سامان سەردار گەردی، خەڵکی هەولێرە و لە پێشبڕکێکەدا بەشداریی کردووە، ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا سەرپەرشتیارانی خەڵاتی Tamayouz Award پێشبڕکێیەکی دیزاینی نێودەوڵەتییان بە باوی Design Challenge بۆ دیزاینکردنی شوێنێکی گونجاو بۆ کاتی کەرەنتین ڕێکخست. منیش وەک تەلارسازێکی کورد بە پرۆژەی هیوا بەشداریم تێدا کرد.
لەبارەی پرۆژەکەشەوە سامان سەردار گەردی ئاماژەی بەوە دا، منداڵان هێمای هیوا و داهاتوون، بۆ هەبوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە داهاتوودا پێویستە منداڵانمان لە تەندروستییەکی تۆکمەدا بمێنەوە، بۆیە دیزاینێکم ئامادەکرد کە شوێنێکە بۆ یاریکردنیان لەکاتی کەرەنتیندا، بەڵام بە ڕەچاوکردنی خۆپارێزیی کۆمەڵایەتی، بەم شێوەیە منداڵانمان لە بارێکی باشدا دەمێننەوە، دواتریش ئەم باشییە بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا بڵاودەکەنەوە.
بە گوتەی سامان براوەکانی پێشبڕکێکە ئەوانەن کە زۆرترین لایکی پرۆژەکەیان دەکرێت، پێشبڕکێکە بۆ دەنگدانی گشتی کراوەیە و خەڵک دەتوانن لە ڕێگەی لایککردنی پرۆژەکەوە لە پێگەی پێشبڕکێکەدا تاوەکو کاژێر 12ی ئەمشەو دەنگبدەن.
ئەو دیزاینەرە کوردە باسی لەوە کرد، 190 پرۆژە پێشکەشکراون، پێنج پرۆژە کە زۆرترین لایکی هەیە دەبنە براوە. پێنج پرۆژەی دیکەش لەلایەن زانکۆی Coventry Universityی بەریتانییەوە هەڵدەبژێردرێن، Tamayouz Award خەڵاتێکە لە ساڵی 2012وە دابەش دەکرێت و پێشتر ناوچەیی بووە و دواتر بووەتە خەڵاتێکی نێودەوڵەتی.[1]