گەرچی هەڵمەتی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا ئەرکی هەموولایەک بوو، تەنانەت تاک و هاوڵاتیەکیش ئەگەر بە مانەوەی لە ماڵەوە و پابەندبوون بە ڕێنمایە تەندروستیەکان بووبێت ڕۆڵی خۆی هەبوە و شایەنی سوپاس و ستایشە، بەڵام ئەوەی زیاتر ڕوبەڕوی ڕاستەوخۆی گێڕا پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنیەکان و ڕۆژنامەنوسان بوون.
ئەگەر ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندن نەبونایە ئێمە هەمووان لەماڵەکان نەماندەزانی چی لەدەرەوە دەگوزەرێت و زانیاری لەسەر پەتای کۆرۆنا چیە و مەترسییەکە گەیشتووەتە کوێ و هیچ کام لە لێدوان و چالاکی و کۆنگرە ڕۆژنامەوانی و سەردانی بەرپرسان بۆ شوێنەکان نەدەگوازرایەوە بۆ وەرگرەکان.
ڕاستە ئەمانە هەریەکەیان کارمەند و میدیاکاری دەزگایەکی ڕاگەیاندنن و ڕۆژنامەنوسی فریلانسیشی تێدابوو، جگە لە چەند کەناڵێک نەبێت بەشی زۆری ئەم ڕۆژنامەنوسانە بە چەند مانگ جارێک موچە وەردەگرن و هەشیانە موچەکەی هێندە کەمە لە ئاست هیلاکبوونی کارەکانی ڕۆژانی ئاسایشی نیە چ جای لەکاتی ئەم قەیرانە تەندروستیە کە ڕوبەڕوبوونەوەی ژیان بوو لەگەڵ مەرگ و مەترسی توشبونیان لە هەرکەسی تر زیاتر بوو بۆ توشبوون بە پەتاکە، بەهۆی ئەو بەرکەوتانەی ڕۆژانە هەیان بوو لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانی و سەردانی نەخۆشخانەکان و ژیان لە شەقامەکاندا بۆ دەست کەوتنی زانیاری و ڕوماڵ.
جگە لەوەش کارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنیەکان گەرچی لەم کاتەدا ڕۆڵە بەرزەکەیان بێ وێنەبوو، بەڵام جگە لەوەی ڕۆژانە بە ئامادەکردنی خۆراک بۆیان و دابینکردنی جل و بەرگی پێویستی خۆپارێزی بەسەر دەکرانەوە و خزمەت دەکران.
رۆژنامەنوسەکان کەمتر ئامراز و کەلوپەلی خۆپارێزیان هەبوو یان خۆیان لە توانایاندا نەبوو کە دابینی بکەن یان باری دارایی دەزگاکانیان نەیان دەتوانی بۆیان دابین بکەن، جگە لەوەی کە ڕوبەروی ڕێگری و پێشیلکاری جۆراجۆر دەبونەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و دام و دەزگا حکومیەکان، کە ڕاپۆرتی لەبەردەستی پێشێلکاری سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان کە بریارە لە کۆتایی مانگی 6 ئەمساڵدا بڵاویبکاتەوە، شاهیدی ئەوە دەدات کەچەند پێشێلکاری لەماوەی پەتای کۆرۆنا بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان کراوە لە دەستگیرکردنەوە بیگرە تا ڕێگری و ڕێگە پێنەدان بە ڕووماڵ.
بەشێکی بەهۆی بریارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ کەچەندین بریار دەردەچوو ڕۆژانە هەموو جار دەبوو مۆڵەتی ڕێگەپێدانی ڕۆژنامەنوس تازەبکرایەتەوە. گەرچی لە گشتدا ماف هەبوو بۆ ڕۆژنامەنوس بۆ هاتوچۆ، بەڵام لێکتێنەگەیشتن و نە گشتاندنی بڕیارەکانی #وەزارەتی ناوخۆ# و حکومەتە خۆجێیەکان بەردەوام نەگەیاندنی بەدەست هێزە ئەمنیەکان ڕۆژنامەنوسی سەرباری سەختی بارودۆخ و مەترسی پەتاکە توشی زەحمەت کرد.
بۆیە گرنگە وەک دەبیستین و دەبینین لێرەولەوێ کە خەریکە مەترسی پەتاکە بە جێمان دەهێڵێت و ڕێگاوبان دەکرێتەوە خەڵات و سوپاسنامە و موکافەئە و هەندێک بەڵێن دەدرێتە ئەو لایەن و کەسانەی لە هەڵمەتی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بەشداربوون، بەڵام نابینین باسی ڕۆژنامەنوس بکرێت، بۆیە پێویستە بۆ نرخاندنی ئەو هەوڵ و ماندوبونەیان چ لە ئاستی حکومەتی مەرکەزی و چ لەسەر ئاستی حکومەتە خۆجێیەکان و تەنانەت دەزگاکانی خۆشیان بەشداریان بکەن لەهەر پاداشتێک کە بۆ ڕوبەروبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەدرێت، تاکو بە هەمووان بە ڕۆحی تیم و نیشتمانی لە خەمی هاوڵاتیان بین لە هەر قەیرانێکی تردا.
نووسینی: #نەزاکەت حسێن#