چیرۆکی فیلمەکە باس لە پێشمەرگەیەکی قارەمانی شەڕی #داعش# دەکات، کە دوای شەڕ لە نێو کۆمەڵگە چۆن تووشی کێشە دەبێت، هەڵۆ ناوی ئەو پێشمەرگەیە، کە لە ئەندازەی هەڵگرتنەوەی مین کاری دەکرد، بەڵام لەکاتی پووچەڵکردنەوەی مینێک دەستێکی دەپەڕێت، بەشێک لە ڕووداوەکانی نێو ئەم فیلمە ڕاستەقینەیە.
فیلمەکە لە جۆری دیکۆ فيکشەنە، لەبارەی شوێنی وێنەگرتنەکەیشی دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت لە #سلێمانی# و ناوچەی #گەرمیان# وێنەگیراوە، تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 37 ملیۆن و 860 هەزار دینارە، کە لەلایەن #وەزارەتی ڕۆشنبیری# و بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای سلێمانی دابینکرابوو، لە ماوەی ساڵێک فیلمەکە وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی تەواوبووە، ماوەی فیلمەکەش 71 خولەکە.
فیلمی زەوییە پیسەکان بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی فیلمی کان بانگهێشتکراوە، #ئاڵا هۆشیار#ی دەرهێنەر دەڵێت ئەم فیلمە لەلایەن کۆمپانیای مارگۆ سینەمایی فەرەنسی وەکو پرۆدیوسەر هاوکاری دەکرێت، بۆیە ئێستا بووەتە فیلمێکی هاوبەشی کوردی - فەرەنسی، بۆیە پێشکەشی بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی فیلمی کان کراوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فیستیڤاڵی فیلمی کان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.[1]