ئارووناوا یان هارووناوا یان شاباد (بە کەڵهوڕی: ئارۊناوا، بە فارسی: اسلام آباد غرب، هەروەها: ئیسلاماوا، ئیسلاماباد، شاباد) شارۆچکەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ڕۆژاوای پارێزگای #کرماشان# هەڵکەوتووە و ناوەندی شارستانی ئارووناوایە. ئارووناوا دووەمین گەورەشاری پارێزگای کرماشانە دوای شاری کرماشان. ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی 2016دا 90، 559 کەس بووە و بە زمانی کوردی و شێوەزاری کەڵهوڕی قسە دەکەن.
ناوی سەرەکی ئەم شارە بەبنەڕەت ئارووناوا یان هارووناوا (بە کەڵهوڕی: ئارۊناوا) بووە بەڵام لە ساڵی 1935دا (1314ی هەتاوی) لە لایەن حکوومەتەوە ناوی شاەآباد یان شابادی لێ نرا و دواتر لە 1979دا هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی ئێران ناوی ئیسلامابادی ڕۆژاوایان لێ نا. ئەمڕۆکە ڕیش سپی و گەورە پیاوان هەر بە ئارووناوا ناوی لێ دەبەن. لە درێژەی مێژوودا لەلایەن حکوومەتەکانەوە ناوی زۆری لێ نراوە بەڵام خەڵکی خودی شارەکە زۆرجار ئەم ناوانەیان ڕەد کردۆتەوە. ناوی ئیسلامابادی غەرب بەدەستی محەممەد یەزدی لەم شارە نرا.
زۆربەی جەماوەری شاری ئارووناوا بە شێوەزاری کەڵهوڕی لە زمانی کوردی دەدوێن. بەڵام هەندێک لە خەڵکی شارەکە بە شێوەزارەکانی کوردیی سنجاوی، کوردیی زەنگنەیی و هەروەها کوردیی لەکی دەدوێن.