#تارا ڕەسوڵ# خانمە هونەرمەندی کورد، لە وڵاتی سوید، هاوکاری بەساڵاچوان دەکات، بەم هۆیەوە وەزیری دەرەوەی سوید بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەدەکات و سوپاسی ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیەی دەکات.
تارا لەبارەی ئەو هاوکاریانەی پێشکەشی بەساڵاچوانی سوید دەکەن، بە ڕووداوی ڕاگەیاند هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پارتەکەمان پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید پێیراگەیاند، کە دەبێت هەرکەسێک لە ناوچەکەی خۆیدا هاوکاری و یارمەتی پێشکەشی بەساڵاچوان بکەین، چونکە ئەوان نابێت لە ماڵ بێنەدەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بە خۆراک و کەلوپەلی ڕۆژانە دەبێت، بۆیە ئێمە هەموو پێدوایستیەکانیان بۆ دابین دەکەین.
تارا ڕەسووڵ لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی سوید گوتی ئان لیندا، وەزیری دەرەوەی سوێد لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەکردووم بەمەبەستی سوپاس کردن لەبەرامبەر ئەو یارمەتیەی وەک ئەندامێکی پارتی سۆسیال دیموکرات پێشکەشی هاووڵاتیانی بەتەمەنی وڵاتی سوید دەکەم، کە بەهۆی مەترسی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێستا بەساڵاچوان ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنەدەرەوە بۆ شت کڕین و بازاڕی کردن، بۆیە من و چەند هاوڕێیەک هاوکاریان پێشکەشدەکەین.
تارا دەشڵێت دوای گفتوگۆیەکی کورت لەبارەی ڕەوشی ئێستای جیهان و کوردستان، وەزیری دەرەوەی سوید پێیڕاگەیاندم، کە ئەو دۆستێکی دێرینی کوردەو هیوای خواست دوای تێپەڕبوونی ئەم ڕەوشە بەیەکەوە وەکو پارتی سۆسیال دیموکرات سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین.[1]