ڕۆژی چوارشەممە 15-04-2020 (سۆر) ڕۆژی جەژنی ئێزدییەکانە، کە ڕۆژی ئاهەنگ و جەژنە، ژنێکی تەمەن 27 ساڵی ئێزدی بە ناوی بەسمە ئەکینجی لەلایەن هاوسەرە تەمەن 55 ساڵەکەیەوە لە شاری هیلدسهیمی ئەڵمانیا کوژرا.
کوژرانی ئەو ژنە ناڕەزایەتیی ڕێکخراوەکانی پشتیوانی ژنانی ئەوروپا، ڕێکخراوەکانی سەر بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا، ئەتامارا، سەمەژێ و فەدا لێکەوتەوە و ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بۆ ئیدانەکردنی کوژرانی بەسمە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، مانگی ڕابردووش، واتە لە مانگی ئاداردا لە شاری دۆرتموند ژنێکی تری ئێزدی بە ناوی ئۆنالیا چەندی کوژرا.
لە ڕاگەیاندراوی ئەو ڕێکخراوانەی بواری ژناندا هاتوە، بەسمە ئەکینجی لە دوای 74هەمین فەرمانی سەر
شەنگالشەنگال کۆچبەری ئەوروپا بووە. بەبێ خواستی خۆی دراوە بە پیاوێک، کە هاوسەری هەبووە و تەمەنی دوو هێندەی خۆی بووە و بە ناچاری کراوە هاوسەری دووەمی جەمال ئەکینجی.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، زۆر لەوە نیگەرانن، کە نایانتوانیوە خۆیان بەوە ژنە بگەیەنن و ژیانێکی بە دوور لە توندوتیژی و هەڕەشە و ئارامی بۆ دابین بکەن، بۆیە بە داخێکی زۆرەوە سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و گەلی کورد دەکەن.
ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، ماوەیەکە بەهۆی کەرەنتینەی کۆرۆناوە توندوتیژیی دژ بە ژنان بەشێوەیەکی سەرەنجڕاکێش زیادیکردووە، چونکە ژنان ناچار دەبن لە ماڵەوە لەگەڵ کەسانی توندوتیژ و بکوژدا هەڵبکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی پەلاماردان و کوشتنی ژنان، چونکە بەهۆی دۆخی کەرەنتینەوە ناتوانن هاواریان بە هیچ شوێنێک بگەیەنن.
باسی ئەوەشیانکردووە ئێمە دەزانین کوشتارکردنی ژنان لە ڕاستیدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیستمی باوک سالارییەوەیە، کە هەموو کات و لە هەر وڵاتێکدا هەموو شوێنێکی بۆ ژنان کردووەتە زیندان و گۆڕستان. سیستمی باوکسالاری بە عەقلیەتی زوڵمکردن لە ژنان لە هەموو شوێنێکدا ئارامیی لە ژنان زەوتکردووە، گوایە چوار دیواری ماڵ ئارامترین و پارێزراوترین شوێنە، بەڵام بۆ ژنان بوەتە شوێنی چەوساندنەوە و توندوتیژی و کوشتنیان.
راشیانگەیاندووە، بەهەموو توانای خۆیان بەرەنگاری هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ژنان دەبنەوە و کار بۆ ئەوە دەکەن، زاڵمەکان، بکوژەکان و دەستدرێژیکاران بە سزا بگەیەنرێن و هیچ توندوتیژی و هەڕەشەیەکی پیاوان ناتوانێت لە تێکۆشانەکەیان ساردیان بکاتەوە.
[1]