(چاوان ڕەئوف) ناسراو بە (چاوە بەرزنجی) لە 20-09-1993 لە گوندی (#کانی سپیکە#)ی بناری شاخی گڵەزەردەی خوارووی شاری #سلێمانی# لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لەم گوندە و قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگەی تەکنیکی لە سلێمانی تەواو کردووە..
هەر لە سەرەتاوە خولیای شیعر و هونەر لە دڵ و دەرونیدا بووە و بە چاوێکی هونەرییانە بۆ دەوروبەر و سروشتی ڕوانیوە و هەستێکی تایبەت لە ناخیدا چەکەرەی کردووه بەتایبەت کە سەرەتای ژیانی لە گوندێکی جواندا بووە و سروشتی جوان و ئاووهەوای خاوێن کاری کردووەتە سەر ناخ و خەیاڵ و ئەندێشەی، بۆیە دەستی داوەتە قەڵەم و فڵچە و ئه و هەستەی ناخی بە شیعر و تابلۆ دەربڕیوە، جاروباريش کاری دەستی دەکات..
چاوان شیعر بۆ ئاسوودەییی دەروونی خۆی دەنووسێت و باس لە ناخی خۆی و ئه و شتانە دەکات کە بۆ دەربڕین بە قسەی ئاسایی دژوارن. وێنە و تابلۆش وەکو دەروویەک بۆ ڕزگاربوون لە تەنگژە دەروونییەکان دەکێشێت، ئه و پێی وایە ئەمە ئه و نییە کە شیعر و هونەری هەڵبژاردووە بەڵکو ئەمان ئەویان هەڵبژاردووە تا لە ڕێی ئەمەوە خۆیان بۆ دەرەوەی ڕۆح نمایان بکەن، شیعر وشە نەوتراوەکانی دەنووسێتەوە و تابلۆش دیمەنە ڕەنگاوڕەنگەکانی ناخی دەکێشن.
چاوان تا ئێستا بەشداری دوو پێشانگای هاوبەشی هونەری لە شاری سلێمانیدا کردووە و ئاواتی ئەوەیە لە دواڕۆژدا پێشانگای تایبەت بە کارە هونەرییەکانی خۆی بکاتەوە، هەروەک دیوانێکی شیعری ئامادەی هەیە بۆ چاپکردن و چاوەڕێی دەزگا و ناوەندێک دەکات ئەرکی چاپکردنی بگرنە ئەستۆ..هەروەها لە چەند کارێکی هونەریی خۆبەخشی لەگەڵ گروپێک هونەرمەند بەشداری کردووە و چەند قوتابخانەیەکیان بە تابلۆی هونەری ڕازاندووەتەوە..
ئەمانەش نموونەیەکن لە شیعرەکانی:
بەهەشتێک لە ناخمدا
وەک چیمەنێک ڕاخرا بوو،
وەک خەرمانێ شارۆ کرابوو..!
هاتی و هەموویت کردە سووتوو!
ئەو لە سنەوبەرەچێ...
گوێ بە هیچ وەرزێ نادا و
هەر سەوز ئەبێ..
لە سنەوبەرەچێ بەوەی
پێیەکانی لە زەمین و
پێکەنینی ڕووە گەشەکەی لە ئاسمان ئەخشێ..!
من دڵنیام کە پیریش بوو
هەر سنەوبەرەبێ...!
بەڵام بەفر کەمێ سەر و ڕووی دائەپۆشێ.!
دار خۆخێکی
ڕومەت ئاڵم ئەناسی..
ئێواران بە ئاوی سارد
هیلاکی ڕۆژەکەیم لائەدا
ئەویش خۆخێکی
ترشی نەگەیوی پێ ئەدام
وەک ئەوانەی ئارەزومە،
ئاو ئەزایە زارم پاشان تاممەکرد!
پێکەوە شەڕەئاومان ئەکرد
بە پرژەی ئاوی کانی
ڕوومەتەکانیم ئەشوشتەوە
دەمەو بەیانییەک
بەرەو قوتابخانە ڕۆشتم و
جارێکی دی نەمدیتەوە!
لەدوای ئەو
ئەمن شەڕەئاوم نەکردەوە..!
دوو گوڵ بووین
پێکەوە ئەژیاین
من وشک بووم و
ئەویشیان گواستەوە
باخێکی دی!
ماڵێکی بەفرینمان هەیە..
بە دوو قسەی گەرمی تۆ
ئەتوێتەوە!
ماچە
نەکراوەکان...
مردن پێش ئەخەن!
با باسی ئەوانەی ماڵئاوایی نەکەم.
هەستی پێ ئەکەی..
ئەو وشانەی لە دڵم هەڵیان ئەگرم و
پێتی ناڵێم...
چۆن پیریان کردووم!
وەک ئاو بڕۆ
بەڵام لە نیل بچۆ بگەڕێوە!
هەموو کات شتە بێڕەنگەکان
شتانێکی گرنگن..
ئاو
هەوا..
هەستەکانی بەرامبەر،
ئێمە واین هەموومان واین..!
ئەوەی گرنگ بێت، بێ ڕەنگە و نایبينین![1]