نوسینی : نسار مستەفا
بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەتی هەرێمی ناچار بەدرێژکردنەوەی ماوەی کەرەنتینە کردنی خەڵکی کرد لە ماڵەکانیاندا، ئەمە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئەمەش کاری کردە سەر جوڵە بازرگانی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و هونەری و تەنانەت سیاسیەکانیش بە ئومێدی خاوکردنەوه و لەباربردنی ئەم دۆخە کە جیهانی توشی شۆک کردووە.
حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی قەدەغەی هاتوچۆو پیادەکردنی کرد بەپێوەر بۆ دوورکەوتنەوەی خەڵکی و بەرکەوتنیان لەیەکتر، لە کاتێکدا خەڵکێکی زۆر گوزەران و ژیانیان بەندە بە داهاتی ڕۆژانەیانەوە، بە خۆشحالیەوە تا ئێستا بەشێوەیەکی ئاسۆیی ڕێژەکە دەروات لە کۆنترول نزیکبۆتەوە، دەبێت حکومەتی هەرێم لەم دۆخە دا کار بە پلانی بی B بکات، بێ کاری و کاسپی کە ژیانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی وابەستەی بازارو کرێکاری و دەستگێری یە لەماوەی داهاتوودا هەژاری و هاواری برسێتی سەرهەڵبدات و کارەساتی مرۆیی بخولقێنێت.
دەبێت حکومەت ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەبەرچاوبگرێت، بەڵام تا ئێستا بێ خەمە لە ژیان و داهاتی خەڵک ئەم شێوە حکومرانی کردنە نادادپەروەری یە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی.
تێکچونی ڕەوتی ژیان لە سایەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک ئەوەیە بلێین جیهان لەسەردەمی حوکمی کورۆنادا، کە لێکەوتەی ئابوری توندی بە دوای خۆی دا کێش کردووە داهاتی تاکەکەسی لەم مەملەکەتەی خۆمانەدا لەماوەی ئەم چەند هەفتەیە خەریکە ڕێژەیەکی کارەساتبار تۆماردەکات، ئەمە جگە لە پەکخستنی لایەنەکانی تری ژیانی کۆمەلایەتیمان، وەستانی پرۆژە ئابوری یەکان، کارەساتێک کە مرۆڤایەتی لە ماوەی 100 ساڵەی ڕابردوو دا بەخۆیەوە نەبینیوە، کارەساتی جەنگی لەماوەی ڕابردوو کە عێراق و وڵاتانی کەنداو دراوسێ بە خۆیەوە بینیوە هێندە کاریگەری دروست نەکردووە، ئێستا جیهان لە گوندێکەوە بووە بە چەندین گوندی داخراو کە ولاتە زلهێزەکانی دەستەوەستان کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک.
کۆرۆنا هەیبەتی مرۆڤایەتی گۆری لە چەرخێکەوە بۆ چەرخێکی تر لە شوێنی کارەوە بۆ ماڵ دیارترین وتەی سەردەمی کۆرۆنا لەماڵ بمێنەرەوە تا پارێزراو بیت، شانبەشانی کۆرۆنا لەماوەی سەرهەڵدانی تا بە ئێستا دەگات خزمەتی بەرچاوی خەڵکی کردبێت تەکنەلۆژیایە کە دەورو کاریگەری زۆری هەبووە لە ژیان و گوزەران و تەنانەت سەرجەم کایەکانی تر سەرباری زیانەکانیشی کە ئیتر لەسەر خەڵکی و خوی خەڵکی وەستاوە.
وە ڕۆڵی ئاکتیڤی هەبووە لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا بەجیا لە کایەی تەندروستی وەک باسم کرد تەکنەلۆژیا پێ بە پێ ی سەردەم و قۆناغ ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، ژیانی تا ڕادەیەک بە زیندوێتی هێشتۆتەوە، تەکنەلۆژیاو ڕۆلی سۆشیال میدیا کاری لە زۆرێک لە خاوەن سەرمایەکان کرد ببنە پردێک بۆ هاوکاری خەڵکانی هەژارو کەمدەرامەت بەهاوکاری یە مادی و تەندروستی یەکانەوە، جوڵاندنی هەستی خەڵکی و پەرۆشی بۆ دابین کردنی پێداویستی یە کانیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هێندەی ئەم ئامێرە بێ تەل و بێ ڕوحە پەرۆشی ژیان و گوزەرانی خەڵکی نەبووە بۆ دابین کردنی پێداویستی خۆراکی بە ئێستاشەوە جگە لە خۆ سەرقالکردن و خۆ مەشغولکردن هیچی تری پێ نیە..