لەیادی 33 ساڵەی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە 33یەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانان و خۆشناوەتیدا سەری ڕێزونەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی ئەم تاوانە شەرمهێنەرەی ڕژێمی فاشستی لەناوچوو دادەنەوێنین.
ئەم بۆنە خەمهێن و دڵتەزێنە لەکاتێکدایە کەمرۆڤایەتی بەهۆی ڤایرۆسێکی نەبینراوەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی نادیار بۆتەوە، بەڵام هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەیەک بەبەرچاوی هەموو دونیاوە بوو، بێدەنگیشی لێکرا، بۆیە جارێکی تر بەبیر هەموو جیهان و ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤی دەهێنینەوە کەوا لاپەڕە ڕەشەکانی ئەم مێژووە نەفرەتییە هەڵدەنەوه و وەک تاوانێکی جینۆساید بیناسێنن. لەم یادە تاڵەدا هاوخەمیی خۆمان بەسەرجەم کوردستانیان و بەرکەوتووانی ئەم هێرش و تاوانکارییە دژ بەمرۆڤایەتییە ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین کەبەشێکیان تاوەکو ئەمڕۆش بەدەم ئازارەکانی ئەم تاوانەوە دەناڵێنن. وەک پەرلەمانی کوردستانیش داواکارین لە حکومەتی عیراقی کە ئەم ڕۆژە ڕەشە لەمێژووی عێراق لەگەڵ تاوانەکانی تری ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجه و بادینان بەجینۆساید بناسێنێت و قەرەبووی زیانە گیانی و مادییەکان بکاتەوه و داوای لێبووردنیش لەسەرجەم کوردستانیان بکات لەپای ئەم تاوانە گەورەیە کەدەرهەقی خەڵکی سیڤیل کراوە، وەک چۆن بەئەرکی خۆمان و پابەندی حکومەتی هەرێمی دەزانین کەباشترین خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئه و تاوانکارییە بکەین و لەساڕێژکردنی برینی کەسوکاریاندا کەمتەرخەمی نەکەین.
لەیادی دڵتەزێنی کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتیدا جارێکی تر سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم تاوانه و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین.
د.ڕێواز فایەق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
#16-04-2020#
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 2,229 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!