ناوەڕۆکی پەرتووکەکە بابەت و لێکۆڵینەوەی هەشت نووسەری کوردی تێدایە کە پێکدێن لە نووسەران: ئیبراهیم سادق مەلازادە، ئیحسان وەڵزی، جەلال ئەحمەد، شەهلا وەلی جەبار، لەیلا ئەمیر، موراد حەکیم، موسڵح ئیروانی وهیوا حاجی خدر.
پەرتووکەکە لە ئامادەکردنی ئیحسان وەڵزی و موسڵح ئیروانییە و لە 320 لاپەڕە پێکدێت. ناوەڕۆکەکەی پێکدێت لە:
ئایا کۆمەڵگایەک هەیە بە ناوی کۆمەڵگای کوردی؟ نووسینی موراد حەکیم. کۆمەڵگای سیاسەت و سیاسەتی کۆمەڵگا: پەیوەندیی نێوان سیاسەت و کۆمەڵگا لە باشووری کوردستان. نووسینی ئیحسان وەڵزی. کۆمەڵگای لێکترازاو: هاوبەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی شوناس، نووسینی موسڵح ئیروانی. شار و خێڵ و دابەشبوونە ئێتنیکییەکان: خوێندنەوەیەک لە دیدگای تیۆری سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە، نووسینی هیوا حاجی خدر.
ئایا کورد لە عێڕاقدا نەتەوەیەکی کۆلۆنیزەکراوە؟ نووسینی ئیبراهیم مەلازادە. نوێبوونەوەی کۆمەڵگای کوردستان: بە جەختکردنەوە لەسەر هەرێمی کوردستان. نووسینی لەیلا ئەمیر. کۆمەڵگای کوردستانی باشوور لە نێوان یەکگرتوویی و پەرتەوازەییدا. نووسینی موراد حەکیم و لەیلا ئەمیر. پاشخانی کۆمەڵایەتی و بەشداریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، نووسینی جەلال ئەحمەد. شێوازی ژیان لە شارە نوێیەکانی نیشتەجێبوون، شەهلا وەلی جەبار.
ئامادەکارانی پەرتووکەکە لە پێشەکی پەرتووکەکەیاندا نووسیویانە: وەزیفەی سیاسەت بەرهەمهێنانی ئەو بڕیارانەیە کە ڕەهەندی گشتییان هەیە و هەمووان دەگرێتەوە، تەنانەت ئەوانەش پێوەی پابەند دەبن کە لەگەڵی نین. گرفتی سیاسەتیش لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا ئەوەیە کە هەتا ئێستا نەیتوانیوە لە شێوە ئەکتیڤەکەیدا نە زەمینەی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە بڕیارانە خۆش بکات، نە ئەگەر بڕیاری لەمجۆرەش بدرێن، توانای ئەوەی هەبێت جێبەجێیان بکات. لە ماوەی نزیک بە سی ساڵی ڕابردوودا ئەم سیاسەتە درزی خستۆتە نێو ئەو هاوسۆزی و هەستکردن بە هاوچارەنووسییەش، کە مەینەتییەکانی ڕابردوو و هەوڵدان لەپێناو مانەوەدا هێنابوونییە کایەوە.
لە درێژەی پێشەکی پەرتووکەکەدا هاتووە: لە نێوان سیاسەت و خەڵک یان جڤاکدا دونیایەک خاڵی بەیکگەیشتن و یەکتربڕ هەن. ئەگەر سیاسەت بەرهەمی ژیانی پێکەوەیی و جڤاکییە، ئەوا جۆرێکی دیاریکراویش لەو پێکەوەژیان و جڤاکە دەکرێت بەرهەمی سیاسەت بێت. نووسەرانی ئەم کتێبە بە دیدێکی ڕەخنەگرانە لە کاریگەریی سیاسەت بەسەر کۆمەڵگادا دەڕوانن. ئارگیومێنتێکی سەرەکیی ئەم کتێبە ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو مەرجی پێشینە و پێویستی سیاسەت (بە مانا کۆنترۆڵ و ئاڕاستەکردن)ێک یان ئیدارەکردنێکی سەرکەوتووە.