راگەیاندنی رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی و تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا م...
بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان
رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
دەزگاکانی راگەیاندن
بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید 19) لە هەرێمی کوردستان، ژیانی هاووڵاتییانی لەڕووی تەندروستییەوە خستۆتە مەترسییەوە، رۆژبەرۆژیش مەترسییەکە زیاد دەبێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان بەباشترین شێوە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و رۆڵ ببینن لەهاوکاریکردنی دەزگا تەندروستییەکان و یارمەتیدانی هەمەجۆری یەکتری، تا بەکەمترین زیان ئەم دۆخە خراپەی تەندروستی و ژیان و گوزەران تێپەڕێنین, هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەی کردۆتەوە ئامرازێک تا بەهۆیەوە خۆی بدزێتەوە لەجێبەجێ کردنی ئه و ئەرک و بەرپرسیارێتییەی لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی.
لەبڕگەی (1)ی ماددەی (25)ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ دا هاتووە هەموو کەسێک مافی هەیه ئاستی ژیانێکی بۆ دەستەبەر بکرێت کە پێداویستی تەندروستی و خۆشگوزەرانی خۆی و خێزانەکەی دابین بکات، بەتایبەتی لەڕووی خواردەمەنی، جلوبەرگ، خانوو، چاودێری پزیشکی و خزمەت گوزارییە کۆمەڵایەتییە پێویستەکان. هەروەها مافی هەیه زامنی پێداویستییەکانی بکرێت لەکاتی بێکاری، نەخۆشی، پەککەوتەیی، بێوەژن یان بێوەپیاوی، پیری یان هەر دۆخێک لەدەرەوەی ئیرادەی ئه و بێت کە بەهۆیەوە هۆکارەکانی بژێوی لەدەست دەدات.
ئێمە لە رێکخراوی ئازادبوون، حکومەتی هەرێم بەبەرپرس دەزانین لەدروستنەکردنی ژێرخانی ئابوری و دارایی، تەندروستی و پەروەردە و هەموو کایەکانی تر، کە لەئەنجامدا خەڵکی کوردستان بێبەشبوون لەپێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان و گوزەران، وەک مووچە، قەرەبووی بێکاری و نەبوونی هۆکارەکانی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەکاندا. ئەم رەفتارانەی حکومەت بەپێشێلکاری ئاشکرا و تا ئاستی ستەم و چەوساندنەوە ناوزەد دەکەین، لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی حکومەته ئه و پێداویستیانە هاوشانی رێکارەکانی خۆپارێزی دابین بکات و پابەندبێت بەجێبەجێ کردنی یاسا بەرکارەکان.
بۆیە بە پێچەوانەی دەقی یاسا نێودەوڵەتییە کان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی هەرێم دۆخی دارایی و پەتاکەی وەک هۆکارێکی چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین بەرامبەر خەڵک بەکارهێناوه لەکاتێکدا خەڵک لەگەڵ مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەختی خراونەتە ژێر شێوە ئابلوقەیەکی دارایی و مافی کرێی کار و بیمەی بێکاربوونیان پێنادرێت.
سەرەڕای ئەوەی هێشتا ئاسۆی دۆزینەوەی چارەسەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا روون نییە و هاووڵاتییانی کوردستان باری ژیان و گوزەرانیان سەخته و ناڕازین، بەڵام هوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک بە گیانێکی نیشتیمانی و مرۆیی رۆڵی گرنگ دەبینن لەهاریکاری یەکتر و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و مانەوەی یەکانگیری مرۆییمان، ئێمە لە رێکخراوی ئازادبوون هانی ئه و بەیەکەوەبوون و لەگەڵ یەکتر وەستانە دەدەین بۆ تێپەڕاندنی ئه و دۆخە بەکەمترین زیان.
ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی بەشمەینەت وەک مافێکی دەستووری و یاسایی، لەلایەن خەڵکی ناڕازییەوە کراوەتە هەنگاوێک بۆ داواکاری گێڕانەوەی مافە خوراوەکان و داوای چاکسازی، بەڵام سەرەڕای پێشینەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هێشتا حکومەتی هەرێم ناخوازێت بچێتە ژێرباری جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
ئێمە پشتگیری لەداخوازییە رەواکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، بەوەش خۆشبەختین کە خۆپیشاندانەکان هاواری خەڵکی زەحمەتکێشە لەسەرتاسەری کوردستان و هیچ هێزێک توانای کۆنترۆڵ کردنی ئەم ناڕەزایەتیانەی نابێت.
رێکخراوی ئازادبوون وەک چۆن داکۆکی لەتاکی ئازاد دەکات، ئاواش بەرگری و پشتیوانی لەخۆپیشاندانی ئازاد دەکات، بەو هیوایەی ئەم ناڕەزایەتییانە بەهوشیارییەکی تاکەکەسی ئازاد و دوور لەئاراستەی هێزە سیاسیەکان بەردەوام بێت، تا هیچ لایەنێکی حیزبی شەپۆلی ناڕەزاییە خۆڕسکەکان خراپ بەکارنەهێنێت.
رێکخراوی ئازادبوون بە پێویستی دەزانێت:
1- دابینکردنی هەموو پێداویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد، ئۆکسجین، رێکخستنەوەی نەخۆشخانەکان بەسیستەمی کۆنترۆڵی نەخۆشییە درمییەکان. هەروەها دابینکردنی کەلوپەلی تەواوی خۆپاراستنی پزیشکی بۆ کارمەندانی تەندروستی بەبێ جیاوازی لەسەرانسەری کوردستاندا.
2- دابینکردنی مافە بنەڕەتییەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و گەڕاندنەوەی مافەکانیان کە مووچە سەرەتاییترینییانە.
3- کارکردن بەیاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2011ی رێکخراوە ناحکومییەکان و جێبەجێکردنی وەک خۆی؛ بەکارنەهێنانی دەسەڵاتە گشتییەکان لەپێناو بەرژەوەندی رێکخراوە ناحکومییە حیزبییەکان و سانسۆر کردنی رێکخراوە ناحکومییە سەربەخۆکان.
4- لەکاتی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا پێویسته رەچاوی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت. هەروەها پارێزگاری لەئاشتی کۆمەڵایەتی بکرێت، به و ئامانجەی قۆناغی راگوزەری سیاسی لەبەرژەوەندی بونیاد و پایەکانی دیموکراسی بێت.
5- زامنکردنی ئازادی رادەربڕین و خەباتی مەدەنی بۆ هاووڵاتییان و رۆژنامەنووسان و رێکخراوەکان؛ بەکارنەهێنانی داواکاری گشتی و دادگاکان بۆ تۆڵەکردنەوەی سیاسی.
رێکخراوی ئازادبوون
بۆ تواناسازی و تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
15-06-202015-06-2020