بەیاننامەی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی لە 32 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا
کوردستانیانی ئازیز..
جەماوەری خۆشەویستی
گەرمیانگەرمیان..
(32) ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعسی داگیرکەر، دڕندەترین تاوانی قڕکردنی بەکۆمەڵی دژی گەلەکەمان ئەنجامدا، کە مرۆڤایەتی کارەساتی لەو شێوەیەی بە خۆیەوە نەبینیووە، پرۆسەی ئەنفال بڕیارێکی کت وپڕ و سەرپێیی نەبوو، بەڵکو پیلانێکی پێش وەختە و نەخشە بۆ داڕێژراو بووە لەلایەن بەعسەوە بۆ جینۆساید کردنی نەتەوەکەمان و خامۆش کردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و دیموکراتی گەلەکەمان خرابووە بواری پراکتیزەکردنەوە، لە چوارچێوەی سیاسەتێکی داڕێژراوی کۆنەپەرستانەی کۆڵۆنیالیستانەوە. کە لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی عەرەبییەوە سەرچاوەی گرتووە، بە چەند قۆناغێک پیلانێکی هەمەلایەنە و بەرفراوانی پیادەکرد، تاوانی بەعس گەیشتە ترۆپکی دڕندایەتی و تراژیدیایەکی بێ وێنەی لەناوبردنی مرۆیی خوڵقاند کە (182) هەزار مرۆڤی بێ گوناهی بەرەو چارەنووسێکی نادیار برد، ئەنفال بە تاوانێکی گەورەی کەم وێنەی سەدەی بیستەم دادەنرێت، کە هاوشانی هۆلۆکۆستی جولەکە و ڕەشەکوژیی ئەرمەنییەکانە، لەگەڵ ئەمەشدا هەزارەها گوندی تاڵانکراوی لەگەڵ زەویدا تەخت کرد، جوگرافیای ووڵاتێکی تێکدا و مێژووی گەلێکی شێواند و ژێرخانی ئابووری کوردستانی داڕووخان.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان..
کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکان..
ئەمرۆ کە یادی ئەو تاوانە مێژوویی و خوێناوییە دەکەینەوە، لە کاتێکدایە کە ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هیوادارین گەلەکەمان بە گشتی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان دووربن لەم پەتایە و بەکەمترین زیان ئەم دۆخەش تێپەڕێنین.
بەڵێن دەدەین وەک چۆن (ی. ن. ک) لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکانی ڕابردوودا لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و دەرەوە بەردەوام بووە لە داکۆکی کردن و گەیاندنی ماف و داخوازییە ڕەواکانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و فەراهەمکردنی ژیانی شایستە و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی کەسوکاریان، ئەمەش لە ڕێگەی نوێنەرەکانمان لەحکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم و هەردوو پەرلەمانی کوردستان و عیراق، لە رێگەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون و مەکتەبی شەهیدانەوە بەردەوام دەبین.
لە کۆتاییدا جارێکی تر هاوبەشی غەم و پەژارەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و سەرجەم گەلەکەمانین..
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی قوربانیانی ئەنفال..
ڕێزو وەفا بۆ خۆڕاگری و ماندوونەناسی کەسوکاریان..
سەروەری بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.
مەڵبەندی (11)ی ڕێکخستنی گەرمیانی
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
14-04-202014-04-2020