=KTML_Bold=بەم نزیکانە یەکەمین ئەلبوومت بڵاودەکەیتەوە، چەند گۆرانییە و چ پەیامێکی تێدایە؟=KTML_End=
هێژا تورک: یەکەمین ئەلبوومی گۆرانیم بەناوی “Stranên Neşuştî” دەبێت کە بڕیارە لە 20-02-2020 لەسەر هەموو پلاتفۆرمەکانی دیجیتەڵی و مارکێتی میوزیکی بڵاوبکرێتەوە. ئەم ئەلبوومە تێکەڵەیەکە لە میوزیکی مۆدێرن و میوزیکی کوردی و فۆلکپۆپ و فۆلکڕۆک. تێکستی گۆرانییەکان لەلای-ەن ژنانەوە نووسراون. ئەلبوومەکەش لە سێ گۆرانی پێکدێت. یەکێک لە گۆرانییەکان باسی ژیانی ژنێک لە ڕۆژێکدا دەکات کە 24 سەعات کار دەکات و هیچ مافێکی نییە. گۆرانییەکی دیکە باس لە تەنیایی ژن دەکات کە تێکست و ئاوازەکەی خۆم دامناوە. گۆرانیی سێیەمیش باس لە تەنیایی نەتەوەی کورد دەکات، تێکستی ئەم گۆرانییە ڕەوشەن ڕۆژبیر نووسیویەتی.
=KTML_Bold=بۆچی درەنگ دەستت بە گۆرانیگوتن کرد؟=KTML_End=
هێژا تورک: لەبەر ئەوەی من له و باوەڕەدا بووم بنەماڵەکەم ناخوازن ببمە گۆرانیبێژ، بۆیە دوای ئەوەی زانکۆم تەواو کرد، دەستم لە میوزیک و گۆرانیگوتن هەڵگرت و زیاتر دوای خوێندنەکەم کەوتم، زۆرم حەز دەکرد بچمە ئەمریکا و لەوێ ئەدەبیات بخوێنم، بۆیە بۆ خوێندنی ماستەرەکەم کە لەسەر ئەدەبیاتی کوردی و بەراورد بە ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین و ئێرلەندا بوو، لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە ئەمریکا وەرگیرام، خەریک بووم خۆم ئامادە دەکرد، بەڵام لەبەر هۆکاری سیاسی دەستبەسەرکرام و کەوتمە زیندان، ئیدی نەمتوانی درێژە بەخوێندنی ماستەرەکەم بدەم.
=KTML_Bold=لەسەر چی بەندکرایت؟=KTML_End=
هێژا تورک: بەهۆکاری ئەوەی کچێک لە ماڵەکەی من دەژیا، پۆلیسی تورکیا ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە ئه و کچە ئەندامی #پەکەکە#یە، منیش هاوکاریی ئه و کچە و پەکەکە دەکەم. ئه و کچە تۆمەتبار کرابوو بە تەقینەوەیەک لە ئیستەنبوڵ. جا لەبەر ئەوەی من نەوەی ئەحمەد تورکم، ئه و گومانەیان زیاتر بوو، دەیانویست بە سیناریۆیەک سیاسەتوانانی کورد لەبەر چاوی خەڵک سووک بکەن، بۆیە لە ڕۆژنامەکانی تورکیا منیان وەکو تۆمەتبار ناساند، داوایان دەکرد من بە 19 ساڵ بەندکردن سزا بدرێم، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو، دوای نۆ مانگ ئازادیان کردم.
=KTML_Bold=ئه و نۆ مانگە لە زیندان بە چی سەرقاڵ بووی؟=KTML_End=
هێژا تورک: لە زیندان خۆم فێری گیتارژەنین کرد، هەروەها کۆمەڵێک ئاواز و تێکستی گۆرانیم نووسینەوە، بۆیە دوای ئەوەی لە زیندان ئازادکرام، ڕووم لە سینەما و کاری ئەکتەری کرد، یەکەمین کاری سینەماییم فیلمێک بوو بەناوی مۆمێ، ڕەنگە ئەمساڵ لە سینەماکان نمایش بکرێ. هەروەها بڕیارمدا دەست بە گۆرانیگوتن بکەم، هەوڵمدا بە شێوەیەکی پرۆفیشنال گۆرانییەکان تۆمار بکەم، میوزیکژەن جانسون کوچوک تورک زۆر هاوکار و پاڵپشتم بوو، توانی هەشت گۆرانیم بۆ دروست بکات، بەڵام کاتێک سەرقاڵی تۆمارکردنی گۆرانی بووین، دادگایی من دەستیپێکرد، سزای پێنج ساڵ بەندکردنم بۆ دەرکرا، بۆیە دەستبەرداری تۆمارکردنی گۆرانییەکان بووم و بەناچاری ڕووم لە ئەڵمانیا کرد، ئەوە ساڵ و نیوێکە لە ئەڵمانیا دەژیم، ناخۆشترین شت لە ئەڵمانیا ئەوەیە کە میوزیکژەنی هاوڕێ و هاوکاری منی لێ نییە، چونکە لێرە زۆر پێویستم بە هاوڕێ و هونەرمەند و سینەماکار هەیە، بۆیە لەڕێگەی ڕووداو داوا لە میوزیکژەن و سینەماکارانی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا دەکەم هاوکاریم بکەن و بەیەکەوە کاری جوان بکەین.
=KTML_Bold=کەواتە تۆ تەنیا لەبەرئەوەی نەوەی ئەحمەد تورکی تووشی کێشە بووی؟=KTML_End=
هێژا تورک: بەڵێ من نەوەی ئەحمەد تورکم، بەڵام ناخوازم لەسەر بنەماڵەی خۆم پێناسە بکرێم، ئەحمەد تورک کەسایەتییەکی هەیە و منیش کەسایەتی خۆم هەیە، هەر شتێک کە من دەیکەم و دەیڵێم، هزر و بۆچوونی تەنیا خۆمە، من هەرگیز نامەوێت ببمە هۆی کێشە و گیروگرفت بۆ بنەماڵەکەم.
=KTML_Bold=چۆن گەیشتییە ئەڵمانیا؟=KTML_End=
هێژا تورک: بە قاچاخ، نامەوێ زانیاری زیاتر لەسەر گەیشتنم بە ئەڵمانیا ئاشکرا بکەم، بەڵام هێندە دەڵێم بە ڕێگەی قاچاخ گەیشتمە ئەڵمانیا.
=KTML_Bold=لە ئەڵمانیا بەچییەوە سەرقاڵی؟=KTML_End=
هێژا تورک: ئێستا لە قوتابخانەیەکی میدیایی دەخوێنم، له و مانگە کورتەفیلمێک بۆ تەلەڤزیۆنێکی ئەڵمانی بەناوی Phoenix لەسەر ژیانی خۆم دروست دەکەم کە چۆن لە تورکیاوە گەیشتمە ئەڵمانیا. دەمەوێت ئه و ئەزموونەی خۆم بکەمە فیلم، بیرۆکەی ئەم فیلمە هی خۆم بوو پێشکەشی ئه و کەناڵەم کرد، ئەوانیش بە سوپاسەوە قبوڵیان کرد، من لە قوتابخانەی Hamburg Media School دەخوێنم، بۆیە بە هاوکاریی ئەوان فیلمەکە بەرهەمدێنم، ئەمە جاری یەکەمە وەکو دەرهێنەر کاردەکەم، بۆیە کەمێک ترسم هەیە. ئێستا من لە شانۆگەرییەکیش وەکو ئەکتەر لەگەڵ ئەکتەری بەتوانا ئالان جوان ڕۆڵ دەبینین کە لە دەرهێنانی حوسێن ئومایزسیە. لەم شانۆگەرییەدا ڕۆمانێکی نووسەری کورد بەختیار عەلیمان کردووە بە دەقی شانۆیی کە لە ڕۆژی 26ی نیسان نمایش دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە هامبۆرگ بەنیازین لەگەڵ چەند سینەماکارێک ڕێکخراوێک دابمەزرێنین، دوو پرۆژەی کورتەفیلمیش هەن کە من وەکو ئەکتەر ڕۆڵیان تێدا دەبینم.[1]