🏠 Սկիզբ
Ուղարկել
کوردیی ناوەڕاست
Kurmancî - Kurdîy Bakûr
English
کرمانجی - کوردیی باکوور
هەورامی
لەکی
Kurdîy Nawerast - Latînî
عربي
فارسی
Türkçe
עברית
Ελληνική
Française
Deutsch
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
Pусский
Fins
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Հետադարձ կապ
Օգտվողի մասին!
FacebookKurdipedia on Facebook
TwitterKurdipedia on Twitter
Dark modeDark Mode
ավելի շատ
Kurdipedia
🔎 کوردیی ناوەڕاست Menu
🏠|📧|Օգտվողի մասին!|Գրադարան|📅
🔀 Պատահական հատ.
❓ Օգնություն
📏 Օգտագործման պայմաններ
🔎 Ընդլայնված որոնում
➕ Ուղարկել
🔧 Գործիքներ
🏁 Լեզուներ
🔑 Իմ հաշիվը
✚ նոր նյութեր
👫 Կենսագրություն
Աբդուլլահ Օջալանը
👫 Կենսագրություն
Արամ Տիգրան
👫 Կենսագրություն
Նեչիրվան Բարզանին
👫 Կենսագրություն
Մուրաթ Քարայըլանը
📖 کۆرۆنانامەی ژنێک- بەشی سێیەم | խումբ: Հոդվածներ | Հոդվածներ լեզու: 🏳️ کوردیی ناوەڕاست
⠪ Share
Facebook
Twitter
Telegram
LinkedIn
Whats App
Viber
SMS
Facebook Messenger
E-Mail
📋 Copy Link to Clipboard
👍
⭐ Աստիճան Հատ
⭐⭐⭐⭐⭐ Գերազանց
⭐⭐⭐⭐ Շատ լավ
⭐⭐⭐ Միջին
⭐⭐ Վատ
⭐ Վատ
☰ ավելի շատ
⭐ Ավելացնել իմ հավաքածուների
💬 Գրեք ձեր մեկնաբանությունը մոտ այս նյութը!

✍️ Նյութերի պատմություն
🏷️ Metadata
RSS

📷 Փնտրել Google պատկերների հետ կապված ընտրված տարրը.
🔎 Փնտրել Google ընտրված տարրը.
✍️✍️ Թարմացնել այս նյութը!
| 👁️‍🗨️ | 👂

کۆرۆنانامەی ژنێک- بەشی سێیەم
بۆچی و بۆ کێ خۆمان جوانپۆش دەکەین؟
سێیەمین هەفتەی ماڵنشینکردن خەریکە تێدەپەڕێ و رۆژ بە رۆژ زیاتر هەست بە فشاری رۆژگاری کۆرۆنا دەکەم. ئەمە لەوانەیە بارودۆخی هەموومان بێت. خەریکە لەگەڵ ژیانێکی نوێ رادێین کە بەدڵمان نییە، بەڵام لە پێناوی تەندروستیی گشتی هەوڵ دەدەین خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین. لەوانەیە ئەم خۆگونجاندنە وردە وردە ببێتە عادەت و خووی پێوە بگرین. مرۆڤ توانایەکی سەیری خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ سەخترین بارودۆخدا، .لەگەڵ تەنهایی و گۆشەگیری، لەگەڵ دووری لە ئازیزان، لەگەڵ کارکردن لە رێگای ئینتەرنێت و بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەبەردەمی شاشەی کۆمپیوتەرەکانمان.
بۆ دوورکەوتنەوە لە شاشەکان، ئەم چەند رۆژە لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە زۆر سەرنجی جیهانی دەرەوە دەدەم. جیهانی دەرەوەش جاددەیەکە کە پانتایی حەوشەیەکی بچووک لە ماڵەکەمی جیا دەکاتەوە. جاددەکە ناوی ڤیکتۆر هوگۆ-یە و لە سەنتەری گوندی لویین-ەوە درێژ دەبێتەوە تا بەرزاییەکانی ڤۆگارۆ. ئەم لا و ئەو لای جاددەکە بە درەختی ماخچەی ماڵەکان رازاوەتەوە. درەختەکان چرۆیان کردووە و سێبەریان درێژ بۆتەوە تا ناوەڕاستی جادەکە. بەردەرگای ماڵەکەی من تاکە رێگایە بۆ چوونە سوپەرمارکێتی لادێکە کە 500 مەترێک لێمەوە دوورە. سەرنشینەکانی ئەم گەڕەکە رۆژانە تاک و تەرا، بە هەنگاوی هێمن یا قورس بە ئاراستەی سوپەرمارکێتەکە بە بەردەمی ماڵەکەمدا تێدەپەڕن.
دوێنێ کاتێ لە پەنجەرەوە دەمڕوانی، پیاوێکی جوانپۆشم بینی، دەتوانم بڵێم تەمەنی لە سەرەوەی پەنجا ساڵی بوو. قاتێکی رەشی لەبەربوو، لە خەتی پانتۆڵەکەی کە لەناو قەدییەوە تا سەر قەیتانی پێڵاوەکانی بە یەک خەتی راست و رەوان هاتبۆ خوارەوە، دیاربوو زۆر بە دیقەتەوە وتووی کردبوو. نیوکۆتێکی لەسەرەوە پۆشیبوو کە دوگمەکانی کردبوونەوە و کراسە قرمزییەکەی جوان دیار بوو. ملپێچێکی سووری گەشی لە مل بوو کە زۆر بە ناسکی بە هەردوو لای سنگیدا شۆڕ ببوەوە و لەگەڵ رۆیشتن بە نەرمی دەجووڵایەوە. شەپقەیەکی رەشی لەسەر بوو لەگەڵ چاویلکەیەکی قاوەیی کاڵ کە لەگەڵ رەنگی ملپێچ و کراسەکەی جوان گونجا بوو. پێلاوە بریقەدارەکانی کە دیاربوو تازە بۆیە کرابوون، لە ژێر تیشکی خۆر دەبریسکانەوە. ئەم پیاوە زۆر بە هێواشی هەنگاوی دەنا، هەروەکو ئەوەی لەسەر ئاوازی هەنگاوەکانی سەما بکا. ئاوڕی لەم لا و ئەو لا نەدەدایەوە بە نەرمی و بە دووری چەند مەترێک سەیری پێش خۆی دەکرد. زەمبیلێکی سورباوی بە دەستەوەبوو و دیار بوو بۆ شت کڕین بەرەو سوپەر مارکێتەکە دەچوو.
دیمەنی ئەو پیاوە زۆر سەرنجی راکێشام و بە وردی سەیرم دەکرد تا بە وردی وێنای بکەم. لەو ماوە کەمە خۆم لەبیرکردبوو هەروەکو ئەوەی پەنجەرەی ژوورەکەم شاشەی سینەما بێت و دیمەنی ئەو پیاوەش سەرەتای فیلمێکی ئەفسووناوی. کە بە تەواوی دوورکەوتەوە، کۆمەڵێک پرسیار لە لام دروست بوون: مرۆڤ بۆچی جلی جوان دەپۆشێ؟ بۆ کێ خۆی جوان دەکات؟ ئایا جوانپۆشین و خۆجوانکردن بۆ خۆمانە یا بۆ چاوی ئەویتر؟ ئەی چی لە پشتەوەی ئارەزووی جوانپۆشی و خۆجوانکردن؟ ئەمانە پرسیاری رەوان لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا کە خۆمان خزاندۆتە ماڵەکانمان و کەس نابینین، ناچینە ئۆفیس، مەوعیدمان لەگەڵ کەس نییە، ناچینە رێستۆرانت و قاوەخانە و پیاسەکانیشمان کورت و خێرا و پڕن لە گرژی.
دیمەنی ئەو پیاوە وای کرد سەیرێکی جلەکانی خۆم بکەم؛ لەوەتای ماڵنیشینم، من گرنگی نادەم بە خۆگۆڕین و ماکیاژ (لە کاتی ئاسایشدا ماکیاژ زۆر کەم بەکاردەهێنم). رۆژانە دوای یۆگا و مێدیتەیشن، حەمامێکی خێرا دەکەم، هەمان جینز و بلوز دەپۆشم، قژم هەر بە ئاستەم دادەهێنم و دەست بەکارکردن دەکەم. ئەو ماوەیە زۆربەی کاتم بە ئامادەکردنی کۆرسەکانم بەسەر دەبەم کە لە رێگای ئینتەرنێتەوە پێشکەشیان دەکەم. جاران کە رۆژانە بۆ دەوام دەچووم، بەلامەوە گرنگ بوو جلێکی شیاو و جوان بپۆشم، بیرم لە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان رەنگەکانیش دەکردەوە. ئەگەر بوارم هەبوایە جلەکانیشم وتوو دەکرد، سپرەیەکی دژە ئاوم لە بۆتینەکەم دەدا. کرێمم لە پێستم دەدا، گوڵاوێکی خۆشم بەسەرخۆمدا دەپژاند و هەستم بە فرێشی و جۆرە نەشئەیەک دەکرد.
ئەو رۆژە دیمەنی ئەو پیاوە هەر لە خەیاڵم بوو و لە کاتی ئامادەکردنی نانی نیوەڕۆ بۆ نەوزادم وەسف کرد. نەوزاد بە وردی گوێی گرتبوو و وتی راست دەکەی، ئەو پیاوە بۆ کوێ دەچوو؟ ئەگەر لە رۆژگاری کۆرۆنا نەبوایە، دەمانوت ئەو پیاوە بۆ ئاهەنگ، کەرنەڤال یا بۆ زەماوەند دەچێ؟ لەگەڵ نەوزاد پێکەوە کەوتینە گفتوگۆ دەربارەی هونەر و فەلسەفەی جلپۆشین و خۆجوانکردن.
جوانپۆشی و ئارایشکردن وەک پرسێکی ئێتیکی و ئێستێتیکی
نەوزاد رای وا بوو کە مرۆڤ بۆ خۆی خۆی جوانپۆش دەکات و لەم کردەیەش بیر لە ئەویتر ناکاتەوە. وتم ئەمە وەک ئایدیا راستە، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەیە. بە نەوزادم وت سەیرێکی خۆت بکە، لە ماوەی ماڵنشینیدا بەیانیان بێتاقەتانە تیشێرتێک و جینزێک دەپۆشی و ریشیشت ناتاشی. پێکەنی و وتی ئەمڕۆ دوای حەمام کراسێکی جوان لەبەردەکەم و خۆم جوانپۆش دەکەم.
دەشێ ئێمە بۆ زەوقی خۆمان خۆمان جوانپۆش بکەین، بەڵام نیگای ئەویتر و چاوی دەرەوە رۆلی زۆریان هەیە؛ ئەگەر لەگەڵ کەسیش مەوعیدمان نەبێ، کەسیش نەبینین، ئەوە لە ناهۆشیاریماندا کردەی خۆجوانکردن و جوانپۆشین بۆ ئەویترە و بە پێی پێوەرە ئێستێتیکییەکانی دەوروبەریش خۆمان ئارایش و جوانپۆش دەکەین. لە رووی فەلسەفییەوە، ئەمە پرسێکی ئێتیکی و ئێستێتیکییە. ئەم کردەیە هەوڵێکە بۆ دەرخستنی دیوێکی جوانتری خود و شاردنەوەی لایەنە تاریکەکانیش. هەروەها لەم هەوڵەدا لەوانەیە مرۆڤ تەحەددای سەختیی رۆژەکان، یا بێهودەیی ژیان بکات.
ئەو پیاوە جوانپۆشەی بە جاددەی بەردەم ماڵەکەمدا تێپەڕی، لەوانەیە ئەو بەیانییە بڕیاری دابێ تەحەددای پەتای کۆرۆنا بکات و چێژیشی لە کردەی جلپۆشین و وتووکردن و بۆیاخکردنی پێڵاوەکانی وەرگرتبێ. کێ دەڵێ لە شەوەوە خۆی بۆ ئامادە نەکردووە بۆ رەوینەوەی تەنهایی یا بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە بوونی خۆی بکات، چێژێک بەخۆی ببەخشێ. چونکە ئەو بەیانییە ئەو پیاوە جوانپۆشە لەو جادە چۆڵەدا لەسەر ئاوازی هەنگاوەکانی سەمای دەکرد و بە جیهانی دەوت سەرەڕای کۆرۆنا من لەم چرکەساتەدا هەم، بەشێوەیەکی جوانیش هەم. دەشێ بەو کارەش ئەو بەشەی ناخی بشارێتەوە کە لەوانەیە شتێک بێ لە نیگەرانی، لە دوودڵی یا ترس.
کێ دەڵێ بە کردەی جوانپۆشی مرۆڤ بۆشاییەکی رۆحی پڕ ناکاتەوە؟
لەناو ئارەزووی خۆجوانکردن، دەشێ بمانەوێ زیاتر لایەنی ژنانە و لایەنی پیاوانە دەربخەین، دەشێ بمانەوەی منداڵتر، گەنجتر، یا کامڵتر دەربکەوین. لە هەموو ئەم حالەتانەدا، هەمیشە لەناو ئەو ئارەزووەدا کەسێک هەیە کە ئەویترە، مەبەستم نیگای ئەویترە. بەڵام بە رای من، مرۆڤ لەم کردەیەدا بۆشاییەکی رۆحی پڕ دەکاتەوە.
ئەو پاش نیوەڕۆیە نەوزاد کراسێکی سپی پۆشی و بە راڕاوەکەدا تێپەڕی و سەیرێکی منی کرد و بە بێدەنگی پێی وتم ئەوەتا خۆم جوانپۆش کردووە سەرەڕای ئەوەی کە لە ماڵیش دەرناچم. منیش زەردەخەنە گرتمی و پێم وت کە زۆر جوان لێی هاتووە. ئەویش دڵی پێخۆش بوو. لە پەروەردەکردنم هەمیشە هەوڵ دەدەم کە کوڕەکەم سەرڕاست بێ و خاوەن قەناعەت و هەڵوێست بێ، بەڵام لە بیروڕا و بۆچوونەکانی رەها نەبێ، رووبەرێکی بچووک بۆ گومان جێ بهێڵێ و شتەکان بە رێژەیی ببینێ. بۆیە دواتر پێم وت کە خود زۆر گرنگە، بەڵام مرۆڤ بۆ جیهانی دەرەوەش، بۆ چاوی ئەویتریش خۆی جوانپۆش دەکات. ئەو کەسە لەوانەیە دایک بێ، باوک بێ، منداڵەکەت بێ، خوشک و برا یا هاوڕێ یا دۆست و یار یا کۆمەڵگە بێ لە فەزای گشتیدا. پێم وت لەوانەیە مرۆڤ لەناو تەماشا و نیگای ئەویتردا، هەست بە بوونی خۆی بکات، خۆی باشتر هەڵبسەنگێنێ. لەوانەیە ئەمە جۆرێک بێ لە گەڕان بەدوای بوون و ئەزموونکردنی ژیان: واتە من لە نیگای ئەویدیکەدا هەم. لەم هەڵسەنگاندنەدا، دەشێ مرۆڤ هەست بە وزە و مۆتیڤ و جموجۆڵ بکات. لە نیگای کەسی خۆشەیستیش کاتێ بە بێدەنگی سەیرمان دەکات، هەست بە حەزی ئەویتری خۆشەویست دەکەین. هەندێ جاریش مرۆڤ بە خۆ جوانپۆشکردن هەوڵ دەدات ئەو حوزن و نیگەرانییانەی لە چاوی دەرەوەی بشارێتەوە و رێزگرتنێکیش بێ بۆ خودی خۆی و بۆ دەوروبەر.
دەروونناسەکان دەڵێن جوانپۆشی و دەرکەوتن بە شێوازێکی دڵڕفێن جۆرێکە لە تەحەدداکردنی واقیع. ئەوە وتەی ژنێکی فەڕەنسیم بیردەهێنێتەوە کە نەخۆشی شێرپەنجەی هەبوو. ئەو ژنە دەیوت، هەموو جارێ کە چارەسەری کیمیایی وەردەگرم، دەگەڕێمەوە ماڵ و بە جوانترین شێوە خۆم دەگۆڕم و هەست بە بوونی خۆم دەکەمەوە، چێژ لە ساتەکان وەردەگرم. بۆ ئەو ژنە ئەمە جۆرێک بوو لە کۆڵنەدان و دەیوت: ژیان بەردەوامە و ئارەزووی ژیانیش لە مندا بەردەوامە. ئەوە ئەو پەیامە بوو کە من لە دیمەنی ئەوە پیاوە جوانپۆشەی جادەی ڤیکتۆر هوگۆدا هەستم پێ کرد.
جەنەرال و سەگەکەی لە رۆژگاری کۆرۆنادا
پەنجەرەکەم بۆتە دەلاقەیەک و لێیەوە جیهان دەخوێنمەوە. لە کاتی پشوودا کۆمپیوتەرەکەم دادەخەم و ئامێرێکی وەرزشیی رۆیشتنم هەیە لە نزیک پەنجەرەکە دامناوە و بە دەم وەرزشەوە، سەیری دەرەوە دەکەم. رۆژی هەینی رابردوو، 27 ی مارت، پیاوێکی بەساڵاچوو بە جاددەی ڤیکتۆر هوگۆدا تێپەڕی. ئەو پیاوە بە پێچەوانەی پیاوە جوانپۆش و خۆشهەنگاوەکەی رۆژی پێشوو، چاکەتێکی کۆنی سەربازی پۆشیبوو کە لە ئەوانەی جەنگی جیهانیی دووەم دەچوو. لە سەرشانەکانی کۆمەڵێ مەدالیا و ئەستێرە هەبوون کە پایەی باڵای لە ریزی سوپاییدا دەردەخست. لە جلوبەرگ و مەدالیا و ئەستێرەکانی من وای بۆ چووم کە جەنەراڵ بووبێ. بێرییەکەشی کە بە لاری لەسەری نابوو هەر ئاماژە بوو بۆ پایەبەرزی لەناو سوپادا. پۆستاڵێکی خاکی لە پێ بوو و دیاربوو دەیویست بە ریتمی مارشی سەربازی هەنگاو بنێ، بەڵام پیری و سەگەکەی بەرهەڵستییان دەکرد.
جەنەڕال پەتێکی درێژی لە ملی سەگەکەی کردبوو و بەدوای خۆیدا رایدەکێشا. سەگەکە بچووک و بۆر بوو، هەروەکو خاوەنەکەی زیتەڵە و گورج نەبوو. بە پێچەوانەوە، سەگەکە زۆر بەستەزمان دیاربوو و بە زەحمەت رێی دەکرد. وا پێ دەچوو ئەو کۆنە جەنەڕالە بۆ پیاسە هاتبێتە دەرەوە، بەڵام لە پۆشاکەکەیدا رێک وەک ئەوە وابوو بۆ جەنگ بچێت، جەنگێکی مایەپووچ. بێزاری و پیریش تا ئەوپەڕی نائومێدییان کردبوو. ئەمانە بە روونی لە هەنگاوە قورسەکانی، لە رووخساری پڕ لۆچی و لە مامەڵەی لەگەڵ سەگەکەی رەنگیان دابووەوە.
جەنەرال ماندوو دیار بوو و هەر زوو زوو ئاوڕی لە سەگەکەی دەداوە، ئەو دەستەی کە پەتەکەشی گرتبوو بەرەو پێشەوە توڕ هەڵدەدا وەک ئەوەی بیەوێ هاونێک هەڵدا، بەڵام ئەو جووڵەیەی تەنها بۆ راپێچکردنی سەگەکەی بوو کە بە سستی و تەمەڵانە دوای کەوتبوو. کاتێ سەگەکە لای دایە قەراغ جادەکە بۆ میزکردن، پیاوەکە بە تووڕەییەوە تێی راخوڕی و هەوڵی دا بەدوای خۆی پەلکێشی بکات، بەڵام سەگەکە بەردەوام بوو لە میزکردن، هەروەکو ئەوەی بیەوێ تەحەددای بکات.
لە دیمەنی ئەو جەنەڕالە لە یەک کاتدا هەستم بە رابردوویەکی شکۆمەندانە و بە خەمێکی گەورە کرد. هەستم بە پیرییەکی پڕ ئازار، بە تەنهاییەکی کوشندە کرد کە هەندێ جار لە رۆژئاوا بە راگرتنی سەگێک دەیڕەوێننەوە. لە رۆژانی شکۆمەندیدا کێ دەڵی ئەو جەراڵە گەنجێکی زۆر قۆز نەبووە؟ کێ دەڵێ رۆژەکانی پڕنەبوون لە شەهوەت و لە ئێوارەکانی پاریسیشدا بە یاوەریی ئافرەتە نازدارەکانی پیگال لەوپەڕی نەشئە و چێژدا نەژیاوە؟ ئەمڕۆش بە جلە سوپاییەکانییەوە و پەتی ملی سەگێک رادەکێشێ و لەو جادە چۆڵەدا وەک دۆن کیخۆت شەڕی پیری و شەڕی خەم و شەڕی تەنهایی دەکات. ئەمڕۆ، لە رۆژگاری کۆرۆنادا، ئەو جەنەڕالە لە خەیاڵی خۆیدا بە جلە سوپاییەکەی و مەدالیا و ئەستێرەکانی سەرشانی و بۆ جەنگێک دەچوو کە دوژمنەکەی شاراوە و نادیارە، لە ناوە و لە دەرەوەیە. لە رووخساری ئەو پیاوەدا سێ سیما بە زەقی خۆیان دەنواند: سیمای پیری و سیمای ڤایرۆسی کۆرۆنا و سیمای جەنگ.
مرۆڤ پیر دەبێ، تا دوا ساتیش نازانێ زەمەن دەبڕێ یا ئەوە زەمەنە بەناو ئەودا تێدەپەڕی و بەرەو پیری پەلکێشی دەکات. هەموومان پیر دەبین، بەڵام پیری لەسەردەمی کۆرۆنا وەکو پیربوون لە سەردەمەکانی دیکە نییە. لەم رۆژگارەدا ئەگەر بشکەویت، ئەوە کەس بە هاناتەوە نایەت و لە خەستەخانەکانیش بڕیار دراوە بۆ رزگارکردنی زۆرترین ژمارەی تووشووان، بەدەنگ پیرەکانەوە نەچن و لێیان دەگەڕێن لە قاوشێکی سارد و سڕ بە بێدەنگی سەربنێنەوە. لە کاتی ناشتنیشدا، بەهۆی مەترسی کۆرۆناوە، کەس ناتوانێ بۆ دوا جار لە نزیکەوە خواحافیزیان لێ بکات، باوەشێکیان پێدا بکات و دوا ماڵئاواییان لێ بکات. هەرچەندە ئێستا سەرەتایە، بەڵام تراژیدیا و دەرهاویشتە نامرۆڤایەتییەکانی کۆرۆنا خەریکە وردە وردە و بە زۆر شێواز دەردەکەون.
پەیوەندییەکان ئەمڕۆ هەموو لەسەر بنچینەی توندوتیژی و پێشبڕکێ و زاڵبوون و دەسەڵات بنیات نراون، خۆشەویستی و میهرەبانی و رێز وەک لاوازی و خاڵی بێدەسەڵاتی سەیر دەکرێن. مرۆڤەکان وەک ئاژەڵن، هەندێکیان سەردارن و هەندێکیش کۆیلەن، هەر لەو ئاستەشدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. هەندێکیان وەک سەگ لە بەرامبەر مووچەیەکی کەم بەکرێ دەگیرێن بۆ ئاوەدانی یا بۆ خزمەتی سەردارەکانیان. هەندێکیان وەک مێگەل راو دەنرێن، لەسەر سنورەکان پارچە نان و پارچە گۆشتیان بۆ هەڵدەدەن. هەندێکیان لە کامپەکان تێلبەند دەکرێن. هەندێکیشان لە چوارچێوەی چوار دیوار وەک باخچەی ئاژەلان دەستبەسەر دەکرێن. هەندێکیان سەردەبڕێن بۆ ئەوەی گۆشتەکەیان بخۆین. ئەوە ئێمەین هاوڕێم، نوێنەرایەتی ئەو سەردەمەی مرۆڤایەتی دەکەین.
پەتای کۆرۆنا یا پەتای بێباکی و تاکڕەوی؟
ژنێکی پیر لە شەقام کەوت و هاواریکرد، بەڵام کەس بەهانایەوە نەچوو
چیرۆکی ژنێکی بەساڵاچوو کە لە جادە دەکەوێت و هاوار دەکات، بەڵام کەس ناچێت بەهانایەوە لە خەیاڵم دەرناچێ. کاتێ لە رادیۆی فرانس ئەنتێرەوە بیستم، بیرم لە دایکم کردەوە، لە پیریی و ناسک بوونەوە و ئارەزووی پێکەوەبوون و ئاوەدانی و پێویستییەکی ئێجگار زۆر بە هاوکاری و یارمەتی. ژنێک لە رێگای تەلەفۆنەوە باسی ئەوەی کرد کە لە جاددەکەی بەرامبەریان ژنێکی پیری بینیوە رەتی بردووە و کەوتووە، هاواری کردووە و کەس بە هانایەوە نەچووە. ئەمە بوو بە باسی دەرهاویشتە نامرۆڤایەتییەکانی کۆرۆنا.
ئەم چیڕۆکە منی بردەوە لای رۆمانی 'کەوتن' ی ئەلبێرت کامو. مرۆڤێک دەکەوێ و ترسێک یا شتێک لە شێوەی بێباکی، لە شێوەی نەبوونی ویژدان وا دەکات کەس بە هانایەوە نەچێت. پاڵەوانی رۆمانەکەی کامو، جان باتیست کلێمەنس، هەموو توانا و هێزێکی هەبوو بۆ ئەوەی ئەو ژنە لە خنکان رزگار بکات کە لەسەر پردی پاریس خۆی هەڵدەداتە خوارەوە. بەڵام رووداوەکە جان باتیست کلیمەنس ناجوولێنێ و هیچ ناکات. ژنەکە دەخنکێ. دواتر، ئەم رووداوە ویژدانی داگیر دەکات، ئیتر لێرە بەدواوە ناتوانێ لە خەیاڵ و ژیان و بیری خۆی دەری بکات، تەواوی ژیان و بوونی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. کامو پێمان دەڵێ ئەوە جان باتیست کلێمەنسە کە دەکەوێ و لەناو بێیاکی و تاکڕەوی و بێهوودەییدا دەخنکێ.
ژنێکی پیر دەکەوێ و هاوار دەکات و کەس ناچێ بەهانایەوە! ئەمەیە ئاستی مرۆڤایەتیی ئێمە لە سەردەمی کۆڕۆنادا. ئەگەر رووداوێکی ئاوا ویژدانی ئێمە، ویژدانی مرۆڤایەتی نەهەژێنێ، ئەوە هیچ لەو پەتایە فێرنابین، کە تەنها پەتای کۆرۆنا نییە، بەڵکو پەتای بێباکی و لووتبەرزی و تاکڕەوییە. ئەمە قەیرانی مرۆڤایەتیمانە لە سەردەمی کۆڕۆنادا، ئەوە ئێمەین، هەموومانین لەم رۆژگارەدا بە هێواشی دەکەوین. چی و کێ دەتوانێ رێگری لە کەوتنی مرۆڤایەتی بکات؟
نایەکسانی و توندوتیژی لە زیادبوون دان
لەگەڵ ئەم قەیرانە، دەرهاویشتە خراپەکانی کۆرۆنا زیاتر مێگەلی مرۆڤ بەرەو کەوتن رادەدێرێت. لە رۆژە ئاساییەکان ئەگەر یەکێ لە جادە بکەوێ، کەسێک هەیە بە هانایەوە بێت و هەڵی بگرێتەوە، تەلەفۆنی ئیسعاف بکات. بەڵام لە رۆژگاری کۆرۆنا، نابێ بکەویت، نابێ نەخۆش بکەویت، چونکە لەبەر مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کەس بە هانای کەسەوە نایەت، لە خەستەخانەکانیش نە جێگا هەیە و نە کەرەستەکانی خۆپارێزی و چارەسەر. ئەمڕۆ مرۆڤ بە قۆناغی هەرە ناشیرینی ئەزموونی مرۆڤبووندا تێدەپەڕێ. راستە هەندێ ئاماژە هەن کە گیانی هەرەوەزی و هاوکاری و خۆشەویستی دەردەخەن، بەڵام جارێ زۆر زووە لە کاریگەری و دەرهاویشتە ناشیرینەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تێ بگەین.
ئەوانەی لە کەرتی تەندروستی کار دەکەن ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە و رۆژانە دە بۆ دوانزە سەعات لە خەستەخانەکان کار دەکەن. لە فەڕەنسا هەموو ئێوارەیەک سەعات 8 وەک جۆرێک لە شایان و رێزنان لە ماندووبوون و شەونخونیان چەپڵەیان بۆ لێ دەدەن. کەچی ئەم هەڵوێستە نەبۆتە مایەی ئەوەی خاسیەتە ناشیرینەکانی مرۆڤ بگۆڕێت. هەفتەی رابردوو لە شاری مۆنپۆلیێ خاوەنماڵێک ژنێکی پەرستیار لە ئەپارتمانەکەی دەردەکات گوایە ئەو پەرستیارە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی لە باڵەخانەکە هەیە. دەرکردنەکەشی لە شێوەی شەڕێکی دەروونی وەک بڕینی ئاو و کارەبا و تانە و توانجی رۆژانە بووە کە ئەو ژنە 37 ساڵە ناچار دەکات کلیلی ئەپارتمانەکەی تەسلیم بکاتەوە.
کرێکار و کارمەندانی کەرتی تەندروستی کە بە پێی ئامارەکان، لە 70% ژنن، زۆربەیان هەژارن و لە دۆخێکی ژیاری باشدا ناژین. لە بەشی یەکەمی کۆرۆنانامەکەم باسی مەترسی زیادبوونی نایەکسانیم کرد و هەفتەی رابردوو وتارێکم دەربارەی زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی بڵاوکردەوە. ئەمانە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەکەون؛ لە ماوەی چوار مانگی رابردوو، توندوتیژیی خێزانی لە سەرانسەری جیهان زیادی کردووە. بە پێی راپۆرتێکی زە گاردیەن لە هەرێمی هووبەی چین-دا کە یەکەمجار ڤایرۆسەکەی لێ بڵاوبۆوە، راددەی توندوتیژی سێ بەرامبەر زیادی کردووە. لە برازیل توندوتیژی بەرامبەر ژنان بە راددەی 40% تا 50% زیاد کردووە. لە ئیسپانیا/کەتەلان هێڵی گەرمی تایبەت بە توندوتیژیی خێزانی بە راددەی 20% زیاتر کەیسی تۆمار کردووە و لە قوبرسیش بە راددەی لە ٪30. ئەمانە هۆشدارین بۆ ئەو مەترسییانەی ژنان (منداڵانیش) لەناو خێزان بەرەوڕووی دەبنەوە.
لە فەڕەنسا توندوتیژی بە راددەی 36% زیادیکردووە. حکومەت هێڵی گەرمی تایبەت بە توندوتیژیی خێزانی و کۆرۆنای داناوە و داوا لەو ژنانە دەکات کە ئەگەر نەتوانن لە ماڵەوە تەلەفۆن بکەن، ئەوە لە دەرمانخانەکانەوە کاتێ دەردەچن بۆ کڕینی دەرمان داوای هاوکاری بکەن. دەرمانخانەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە لە کاتی داوای هاوکاری، دەبێ پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن تا بە هانای ژنە هەراسانکراوەکانەوە بێن. وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئەم هەفتەیە رایگەیاند کە توندوتیژی خێزانی دەبێ وەک ئەولەوییەت گرنگی پێ بدرێ و لە بنکەکانی پۆلیس فەرامۆش نەکرێت.
ئەمڕۆ کە هەموو ئەندامانی خێزان ماڵنشین کراون، نەک تەنها ئەرکی ژنان زۆر لە جاران زیاتر بووە، بەڵکو فشار و بەریەککەوتن و توندوتیژیش زیادی کردووە. من دۆخەکە وەک مەنجەڵی هەڵمپەست وەسف دەکەم کە لەناوەوە فشارێکی زۆر هەیە و دەبێتە مایەی بەریەککەوتن و پێکدادان و تەقینەوە. ژنان لە ماڵەوە لە ژێڕ فشارێکی زیاتر دان.
ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ ژنە دراوسێکەم کە خانەنشینە بۆ دووەم جار قسەمان کرد: بۆنژور، بۆنژور... دوای کەمێ بێدەنگی، لێم پرسی تەندروستی چۆنە و چۆن کات دەگوزەرێنێ، پێی وتم باشە، بەڵام نیگەرانی تەندروستیی هاوسەرەکەیەتی کە شێرپەنجەی هەیە و تەمەنیشی لەسەرەوەیە. وتی کە وەک پەرستیار خزمەتی دەکات و دەترسێ ئەگەر وەزعیشی تێک بچێ، خەستەخانەکان قبوڵی نەکەن، چونکە هەموویان تەرخان کراون بۆ تووشبووانی کۆرۆنا.
ژنە دراوسێیەکم کاتی خۆی، پێش خانەنشینی، کاری گوڵفرۆشی کردووە. جگە لە خزمەترکردنی هاوژینەکەی، دڵی زۆر بە باخچەکەی دەکرێتەوە. لە رۆژانی هەتاودا دڕک و داڵ بژار دەکا و گوڵەکان ئاو دەدات و ژێر درەختەکان لەگەڵای وشک و خۆشەراکی زستان پاک دەکاتەوە. ئەم بەیانییە پێی وتم کە پیشەکەی پێ خۆش بوو، بەڵام لە تەمەنی پەنجا و یەک ساڵیدا دەریان کرد، چونکە خاوەنکارەکەی لەبەر چاوچنوکی زۆرترین کاری بە کەمترین فرۆشیار دەکرد. ئومێدمان خواست کە کۆرۆنا شتێک لەو سیستەمە بگۆڕێ کە هەر یەکێکمان بەجۆرێ دەستەوەستانی بووین. نە من و نە ئەو، زۆر گەشبین نەبووین.
جگە لە نایەکسانی و توندوتیژیی خێزانی، لەم ماوەیەدا رەگەزپەرستی و ستیگماتیزەکردنی کەسانی تووشبوو و قێزبوونەوە لێیان زیادی کردووە. هەندێ کەسی رەگەزپەرست، لەوانە سەرۆک ترەمپ دەیانەوێ لە جیاتی کۆرۆنا، ڤایرۆسەکە بە ڤایرۆسی چینی ناودەبات. ئەمانە بوونەتە هۆی زیادبوونی رەگەزپەرستی و زیادەڕۆیی، بەتایبەتی بەرامبەر چینی و کەسانی ئاسیای دوور. هەندێ لەمانە لە رادیۆکانەوە گەواهی ئەو هێرشانە دەدەن کە لەم ماوەیە لە شێوەی لێدان و جوێن پێدان و بێز لێکردنەوە و مۆڕە لێکردن بەرەوڕووی دەبنەوە. بۆ پاراستنی خۆیان، لە ئەمریکا هەندێک لە چینییەکان هانایان بردۆتە بەر کڕینی چەک، بەتایبەتی دەمانچە.
لە داهاتوو مەترسی ئەوە دەکرێ کە مرۆڤەکان چیتر نەتوانن لە نزیکی یەکتر بژین، جیاوازی قبوڵ بکەن و لە کاتی تەنگانە بە هانای یەکترییەوە بێن. جگە لە فشار و ترس و نادڵنیایی هەنووکەییمان، ئەمانە لە رووی دەروونییەوە کاردانەوەی خراپیان دەبێ کە لە ئێستادا کەمتر هەستیان پێدەکەین.
ساتێ بۆ پیاسەی مراوییەکان لە شانزەلیزێ
کۆرۆنا مرۆڤی لە فەزای گشتی دەرکرد، سروشتی زیندوو کردەوە و پەلەوەر و ئاژەڵ و باڵندەکانی هێنایە سەر جادەکان. لە پاریس، لە کۆنکۆرد و شانزە لیزێ، لە پلاس رێپوبلیک و لوڤر مراوی تاک تاک یا پۆل پۆل لەسەر جادەکان پیاسە دەکەن. لە کاتی ئاساییدا ماشێنێک بە تیژی دێت و پانیان دەکاتەوە، بەڵام کۆرۆنا ماشێنەکانی بێدەنگ کرد، مرۆڤەکانی ماڵنشینکرد و جموجۆڵ و ژیانی هێنایەوە بەر سروشت و بوونەوەر. لە ناوەڕاستی فەڕەنسا، لە نزیک شاری تووغ مامز و ئاژەڵە کێوییەکانی لە کەناری لواغ پاڵ دەکەون و باڵندەکان لەسەر پشتیان دەنیشن و لە هاوسەنگییەکی سروشتیدا جوانییەکی میلانکۆلییانە نەخش دەکەن.
بەیانیان سەرچڵی درەختەکانی باخچەکەم پڕ دەبن لە باڵندە و چەشنی ئۆرکێسترایەکی پڕ هارمۆنی دەخوێنن. لە رۆژە ئاساییەکان، نە من بوارم هەبوو ئەو ئاوازە ببیستم، نە باڵندەکان لەبەر دەنگی ماشێن و پاس و هاتوچۆی خەڵک دەیانتوانی بە ئارامی بنیشنەوە.
دوێنێ بەیانی لەسەر مێزی ناو چیمەنی دراوسێکەم سەگێکم بینی قنج و جوان لە ناوەڕاستی مێزەکە وەستابوو و سەرنجی منی دەدا کە لەودیوی تامانی باخچەکەوە بە سەرسامیەوە سەیرم دەکرد. ئەو سەگە تووکنە ئاسوودە دیاربوو بەوەی کە تەواوی رووبەری مێزێکی داگیر کردووە و مرۆڤیش لەو دەوروبەرە نییە بە نیگا و ئاماژە و توڕەییەوە بیهێننە خوارەوە. لە رۆژە ئاساییەکان، کاتێ کەمێ خۆر هەڵدێ، باخچەی دراوسێکەم پڕ دەبێ لە میوان، سەرمێز دەڕازێندرێتەوە و ئەگەر سەگەکەیان لە مێزەکە نزیک بێتەوە ئەوە بە شێوازێک تێی دەگەیەنن کە نابێ لەوێ بێت و دەیهێننە خوارەوە.
فەرەنسییەکان زۆر حەزیان لە ئاهەنگ و سەما و میوزیکە. لە ویکێندی رۆژە ئاساییەکان، کۆدەبنەوە و بە دەم خواردن و خواردنەوە ئەو ناوە پڕ دەکەن لە دەنگ و پێکەنین و میوزیک. قەرەباڵغییەک کە زۆرجار بۆ دراوسێ پیر و هێمنەکان دەبێتە بارگرانی. لە رۆژگاری کۆرۆنا، هەمووان ئارامن و لە جێگای ئەوان، باڵندە و پەلەوەر و ئاژەڵەکان لە باخچە و سەر جادە و مەیدان و سەر پلاژەکان دەخوێنن و پیاسە دەکەن.
لەم بارەیەوە هەزاران پۆستەری گاڵتە و نوکتەئامێز دەبینین لە شاشەکانمانەوە. یەکێک لەو پۆستەرانەی سەرنجی راکێشام کۆمەڵێ ئاژەڵ بوون کە بە کۆڵانە و جادەکاندا پیاسە دەکەن و لە ژێڕەوە نووسراوە، 'ئاژەڵەکان سەردانی باخچەی مرۆڤ دەکەن'. بیرم لە مێژوو کردەوە؛ لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم کە سپیپێستەکان ژن و پیاوی رەشپێستیان لە قەفەس دەکرد و لە پارکە گشتییەکانی پاریس و لەندەن وەک ئاژەڵ نمایشیان دەکردن و خەڵکیش بە بێ خۆخستنە پرسیارەوە دەهاتن بۆ سەیرکردنیان. ئەم مێژووە زۆر دوور نییە و ئێستای مرۆڤایەتیش بەشێکی گەورەی مۆرکی ئەو رابردووەی هەڵگرتووە.
خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخە سەختەکان
'ئەگەر ناتوانی جیهان بگۆڕی، خراپتریشی مەکە' ئەلبێرت کامو لە ماوەی ماڵنشینکردندا، جگە لە نووسین و خوێندنەوە، من زیاتر سەرقاڵی وتنەوەی کۆرسەکانمم لە رێگای ئینتەرنێت و سیستەمی زووم-ەوە کە زانکۆی سیانسپۆ هەر زوو خستییە خزمەتی و مامۆستا و قوتابیان. قوتابییەکانم ماندوون و دەڵێن ناتوانن تەرکیز بکەن. ئەوانەی کە دەرفەتیان بۆ رەخسابوو هەر زوو پاریسیان بەجێهێشت و گەڕانەوە وڵات و شاری خۆیان. بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە بەشەکانی ناوخۆ لە پاریس ماونەتەوە و وەک دەستبەسەر لە چوارچێوەی ژوورێکدا دەژین.
لە کۆرسی سێشەممەی رابردوو، قوتابییەکم باسی سەختی ژیانی رۆژانەی خۆی دەکرد بە تایبەتی کە لە بەشەکەیان یەکێک تووشی کۆرۆنا بووە، لە نهۆمی یەکەم کەرەنتینە کراوە. ئەم دۆخە نیگەرانییەکی زۆر بۆ تەواوی قوتابییەکانی ئەو باڵەخانەیە دروست کردووە. سەرەڕای ئەم نیگەرانی و دابڕانە، قوتابییەکان لە هەر شوێنێک بن، بەردەوام دێنە سەرخەت و ئامادەی کۆرسەکان دەبن، پەیپەری کۆتایی ساڵ دەنووسن کە هەر بە ئۆنلاین پێشکەشی دەکەن. ئەو گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕییەی نێوانیشمان کار ئاسانی دەکات. منیش بەردەوام خۆم دەگونجێنم بۆ وتنەوەی کۆرسەکان و تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنیان. واتە لە یەک کات کۆرسەکان بەردەوامن، لە هەمان کاتیش خۆگونجان و نەرم و نیانی هەیە بۆ ئەوەی فشاری سەر قوتابییەکان کەمتر بێتەوە.
زانکۆی سیانسپۆ هەرزوو کارئاسانی کرد و بیرۆکراسیی جارانی نەهێشت و بڕیاری دا کاتی زیاتر بداتە قوتابییەکان بۆ ناردنی پەیپەر و تاقیکردنەوە شەفەهییەکان. ئەم هەڵوێستە زۆر گرنگ بوو و جۆرێک لە خۆشی بە قوتابیان و دایک و باوکانیان بەخشی. ئەگەر ئێمە نەتوانین لە کاتە سەختەکان جیهان بگۆڕین، هەروەکو کامو دەڵێ، با هەوڵ بدەین خراپتری نەکەین.
هەروەک پێشتریش نووسیبووم، هەموو فۆکەسی فەرەنسییەکان لەسەر کولتور و پەروەردەیە. ئەم هەفتەیە هەندێ بڕیاری نوێ دەربارەی سیستەمی تاقیکردنەوەکان بۆ قوتابیانی ئامادەیی دەرچوون، بەتایبەتی تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریا. لە کاتێکدا حکومەت جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە هاونیشتمانیان دەبێ لە ماڵەوە بمێننەوە بۆ خۆپاراستن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە هەمان کات لە خەمی ئەوە دایە ئەمساڵی خوێندنی قوتابیان لە فەڕەنسا نەفەوتێ. بۆیە کارئاسانی دەکات و سیستەمی توندوتۆڵی دەیان ساڵەی خۆی دەگۆڕێ بۆ ئەوەی وەڵامی پێداویستییەکانی ئێستای سەردەمی کۆرۆنا بداتەوە. سیستەم هیچ ناگەیەنێ ئەگەر لە خزمەتی مرۆڤ نەبێ. کۆرسەکان لە رێگای ئینتەرنێتەوە بەردەوامن، دایکان و باوکان هان دەدرێن و رێنمایی دەکرێن بۆ ئەوەی رۆلی گەورەتر ببینن لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵەکانیان، کاتی زیاتریان لەگەڵ بەسەر بەرن.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە فەڕەنسا نیگەرانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە دابڕانی قوتابییە هەژارەکان لە سیستەمی خوێندن. بەتایبەتی ئەوانەی کۆمپیوتەریان نییە، یا هێڵی بەردەوامی ئینتەرنێتیان نییە لە ماڵەوە و ناتوانن ئامادەی کۆرسەکانی سەر ئینتەرنێت بن. لەم بارەیەوە حکومەتی فەڕەنسا بڕیاری داوە بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە دایک و باوکانی ئەو منداڵانە بکات و هۆکارێکی دیکە بدۆزێتەوە تا هەمووان سوودمەند بن و کەس دانەبڕێت. سەرەڕای ئەم هەوڵانەش، بە هۆی نایەکسانیی و هەژارییەوە کۆمەڵگە دابەش بووە بەسەر دوو چین و مەترسی ئەوەش دەکرێ لە داهاتوو فاسیلەی نێوان ئەو دوو چینە گەورەتر بێت. قووڵبوونەوەی ئەم نایەکسانیە لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی و رەگەزپەرستی و نەخۆشی دەروونی یەکێکە لە نیگەرانییە گەورەکان بەرامبەر بە داهاتوو و وجیهانی دوای کۆرۆنا.
ئەگەر لە فەڕەنسا دۆخەکە ئاوا بێت، ئەی لە کوردستان دەبێ چۆن بێ؟ دیارە لە کوردستان ساڵانێکی زۆرە سیستەمی خوێندنی باڵا بە دەست بیرۆکرسییەکی وزەبەر و کات بە فیڕۆدەر گیری خواردووە. زۆربەی هاوکارانم لە بواری خوێندنی باڵا بە گلەیین و دەیانەوێ ئەو سیستەمە بگۆڕن. لەوانەیە ئێستا باشترین کات بێ بۆ چاککردنی ئەو دۆخە و دەستکاریکردنی سیستەمی خوێندنی باڵا لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان.
ئێمە دەزانین وڵاتانی رۆژهەڵات زیاتر بەرخۆرن و کەمتر تەکنەلۆژیای نوێیان تێکەڵ بە سیستەمی پەروەردە و فێربوون کردووە. جگە لەمە، خەڵکێکی زۆر لەبەر هەژاری دەستیان بە ئامێرە پێشکەوتووەکانی تەکنەلۆژیا راناگات. جگە لە بەرکاهێنانی فەیسبووک و ئینستراگرام و هۆکارەکانی دیکەی رابواردن و کاتبەسەر بردن، خەڵک لە رۆژهەڵات شارەزاییان کەمە لە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ پەروەردەکردن و فێربوون. تەنانەت لە وەزارەتەکانیش سیستەمێکی پوختی کۆمپیوتەری و پەیوەندیکردنی مۆدێرن نییە بۆ کارکردن. ئەمانە هەمووی مەترسین و پێویستە بەرپرسانی ئەو بوارە کاری جدی لەسەر بکەن. لە کوردستان توانا و بەهرە و هاندەر (مۆتیڤاسیۆن) و دەرفەتی زۆر هەیە، بەڵام حیزبایەتی و شەڕی ساردی نێوان لایەنەکان، بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا، خەیاڵی خەڵکی داگیرکردووە، حەزی داهێنانی کز کردووە و گیانی دەسپێشخەری و هەرەوەزی پەکخستووە.

⚠️ Այս տարրը գրվել է (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) լեզվով, սեղմեք պատկերակը բացել իրը բնագրի լեզվով
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
🖇 կապված նյութեր: 2
👫 Կենսագրություն
1.👁️نەزەند بەگیخانی
📖 Հոդվածներ
1.👁️کۆرۆنانامەی ژنێک- بەشی دووەم
📂[ ավելի շատ...]

⁉️ Նյութերի գույք
🏷️ խումբ: 📖 Հոդվածներ
🏳️ Հոդվածներ լեզու: 🏳️ کوردیی ناوەڕاست
📅 Publication date: 04-04-2020
📙 Գիրք: 📝
🗺 Երկիր - Նահանգ: ⬇️
🌐 Լեզու - Բարբառ: 🏳️ Քրդական - Sorani
📄 Փաստաթուղթ Տեսակը: ⊶ Alkukielellä

⁉️ Technical Metadata
✨ Նյութի Որակի: 93% ✔️
93%
✖️
 30%-39%
Վատ👎
✖️
 40%-49%
Վատ
✖️
 50%-59%
Վատ
✔️
 60%-69%
Միջին
✔️
 70%-79%
Շատ լավ
✔️
 80%-89%
Շատ լավ👍
✔️
 90%-99%
Գերազանց👏
93%
✔️
Ավելացրել է (Jiwan O Ehmed) վրա Apr 21 2020 1:24AM
👌 Այս հոդվածը վերանայվել է եւ թողարկվել է (Hawrê Baxewan) կողմից Apr 21 2020 9:38AM
✍️ Այս տարրը վերջերս թարմացվել է (Jiwan O Ehmed) վրա: Apr 21 2020 1:38AM
☁️ URL
🔗
🔗
👁 Այս տարրը արդեն դիտվել 386 անգամ

📚 Գրադարան
  📖 ավելի շատ...


📅 Ժամանակագրություն միջոցառումներ
  🗓️ 06-05-2021
  🗓️ 05-05-2021
  🗓️ 04-05-2021
  🗓️ 03-05-2021
  🗓️ 02-05-2021
  🗓️ 01-05-2021
  🗓️ 30-04-2021


💳 Նվիրատվություն
👫 Kurdipedia անդամներ
💬 Ձեր Կարծիքը
⭐ Այցելու Հավաքածուներ
📊 Վիճակագրություն Հոդվածներ 382,793
Նկարներ 62,926
Գրքեր 11,988
Կից փաստաթղթեր 50,478
📼 Video 200
🗄 Աղբյուրները 16,136
📌 Actual
Աբդուլլահ Օջալանը
...
Աբդուլլահ Օջալանը
Արամ Տիգրան
Արամ Տիգրան (1934 - 2009թ. օգոստոսի 8), ժամանակակից հայազգի երգիչ և երաժիշտ։ Ծնվել է հյուսիսային Սիրիայի Ալ-Քամիշլի բնակավայրում։ Մասնագիտացել է ուդ նվագելու մեջ։ Քսան տարեկան հասակից իրեն նվիրել է երաժշտությանը, երգել է երեք լեզուներով՝ քրդերեն, արաբերեն և հայերեն:
Համարվում է լավագույն քուրդ երգիչներից և երաժիշտներից մեկը: Ձայնագերել է շուրջ 230 երգ քրդերենով, 150՝ արաբերենով, 10՝ ասորերենով, 8՝ հունարենով։
Արամ Տիգրանը եղել է Քրդստանի բանվորական կուսակցության ցմահ առաջնորդ, այժմ` Թուրքիայի
Արամ Տիգրան
Նեչիրվան Բարզանին
...
Նեչիրվան Բարզանին
Մուրաթ Քարայըլանը
...
Մուրաթ Քարայըլանը

Kurdipedia.org (2008 - 2021) version: 13.05
| 📩 contact@kurdipedia.org | ✔️CSS3 | ✔️HTML5
| Էջ սերունդ ժամանակ: 0,203 երկրորդ (ներ).
☎ +9647701579153 +9647503268282
| ☎ +31654710293


Kurdipedia Project is an initiative of
(Bakhawan Software 1998 - 2021)