زیلان لە نێوان داعش و چیا ئازادەکانی گەریلا
زیلان
جوانڕۆجوانڕۆ لەلایەن خاڵەکەیەوە گوشاری لێکرا بەشداری ریزەکانی داعش بکات، بەڵام بەرەنگاریی کرد و لەگەڵ 2 کچە خاڵۆزایدا بەشداری رێزی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە - YRK) بوون.
زیلان جوانڕۆ لەلایەن خاڵییەوە گوشاری لێکرا بەشداری ریزەکانی داعش بێت، بەڵام بەرەنگاریی کرد و لەگەڵ 2 کچە خاڵۆزایدا بەشداری رێزی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە - YRK) بوون. گەریلا زیلان جوانڕۆ چیرۆکی خۆی و چۆنیەتیی بەشداربوونی بۆ ناو ریزەکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) دەگێڕێتەوە.
زیلان جوانڕۆ لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە ناو بنەماڵەیەکی فیوداڵ و نەریتیدا گەورە بووە. ئەو تایبەتمەندییەی بنەماڵەکەی کاریگەریی خراپی لەسەر زیلان، دایک و خوشکەکانی دروستکردبوو. زیلان بە ناچار لە بنەماڵەکەیدا گەورە بووە، کە پیاو زۆر تیایدا زاڵ بووە و گوشار و ئەشکەنجەی پیاو تیایدا زۆر بووە. بە تایبەت کاتێک خواستیان لەگەڵ 2 کچە خاڵۆزاکەیدا بە زۆر هاوسەرگیرییان پێ بکەن. ئەو دۆخەی قبوڵ نەکرد و دەستی بە بەرەنگاری و گەڕان بە دوای رزگاری و ئازادیدا کرد. گەریلا زیلان جوانڕۆ بەمشێوەیە باسی لە دۆخی خۆی کرد:
'دەیانخواست بە زۆر هاوسەرگیریمان پێ بکەن'
لە ناو بنەماڵەکەمدا ژن بۆی نەبوو قسە بکات. ئێمە لە دۆخێکدا بووین، کە ژن بە چاوی بچووک سەیر دەکرا. زاڵبوونی پیاو زۆر زۆر بوو. ئەو دۆخە کاریگەرییەکی زۆر قورسی لەسەر من و خوشکەکانم و دایکم دروستکردبوو. دۆخی خاڵۆزاکانیشم لە ئێمە باشتر نەبوو. هەم لە ناو بنەماڵەدا بە بچووک سەیر دەکراین و هەمیش بە بەرفراوانی ئەوەمان لە هەموو شوێنێکدا بەسەردا سەپێنرابوو و ئەوەش کاریگەریی زۆر خراپی لەسەرمان دروستکردبوو. دوای ئەوەی خواستیان بە زۆر من و کچە خاڵۆزاکانم شو بکەین، ئێمە ئەوەمان قبوڵ نەکرد و دەستمان بە هەوڵ و گەڕان بە دوای ئازادی و رزگاربوون لەو دۆخەدا کرد.
'هەوڵیاندا بە فێڵ و درۆ بمانبەن بۆ ناو ریزەکانی داعش'
ئەو هەوڵ و گەڕانەیان تەنها بۆ دوورکەوتنەوە بوو لەو دۆخەی بنەماڵەکەیان. لەو دۆخەدا خاڵۆشیان هەلەکەی قۆستبووە و هەوڵیدابوو بە فێل و درۆ و دەلەسە زیلان و خاڵۆزاکەی ببات بۆ ناو ریزەکانی داعش. زیلان و خاڵۆزاکەی لەو کاتەدا نەیانزانیبوو، کە داعش چییە و چ جۆرە رێکخستنێکە، بۆیە قبوڵیان کردبوو.
لەو بارەیەوە زیلان جوانڕۆ وتی ئێمە نەماندەزانی داعش هەڵگری چ ئایدۆلۆژیایەکە و چی دەکات. لە رێگەی خاڵۆمەوە ئەوانمان ناسی. خاڵۆم بۆ پارە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەیخواست ئێمە بەشداری ریزەکانی داعش ببین. من وامدەزانی خاڵۆم ئەوە بۆ باشیی من و بۆ ئازادیی گەلەکەی دەکات، بۆیە خواستم بەشداری ریزەکانی داعش ببم، چونکە دەمخواست لەو رێگەیەوە ئازاد ببم. لەبەر ئەوە قبوڵم کرد بەشداری ریزەکانی داعش ببم. ئەوە لە کاتێکدا بوو ئەوەی دەیخواست من بەشداری ناو ریزەکانی داعشدا بکات منی بۆ بەرژەوەندیی خۆی هەڵدەدایە ناو ئاگر. بێگومان من و زۆرێک لە گەنجانی هاوشێوەی من فریودرابووین و خرابووینەوە ئەو دۆخەوە، بەڵام شانسی من ئەوە بوو، کە من بزووتنەوەی ئازادیم ناسی.
'جوانڕۆ ناوچەیەکی گرنگ و هەستیارە بۆ دوژمن'
زیلان جوانڕۆ رایگەیاند، لە ناو کەسوکار و دەورووبەرەکەیدا زۆر کەس بەشداری ریزەکانی داعش بوون و هەندێکیشیان بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادی بوون و وتی لە ناو بنەماڵەکەمدا زۆرێک لە گەنجان بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادی بوون، بەشداری ناو فەلسەفەکەی رێبەر ئاپۆ بوون. بەڵام زۆرێکیش لە کەسانی بنەماڵەکەمان و دەورووبەرمان بەشداری ریزەکانی داعش و رژێمی ئێران بوون. نەک تەنها لە ناو بنەماڵەکەماندا، بەڵکو لە هەموو جوانڕۆدا دۆخەکە بەوشێوەیەیە.
گەریلا زیلان جوانڕۆ بەمشێوەیە باس لە بەشداربوونی کەسانێک لە بنەماڵەکەی و لە جوانڕۆ بۆ ناو ریزەکانی داعش دەکات: رێکخستنی وەهابی و سەلەفی لە جوانڕۆ بەهێزە. یەکێک لەو ناوچانەیە، کە دوژمن وەک ناوچەیەکی گرنگ و هەستیار سەیری دەکات. رژێمی ئێران بۆ ئەوەی جوانڕۆ لەلایەنی کولتورییەوە پاکتاو بکات هەر چیەکی لە دەست بێت ئەنجامی دەدات. بێگومان ئەوەش لەسەرتاسەری رۆژهەڵات ئەنجام دەدات. بەڵام ئەو سیاسەتە بە شێوەیەکی تایبەت لە دژی جوانڕۆ لە بەزرترین ئاستدا بەڕێوەدەچێت. کاریگەریی ئایین زۆر زۆرە. بێگومان ئەو ئایینەی لەوێ باسی دەکەن ئەو ئایینەیە، کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دروستیان کردووە. یانی هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینی راستەقینەی ئیسلامەوە نییە. بۆ نمونە 2 کوڕە خاڵم خۆیان لە کۆبانێ تەقاندەوە، کە لە کۆبانێدا شەڕ بۆ ئازادی دەکرا. بەپێی ئایینی ئیسلام شەڕی ئازادی کارێکی پیرۆزە، بەڵام ئەوان خۆیان لە دژی ئەو شەڕ و تێکۆشانە تەقاندەوە. ئەوە هیچ پەیوەندیی بە ئیسلامی راستەقینەوە نییە، بەڵام مێشکی ئەو گەنجانەیان شۆردوەتەوە و خستونیانەتە سەر ئەو رێگایە. بنەماڵەکان ئاگاداری ئەو دۆخە نەبوون، بەشێکی زۆریان وایاندەزانی رۆڵەکانیان بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادی بوون، بەڵام دواتر راستییەکانیان بۆ روون بوویەوە.
'شانس و دەرفەتم بۆ رەخسا، کە رێبەرایەتی و بزووتنەوەکەم ناسی'
گەریلا زیلان جوانڕۆ باسی قۆناغی ناسینی فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و وتی لە راستیدا کاتێک بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەی رێبەر ئاپۆ بووم، من هەرگیز رێکخستنم نەدەناسی. هەر بنەماڵەکەشم هەر چییەکیان لە دەست بهاتایە دەیانکرد بۆ ئەوەی ئێمە ئەم بزووتنەوەیە نەناسین. بە تایبەتی رێگایان نەدەدا سەیری تەلەفزیۆن بکەین. لەبەر ئەوەش ئێمە نەماندەزانی رێبەر ئاپۆ کێیە و لەبەر چی لە ئیمراڵییە و بۆ گەریلا لەسەر چیاکانە، ئەوان هەر چییەکیان لە دەست بهاتایە ئەنجامیان دەدا. کاتێک ئێمە بەشداربووین تەنها بۆ ئەوە بەشداربووین، کە لە دۆخە رزگارمان بێت کە تیایدا بووین. یانی ئێمە نەماندەزانی کە دەبێت ئازادی بە چ شێوەیەک بێت. دوای ئەوەی کە بەشداربووین شانس و دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا کە رێبەرایەتی و رێکخستن بناسین. ئیتر ئێمە ئەو فەلسەفەیەمان باشتر و بەرفراوانتر ناسی.
'تۆڵەی زیلان گابار دەکەمەوە'
گەریلا زیلان جوانڕۆ باسی ئەوەیکرد، کاتی بەشداربوون ئەوەی زۆرترین کاریگەریی لەسەر دروستکردووە شەهیدبوونی زیلان گابار گەریلای هێزەکانی پاراستنی ژن (هەپەژە) بوو، کە لەلایەن خێڵەکەی خۆیەوە لە جوانڕۆ شەهیدکرا. گەریلا زیلان جوانڕۆ وتی ئێستا لە چیاکانی رۆژهەلاتدا و لە بەشداربوونی مندا کاریگەریی زیلان گابار گەورەتر و گەشاوەتر بووە. ئەوانەی زیلان گاباریان شەهید کرد، جاشە خۆفرۆش و نۆکەرەکان بوون. شەهید زیلان لە دژی ئەو دۆخە خیانەتکارییە بە شێوەیەکی گەورە بەرەنگاری و بەرخودانی کردبوو و دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە جاش و جەردەوانەکانی کوشتبوو شەهید بوو بوو. ئەوە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر من دروستکرد. لە ناو بنەماڵەکەماندا نزیکەی 12 کەس بەشداری رێزەکانی گەریلا بوون. کاتێک ئێمە بیستمان شەهید زیلان تەنها خۆی لە دژی دەیان جاش بەرەنگاری و شەڕی کردووە، ئیتر ئەرکی تێکۆشان کەوتە سەر شانی ئێمە و ژنان، بۆیە ئێمە خواستمان درێژە بە رێگاکەی بدەین. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بەشداری ریزەکانی گەریلا بووین.
زیلان جوانڕۆ باسی ئەوەشیکرد، کە گەورەترین ئامانجی ئەوەیە تۆڵەی شەهید زیلان گابار بکاتەوە و وتی لێرەدا سەرەکیترین ئامامانجی من تۆڵەکردنەوەی شەهید زیلانە. ئێمە رێگا نادەین خوێنەکەی بە فیڕۆ بچێت. لەلایەن جاشەکانی سەر بە خێڵەکەی ئێمەوە شەهید کرا. من بۆ ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەم و دەبێت باجەکەی بدەن. ئێمە بڕوامان زۆر گەورە و بەهێزە بۆ تۆڵەکردنەوەی شەهید زیلان. ئێمە تا دوا هەناسە بۆ ئەم ئامانجە تێدەکۆشین.
بانگەواز و داوا لە گەنجان:
گەریلا زیلان جوانڕۆ لە کۆتایی وتەکانیدا بانگەواز و داوای لە گەنجانی رۆژهەڵات و ئێران هەبوو و رایگەیاند بانگەوازم بۆ گەنجانی رۆژهەڵات و ئێران هەیە. بە سیاسەتە فریودەرانەکانی ئێران هەڵنەخڵەتێن. لە بەرامبەر گوشار و ئەشکەنجەی سەر گەلەکەمان بێدەنگ نەبن. بە تایبەتی سیاسەتی دوژمن لە دژی جوانڕۆ ببینن و بەرەنگاری ببنەوە. زۆرێک لە مرۆڤەکان لە تەمەنی منداڵییەوە فێری کاری جاشێتی و نۆکەرایەتی، سیخوڕی، بەسیجی دەکرێن و بۆ ئەو کارە چەپەڵانە بەکاریان دەهێنن. زۆرێک لە گەنجان بۆ ئەوەی بتوانن پارە بۆ کڕینی ماددەی هۆشبەر پەیدا بکەن دەست بە دزی دەکەن. هەندێکیان پارە و زێڕی دایکانی خۆیان دەدزن و دەفرۆشن. با خۆیان نەخەنە ژێر کاریگەریی رێکخستنی بەسیج، وەهابی، سەلەفی و سوپای پاسداران. وەرن و بەشداریی ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادی و بزووتنەوەی رێبەر ئاپۆ ببن. ئەو زوڵمە قبوڵ مەکەن. با بێن و ببنە هاوڕێ و هەڤاڵی ئەم ژیانە و بۆ یەکێتی، یەکگرتوویی و خاوەن هەڵوێستبوون لە دژی زوڵم و بۆ دادپەروەری ئەم ژیانە ببینن و هەڵیبژێرن و بێنە ناوی و تیایدا بژین.
[1]