لەیلا عەبدۆ، کچە کوردی ئێزدی تەمەن 17 ساڵ دەڵێ 25 ڕۆژە لێرە (لە ماڵی ئێزدیان لە #حەسەکە#) ماومەتەوە، ئەوەش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ڕێگەی چوون بۆ عێراق داخرا و منیش چاوەڕێدەکەم تاوەکو ڕێگەکە بکرێتەوە و بگەڕێمەوە عێراق.
لەیلا یەکێکە لەو سەدان ژنە کوردە ئێزدییەی کە ساڵی 2014 لە #شنگال# و دەوروبەری لەلایەن ڕێکخراوی #داعش#ەوە ڕفێندرا و بەکۆیلە کرا؛ ئەو کاتە لەیلا تەمەنی تەنیا 11 ساڵ بووە و دراوە بە چەکدارێکی تەمەن 21 ساڵی داعش کە خەڵکی تەلەعفەر بووە.
شکستە یەک لەدوای یەکەکانی داعش لە باشووری کوردستان و عێراق و سووریا لەیلا و چەکدارە داعشەکەی گەیاندە شارۆچکەی باغۆز لە پارێزگای دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2019، #هەسەدە# بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێرشی کۆنترۆڵکردنی باغۆزی دەستپێکرد و لەیلاش ترسی ئەوەی هەبوو لەو شەڕەدا بکوژرێت.
لەیلا عەبدۆ، کچە کوردی ئێزدی دەڵێ کاتێک لە باغۆز بووم، دەمویست خانەوادەکەم ببینم، بەڵام نەمتوانی. بۆردوومانی چڕ هەبوو، پێموابوو دەمرم و جارێکی دیکە کەسوکارەکەم نابینمەوە، ئێستا لەوێ نەماوم و پەنا بە خودا جارێکی دیکە دەیانبینمەوە. ئێستا هەستدەکەم بینینەوەی کەسوکارەکەم زەحمەتترە، ئەوەش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کێشەکە ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە هەر لە بڵاوبوونەوەدایە.
دوای شەڕی باغۆز، لەیلا و هەزاران کچ و ژنی چەکدارانی داعش گوێزرانەوە کامپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان. لە ترسی چەکدارانی داعشی ناو کەمپەکە، لەیلا ناسنامەی خۆی تەنیا بۆ یەک کەس ئاشکراکرد، ئەویش کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی بووە، دواتر ناسنامەی هاوڕێکەی دەرکەوت و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، ئەویش کەسوکارەکەی لەیلای دۆزییەوە و لە ڕێگەی فەیسبووکەوە کچەکەیان دۆزییەوە.
لە ئێستادا لە ماڵی ئێزدییانە لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ڕڕێکارەکانی تایبەت بە ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتە هۆکار بۆئەوەی نەتوانێت بگەڕێتەوە ناو کەسوکارەکەی.[1]