهانی منداڵان) بێ، نەک (باخچەی منداڵان)، لە زۆربەی شوێنەکانیش گۆڕیم. وایگوت.
منیش، بە دەم وەرگرتنەوەی کاغەزەکان، بە گەرمیی سوپاسمکرد.
ئینجا گوتی: ئەوە لە توانای نوسین و ئامادەکردنت دڵنیابوین، بەڵام دەبێ بزانین دەنگ و خوێندنەوەشت چۆنە؟، دوایی بڕۆ لای حەبیبە (مەبەستی حەبیبە عەزیز بابانی دەرهێنەر بو)، بۆ ئەوەی تێستت بکات. ئەوەی گوت و لەگەڵ ئەو یەک دو کارمەندەی رادیۆ کە لە ژورەکە بون، دەستی بە گاڵتەوگەپ کردەوە.
هەمو بەرنامەکانی رادیۆی دەنگی مەڵبەندی راپەڕین لەوکاتەدا راستەوخۆ بون، بە دەگمەن بەرنامەی تۆمارکراوی هەبو. بەرنامەکانیش زۆربەیان یەکێک ئامادەیدەکرد و لەلایەن بێژەر و پێشکەشکارانی رادیۆوە دەخوێنرانەوە.
حەبیبە خان، کە دواتر بە رەسمیی بوە دەرهێنەری بەرنامەکەم، تێستیکردم. لە شوشەی دیواری نێوان ستۆدیۆ و کۆنتڕۆڵەوە کاک عەبدوڵڵا و چەند کارمەندێکی تریش تەماشایاندەکردم. سەرەتا دەست و لاق (قاچ)م دەلەرزین. ترس و شەرمم هەبو. بەڵام سوربونم لەسەر بەدیهێنانی خەونەکەم، باڵای بڕوابەخۆبونی بەرز و بەرزتر کردم. چەند جارێک چەند پەرەگرافێکی جیاوازم خوێندەوە. وردە هەڵەم هەبو، بەڵام بە گشتیی پێیان باش بو.
ئافەرین هێرش گیان، زۆر باش بوی، بەر لە پێشکەشکردنی هەر بەرنامەیەک، بڕگە و بابەتەکان چەند جارێک بخوێنەوە و پڕۆڤەی چاک بکە. کاک عەبدوڵڵا تەها ئاوا ئامۆژگاریی کردم.
راستەوخۆ بە دوای ئەویشدا، حەبیبە خان روی تێکردم: دەستخۆش، لە خوێندنەوەدا پەلە مەکە و ئەگەر هەڵەشت کرد، ئاساییە، بڵێ ببورە و راستی بکەوە.
سەعات هەشتی سەرلەبەیانیی یەکەم هەینیی دوای ئەوبرۆژە، یەکەم زنجیرەم لە بەرنامەی (جیهانی منداڵان) لە ئامادەکردنی خۆم، پێشکەشکرد. ئیتر وردە وردە رۆژەکانی تری هەفتە سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرنامەی نوێ دەبوم، سەرەتا پێشانی کاک سەربەست جیهادی بەڕێوەبەرم دەدا، دواتریش کاک هەمزە گوڵانیی (کە دوای کاک سەربەست بوە بەڕێوەبەری رادیۆ)، ئەوانیش دڵسۆزانە سەرنجەکانییان پێدەگوتم. دواتر گوتیان ئیدی پێویستناکات بۆ ئێمەی بهێنی.
بەرنامەکە، چوە سەر رێڕەوی خۆی. هێدی هێدی گوێگری زۆری بۆ خۆی پەیداکرد. بڕگە و گۆشەی نوێم بۆ سەربارکرد. جار جار دیدارم لەگەڵ منداڵی زیرەک و بەهرەمەندیشدا دەکرد، بە تایبەت دوای تەواوبونی ساڵی خوێندن، بانگەوازمان دەکرد کە بێنە رادیۆ و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا سازدەکەین.
جا نەک تەنها لەنێو منداڵان، بەڵکو لەنێو گەورەساڵانیش بیسەری زۆری پەیداکرد، چونکە پاش ماوەیەک لە کاتەکەی لە نیو سەعاتەوە بوە سێ چارەگە سەعات، بڕگەیەکی پازدە خولەکییم لە کۆتاییدا بۆ زیادکرد بە ناوی (میوانداریی)، کە تێیدا چاوپێکەوتنم لەگەڵ خەڵکانی دیار و بە ئەزمون لە بوارە جیاوازەکاندا دەکرد تاکو بیرەوەریی شیرین و تاڵی منداڵییان بگێڕنەوە.
بڕگەکە، رێک بە ناو و ناوەرۆکەوە لاسایی بڕگەیەکی بەرنامەی منداڵانی (تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان) بو، بەڵام لە راگەیاندنی بیستراو و ئێزگەیەکی ناوخۆیی (لۆکاڵیی) و بە میوانداریکردنی ئەو ئازیزانەی کە نەدەگەیشتنە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکە.
ئەوەی لەو گۆشەیەدا میواندارییم کردن، ئەم بەڕێزانە بون: (سەربەست جیهاد، مام تۆفیقی مەلا سدیق _رۆحی شاد_، د.خەسرەو مام قادر، م.عەلی حەمەد بەگ، مستەفا سەلیم، فەخری خان، ئیسماعیل راجی، ئارارات ئەحمەد، حسێن مەحمود، ئەسعەد حەمەعەلی _رۆحی شاد_، ئاشتی حەمەعەلی، کاوە مام قادر، چیمەن محەمەدڕەشید، پەیمان خان، م. پەری مام رەسوڵ، م. ئیلهام، سەڵاح جەمال/ بانق، جەمال مەلا، حەمید عەبدوڵڵا، ئیبراهیم ناودەشتیی، عەبدوڵڵا تەها، هێمن عەبدوڵڵا، م. جەعفەر عەلی، م.محەمەد خەلیل _رۆحی شاد_، م.ئیسماعیل شێخ مستەفا، ئەحمەد بچکۆل، ئیبراهیم حەوێز، گوڵە خان، ئەرسەلان حەسەن، کاوسێن بابەکر، بەکر سدیق، ... تاد).
[ئەگەر ناوی کەسێکم بیرچوبێت، داوای لێبوردن دەکەم، چونکە راستییەکەی، ئەرشیڤەکەم لە 31ی ئابی 1996دا فەوتا، لێرەشدا زیاتر پشتم بە یادەوەریی خۆم و هەندێ هاوڕێم بەستوە، بۆیە ئەوەی بیرم چو دەکرێ پێم بڵێن، تاکو زیادی بکەم.]
دەبێ ئەوەش بڵێم، زۆر سود و چێژم لە ئامادە و پێشکەشکردنی بەرنامەکە دەبینی. هەرچەند وەک خوێندکارێکی منداڵ لە شیرینیی خەوی رۆژانی هەینیی دەکردم، بەڵام زۆر تایبەت و خۆشەویست بو. بۆیە تا گەیشتمە قۆناغی (ئامادەیی)یش هەر خۆم پێشکەشم دەکرد، دواتر شەرمم دەکرد، پێموابو ئیتر گەورە بوم و نابێ چیتر دەنگی من لە بەرنامەیەکی منداڵانەوە ببیسترێ! ئینجا تەنها ئامادەمدەکرد و، منداڵێکی ژیکەڵە و وریا بە ناوی (مەبەست یاسین عوسمان) پێشکەشیدەکرد، کە خوشکەزای کاک هونەر جەلالی کارمەندی رادیۆ بو، دوای ئەویش منداڵێکی تری رۆحسوک و زیرەک بە ناوی (جوان ئەنوەر رەسوڵ) کە ئەویش لە خێزانێکی رۆشنبیر بو.
دیارە جگە لە بەرنامەکە، رادیۆ بە گشتیی بۆ پێگەیاندنی من قوتابخانە بو. رۆژانە یان چەند رۆژێک جارێک سەردانیم دەکرد. گوێم لە گفتوگۆ رۆشنبیریی و مەعریفییەکانی بەڕێوەبەر و کارمەند و میوانەکانی دەگرت. کتێبم لێی دەخواست. زیاتر لێیەوە فێری خوێندنەوە و تێفکرین بوم. هەربۆیە یەکێک لە کتێبەکانی خۆمم (میدیا و دەسەڵات) پێشکەشی ئەو رادیۆیە کردوە.
لێرەوە رایدەگەیەنم، خۆم بە قەرزداری هەر کەسێک دەزانم کە بە وشەیەکیش بوبێ لەو هەنگاوە سەرەتایەم و ئەزمونە گچکەیەم هاوکارییکردم. هەمو ئەوانەی دەستیانگرتم، هانیاندام.
د.خەسرەو مام قادر بەرپرسی ئەوکاتەی بەشی راگەیاندنی مەڵبەند، بەڕێوەبەرە جیاوازەکان و تەواوی ستافی یەک لەدوایەکی رادیۆکە، رۆشنبیرانی ناوچەکە، ئەو میوانانەی دەهاتنە رادیۆ، باوکی ئازیزم (کە جگە لە پشتیوانییە گەورەکەی، زۆرجار لە هەندێ بڕگەی تایبەت بە یاریی و مەتەڵ و دەقی فۆلکلۆریی کوردیی کۆمەکی دەکردم)، دایکم، خوشک و براکانم، هاوڕێکانم بە تایبەت کاک سدیق عەلی.
هەروا بەڕێزان (ئەحمەد سەپان، ئەسعەد حەمەعەلی _رۆحی شاد_) ئەوکاتە دیداریان لەگەڵدا سازکردم و لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاویانکردەوە، هاندانێکی گەورە بو بۆ من.
ئێستاش شانازیی بەو رۆژانەوە دەکەم
دەیان بڕوانامە و وانە و کتێب و توێژینەوەی دیکەشم هەبن هەر (هێرش رەسوڵ)ەکەی بەرنامەی (جیهانی منداڵان)م، چونکە هەر سادەم، هەر خاکییم، هەر خوێندکارم، هەر هەوڵدەدەم و دەمەوێ زیاتر و زیاتر فێربم!
وێنەکانیش ئەوکاتەی کارکردنی رادیۆکەن، کە لە ئەرشیڤی کاک هێمن عەبدوڵڵای بێژەر و خۆمن.
1. وێنە تەنیاکە خۆمم لەبەردەم کتێبخانەی رادیۆ، ئەیلولی 1997.
2. وێنەی دوەم: هێمن عەبدوڵڵا/ بێژەر، سەربەست جیهاد/ بەڕێوەبەر، خۆم، ئەیلولی 1997.
3. ئەو وێنەیەی بە کۆمەڵین، تەنها من دانیشتوم، رۆژی 1996/5/26 لە رادیۆ (حەوشەی کۆمیتەی رانیە) گیراوە.
وەستاوەکان لە راستەوە ئەم بەڕێزانەن: گەلاوێژ محەمەد/ دەرهێنەر، هەمزە گوڵانیی/ بەڕێوەبەر، شیرین محەمەد/ بێژەر، هێمن عەبدوڵڵا/ بێژەر، حەبیبە عەزیز بابان/ دەرهێنەر، سامڕەند/ بێژەر _رۆحی شاد_، عەبدوڵڵا تەها/ بێژەر
4. وێنەی چوارەم: 1998، بارەگای رادیۆ، ناو فەرمانگەی توتنی رانیە. لە راستەوە: فاروق محەمەد/ بێژەر، بەهمەن هۆشیار/ دەرهێنەر، م. سەرکەوت بورهان/ ئامادەکار، هێمن عەبدوڵڵا/ بێژەر، سەردار رەزا/ دەرهێنەر، خۆم
5. وێنەی پێنجەم: 1998، سەیرانگای سەرئەشکەوتان، لە راستەوە: خۆم، بەهمەن هۆشیار/ دەرهێنەر، م. ئارارات ئەحمەد/ نوسەر و ئامادەکار، مستەفای کارەباچیی/ تەکنیکیی، عەبدوڵڵا تەها/ بێژەر، م.حسێن مەحمود/ نوسەر و هەواڵساز، هێمن عەبدوڵڵا/ بێژەر، م.سەرکەوت بورهان/ ئامادەکار