دو هەزارو 872 کارگەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵدا داخراون و خاوەنەکانیان نەبوونی پشتگیریی حکومەت، زۆریی باج و گرانیی کارەبا بە هۆکاری داخستنیان دەزانن و نۆ هەزار و 109 کەس لە داخستنی کارگەکاندا بێکار بوون.
لوقمان شێخانی، خاوەنی کارگەی بێلاڤە لە #هەولێر# و پارەی خۆی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی لە کوردستان خستووەتە گەڕ. ئەو دەڵێت، لە ساڵیکدا توانای سێ هەزار و 600 تۆن بەرهەمهێنانمان لە ماددەی خاودا هەیە. ئێستا 200 بۆ 250 تۆن بەرهەم دەهێنین، چونکە هاوردەکردن زۆر بووە و بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕ ساخ نابێتەوە. هاوکات کارەبا و گومرگی زۆرمان لەسەرە.
خاوەنی کارگەیەکی کاشی سێ ساڵە کارەگەکەی داخستووە. ئەو نیوەی تەمەنی لە پیشەسازیدا بەرێکردووە، هیچ کات هێندەی ئەم ساڵانەی دوایی داهاتی بۆ ژێر سفر دانەبەزیووە. ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی شەش هەزار کاشیی هەیە، بەڵام ئێستا یەک کاشییش بەرهەم ناهێنێت.
رزگار سەعید، خاوەنی کارگەی کاشیی گارە ئاماژە بەوە دەکات، لەبەر نەبوونی کار، نەبوونی ماددە و گرانیی کرێی کارەبا و هاتنی ئەو هەموو کاشییە لە دەرەوە کەس کاشیمان لێناکڕێت و ئیتر کارگەکەمان داخستووە. ئێستا ئەگەر کار بکەین، ڕۆژانە هەزار تا هەزار و 500 دۆلار زەرەر دەکەین.
لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 731 کارگە هەن. لەو ژمارەیە دوو هەزار و 287 کارگە داخراون کە دەکاتە 60%ی کۆی کارگەکان، بە جۆرێک هەزار و 726 کارگە لە هەولێر، 431 کارگە لە #سلێمانی# و #هەڵەبجە# و 130 کارگەش لە #دهۆک#ن. هاوردەکردن و هەرزانبوونی بەرهەمە هاوردەکراوەکان ڕێژەی بەرهەمهێنانیانی ناوخۆی بۆ 90% کەمکردووەتەوە.
لوقمان شێخانی، خاوەنی کارگەی دێلاڤە و دەڵێت، ئێمە دەتوانین لە ساڵێکدا سێ هەزار و 600 تۆن بەرهەم بهێنین. بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی ناتوانین ماددەکانمان بەبازاڕ بکەین و ساخیان بکەینەوە، تەنیا 150 بۆ 200 تۆن بەرهەم دەهێنین.
بەپێی ماددەی 8 لە یاسای گەشەپێدانی پشەسازی، کارگەکان لەکاتی هێنانی کەرەستەی خاو بۆ ماوەی 10 ساڵ لە وەرگرتنی ڕەسمیی گومرگ دەبەخشرێن، بەڵام بۆ ڕێکخستن و زیادکردنی داهات ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم ئەو بەخشینانەی ڕاگرتووە و ئەوەش زیانی بە کارگەکان گەیاندووە.
سەردار قوربانی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی #وەزارەتی بازرگانی# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەم دوو هەزار و 287 کارگەیە بە بڕی زیاتر لە 625 ملیار دینار سەرمایەگوزارییان دەکرد. ئێستا بەهۆی داخستنی ئەم کارگانەوە ئەم سەرمایەگوزارییە وەستاوە. بۆیە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدایە کە بەخشینی گومرگی بۆ ئەم کارگانە بگەڕێنێتەوە.
کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 10 جۆر پۆڵین کراون. لە هەموو کەرتەکاندا کارگەکان داخراون و پشکی شێر بەر کارگەکانی بیناسازی دەکەوێت، بە جۆرێک لە کۆی 390 کارگەی بیناسازی 190یان داخراون.[1]