پێویستە پێش ئەوەی باسی سەروەری و پیرۆزی هەشتی ئادار بکەین، دەبێت لە ژینگەی خۆمانا هەڵکۆڵینێکی ئەکادیمی بۆ دۆخی ئێستا بکەین، ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم ئەو دۆخ و ژینگەیە ئێستە لە باشور لای خۆمان هەیە، هەڵبەت باشور و ڕۆژئاوا و باکور لە ڕوی بەشداری گشتی و دۆخی مافی ژن جیاوازی زۆر گەورە هەیە، بەڵام لە باشور بە گشتی خاوبونەوەیەک لەسەر ئاستی گشتی هەیە کە هەموو ئاستەکانی گرتوەتەوە (سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، حیزبایەتی و هی تر) وە بگرە لەمەش قوڵتر جوڵەکانی ناو کایەی کۆمەڵایەتی ئەکتیڤی تەواو دابەزیوە، ئەم خاوبونەوەیەگشتییە ئەگەر لەسەر ئاستەکانی تردا ببێت ناگاتە قوربانی، بەڵام کاتێک ئەم خاوبونەوەیە دەگاتە سنوری مافەکانی ژن، ئەوا دەبێت لە بیرمان نەچێت دەچێتە ناو سنوری خوێن و قوربانیەوە، کە ئەمەش حاڵەتێکی ترسناکە لەبەرامبەر ئەمەشدا ڕێکخراوەکانی ژنان، یەکێتی ناوەکیان هێندە بەهێز نیە بتوانێت ڕێ لەم خاوبونەوەیە بگرێت و نەهێڵێت بگاتە ناو مافەکانی ژنانەوەو نەهێڵێت بگاتە قوربانی و خوێن و مەرگی ژنانەوە.هەشتی ئادار ئەگەر حەدەسێ بێت بۆ مافی ژنان یاخود کارگەیەک بوبێت ئایا ئەو کاڵاو ئینتاجەی کە هەیەتی تا چەند توانیوێتی مافی ژن دابین بکات، ئایا ئێمەی ژن کەی لە قسەو باس و ڕیکلامی سەر تیڤی درەدەچین و کەی وەکو دروشمێک دەبێت بە کردارتا تەواو ڕۆبچێتە ناو خانەوادەکان یان کەی دەچێتە عەقڵی پیاوان یاخود دایکان کە مەلیکەی خێزانە، ئایا ئێمە دەتوانین دەستکاری عەقڵی کلتور بکەین دەتوانین دەستکاری عەقڵی پیاو بکەین یاخود دەتوانین دەستکاری عەقڵی پەیوەندی ناو خێزان بکەین، ئەم دەستکاری کردنە دانانی ماف بێت بۆ بەشێک لە بەشەکانی عەقڵی خێزان لە باوکسالاری و دایکسالاری، دەتوانین شوێنێ لە ناو ئەم عەقڵەدا دروست بکەین ناوی بنێن مافی ژن، تا ئێستا نەمان توانیوە لە چوارچێوەی ئەم دروشمە دەربچین دەستکاری ئەم عەقڵە بکەین، یان ڕێکخراوەکانی ژنان کە هەڵگری هەمان مافەکانن وەکو دروشم ئایا تا چەنێ هەقیقین وە لە بەینی هەقیقی و کارتۆنیا دەکرێ بڵێین کامیان ڕاستن، بە تاکید ژن لە چوار چێوەی بازنەی ئەم خاو بوو نەوەیە دەبێتە قوربانی مەرگ بۆ ژن، کەواتە ئەم دروشمانە بە ناوچاوانی ڕێکخراوەکانی ژنانەوە هەمووی کارتۆنین، لە هەر شوێنێ ژنێ بکوژرێ پێش تاوانبار ڕێکخراوەکانی ژنان تاوانبارن چونکە کارتۆنین نەیان توانیوە ئەو ڕۆڵە ببینن کە پێویستی ژیانیانە، وە ژن خۆیشی نەیتوانیوە لە پاشکۆی حیزبی پیاوانە دربچێت و ببیت بەخۆی، هەموو ڕێکخراوە ژنانیەکان پاشکۆیەکی کارتۆنی حیزبەکانن و حیزبەکانیش حیزبی نێرینەو پیاون کە خاڵین لە بوونی ژن بە پێێ پێویست، ئەمەش گەورەترین کێشەیە ڕێکخراوەکانی ژنان نەک ناتوانن کێشەی ژن چارەسەر بکەن دواجار وەکوو ئەو ئەنتی ڤایرۆسە وان کە خۆیان دەبنەوە بە ڤایرۆس بۆ کێشەی ژنان.
یادی هەشتی ئادار لە پرسە دەچێت نەک گەران بەدوای مافەکانی ژنان، زیاتر شاشەیەکە بۆ دەرخستنی داتای خوێنی ژنان، یان لاوانەوەیەکەکە زیاتر ڕێگری نیە لەم داتای خوێنە هەر وەکو ئەوە وایە لە هۆڵی پرسە بۆی دانیشی، ئەم دۆخی پرسەیە کە ئێستا هەیە مافەکان زیاتر بەرەو دواوە دەبات، یان لە ڕێی سۆشیال میدیاوە وەکو چەکێکی کوشندە بۆ پرسە کردنی دۆخی ژنان کە ژن ناوێرێ وێنەیەکی خۆی دابنی لە تۆری کۆمەڵایەتی خۆێنی بۆ دەکرێتە کاسەوە، هەزاران شتی نەشیاوی بۆ دروست دەکەن، لەبەر ئەوە دۆخێک نیە بۆ وەستاندنی ئەم داتایە،
هەشتی ئادار ڕۆژێکی پڕشنگدارە لەمێژووی مرۆڤایەتییدا، لەو ڕۆژدا ئافرەت یەک داوا، یەک دەنگ، یەک هەڵوێست، یەک ڕەنگ دەبێت خۆی بنوێنێت لە سەر مافی یەکسانیی و بەرەو پێشەوە بردنی کۆمەڵگا پێداگری بکات، هەربۆیە کۆمەڵگای پیاوسالاری نەیتوانی داواکاریەکانی نیوەی کۆمەڵ کە تایبەت بە ئافرەتە پشتگوێی بخات و پێشێلی بکات، لەڕاستیدا ئەوە وەچەرخانێکی مێژوویی زۆر گەورە بوو بۆ ئافرەتانی کورد و مەزنایەتی خۆیان لەمێژووی مرۆڤایەتی دەرخست، بەڵام ئێمەی کورد زۆرمان ماوە تا بتوانین بەرەنگاری ئەم ستەمکاریانە ببینەوە کە بە ناوی پارێزگاری لە شەرەف و ناموس و... دەکرێ.
ئافرەت بە ئێستاشەوەلەزۆربەی شوێن و ناوچەکانی کوردستان هەر زوڵمیان لێدەکرێ و وەکو کۆیلە تەماشا دەکرێن، ئەوەتا ڕۆژانە چەندین حاڵەتی کوشتنی ئافرەتان دەبینین و دەبیستین کە لەژێر هەڕەشە ی کەسوکارو ئەملا و ئەولادا لێی دەکرێ و لەدەشتێک یان لە چۆڵەوانییەک فڕێ دەدرێت یان زۆر بێ بەزەییانە دەخرێتە ناو چەمێکەوە و بە دڕندانەیی بە چاوی نا مرۆڤایەتییەوە سەیر دەکرێن، لەکاتێکدا هەر ئەو ئافرەتەیە، کە پێی دەڵێن (دایک، هاوسەر، خوشک...هتد) ئەی چۆن زاتی ئەوە دەکرێت لەناوببرێت؟
تا کەی بە ڕەوای دەزانن ئەم ستەمکارییە دەرحەق بە نیوەی کۆمەڵگا بکرێ؟ کەس هەیە وەڵام بداتەوە قورئان ووتەنی: بای ذنب قتلت؟[1]
نووسینی: بەیان ئیبراهیم