فیلمی شەوباش پێشمەرگە یەکێکە لە فیلمە نوێیەکانی دەرهێنەری دیاری کورد #هونەر سەلیم#، فیلمەکە لە کوردستان بەرهەمهێندراوە و باس لە کچ و کوڕێک دەکات کە خۆشەویستی یەکدین. ئەم کچ و کوڕە تاوەکو بەیەکدەگەن ڕووبەڕووی بەربەستەکانی خانەوادەکەیان دەبنەوە، دواتر کە بە یەکگەیشتوون ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی دیکە دەبنەوە، چونکە کوڕەکە لە کاتی شەڕ لە دژی چەکدارانی #داعش# وەک پێشمەرگەیەکی خۆبەخش بەشداری شەڕی کردوە و بریندار بووە و تووشی کێماسییەک لە ڕووی جەستەیەوە بووە.
کۆمپانیای زە پارتی فیلم سەیلز کۆمپانیایەکی فەرەنسییە و بنکەی سەرەکی لە پاریسە، کاری بڵاوکردنەوەی فیلمە نوێیەکەی دەرهێنەری کورد هونەر سەلیم دەکات، کۆمپانیاکە چەند وێنەیەکی فیلمەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە ئێستا لە قۆناخی کۆتایی بەرهەمهێنانی دایە. هونەر سەلیم کە ئێستا لە نێوان فەرەنسا و کوردستان دەژیت، فیلمەکەی لە ژێر ناوی کۆمپانیای agat film و لەگەڵ HS Production کۆمپانیایەکی فەرەنسی، لەلایەن بەرهەمهێنەر Marc Bordure بەرهەمدەهێنێت.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئەمریکا و ئەوروپا فیلمێکی کوردی بەناوی شەوباش پێشمەرگە، کە لە دەرهێنانی دەرهێنەری ناوداری کورد هونەر سەلیمە لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایشدەکرێت.
بڕیاربوو خولی 73یەمینی فێستیڤاڵی فیلمی کان لەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو چالاکییەکان لە فەرەنسا وەستاون، بۆیە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵی تائێستا کاتێکی دیاریکراویان بۆ سازکردنی فێستیڤاڵی فیلمی کان دیاری نەکردووە.[1]