بەپێی تازەترین ڕووپێوی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی #هەڵەبجە# کراوە، ڕووبەری زیاتر لە 9000 دۆنم زەوی لەلایەن 3.900 جووتیاری ئه و پارێزگایەوە کراون بە باخی هەنار، بەشی زۆری باخەکانیش لە قۆناغی بەرهەمدان.
=KTML_Bold=ستار مەحموود=KTML_End=، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە گوتی: لە باخەکانی پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە هەشت جۆر هەنار هەن، نزیکەی 95%ی باخەکانی هەڵەبجە لە جۆری ساڵەخانین کە هەر دۆنمێکی 4 تاوەکو 5 تۆن بەرهەم دەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێ جووتیار وەک پێویست خزمەتی باخەکانیان ناکەن و خاکی هەموو ناوچەکەش وەک یەک نییە، بۆیە نزیکەی سێ تۆن بەرهەممان بۆ هەر دۆنمێک هەژمار کردووە، بەم پێوەرە تێکڕای بەرهەمی ساڵی ڕابردووی باخەکانی هەڵەبجە زیاتر لە 27 هەزار تۆن بووە.
ستار مەحموود گوتیشی: زۆربەی ئه و هەنارەی بەرهەمهاتووە لەکاتی جیاوازدا خراوەتە بازاڕەوە، بەشێکیشی لەلایەن جووتیاران و کارگەکانەوە کراوە بە ڕووبەهەنار و شەربەت. بەشێکیشی لە کۆگا هەڵگیراوە و بەگوێرەی خواست دەخرێتە بازاڕەوە.
سەبارەت بە نرخی ئه و هەنار و ڕووبەهەنار و شەربەتەی ساڵی ڕابردوو فرۆشراوە، ستار مەحموود دەڵێت بەپێی کواڵیتی هەنارەکان و کاریگەریی هەناری هاوردە، بە نرخی جیاواز فرۆشراون کە لە 300 دینارەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە 1000 دینار. لیترێک ڕووبەهەناریش بە 8 تاوەکو 10 هەزار دینار فرۆشراوە.
لە ڕووپێوییەکەدا بە تێکڕا داهاتی هەر تۆنێک هەنار بە 500 هەزار دینار دیاری کراوە، دوای لێدەرکردنی 30%ی تێچووی بەرهەمهێَنان و بە بازاڕکردن دەرکەوتووە جووتیارانی پارێزگای هەڵەبجە تەنیا لە فرۆشتنی هەنار نزیکەی 10 ملیار دینار داهاتیان هەبووە.
بەهۆی خواستی زۆر لەسەر شەربەت و ڕووبەهەناری هەڵەبجە، چەند کارگەیەکی گوشینی هەنار له و پارێزگایە دامەزراون کە لە بەرامبەر بڕێک پارە هەنار بۆ جووتیاران دەگوشن، کارگەی عەبابەیلێ یەکێکە له و کارگانە.
=KTML_Bold=چۆمان ئەنوەر=KTML_End=، خاوەنی کارگەکە گوتی: لە وەرزی بەرهەمدا ڕۆژانە 30 تۆن هەنارمان بۆ جووتیاران دەگوشی، بۆ خۆشمان نزیکەی 900 تۆن هەنارمان کردووە بە شەربەت و ڕووبەهەنار. جووتیاران لە گوشینی هەر تۆنێک هەنار زیاتر لە 400 لیتر شەربەتیان دەستکەوتووە، بۆ ڕووبەهەناریش لە هەر تۆنێک نزیکەی 90 کیلۆیان دەستکەوتووە.
چۆمان ئەنوەر، لە کارگەی گوڵەخانە 300 تۆن و لە کارگەی هەریریش 500 تۆن هەناری کردووە بەشەربەت. ئه و دەڵێت: ئێمە لە سێ کارگە نزیکەی 1700 تۆن هەنارمان کردووە بە شەربەت و ڕووبەهەنار، لە سێ کارگەکەی دیکەش زیاتر لە 1500 تۆن هەناری دیکە کراوە بە شەربەت.
چۆمان له و باوەڕەدایە ساڵی ڕابردوو 5 هەزار تۆن هەنار کرابێتە شەربەت و ڕووبەهەنار.
ئه و گوتی: ساڵی ڕابردوو بەرهەمی باخەکانی هەڵەبجە زۆر باش بوو، بەپێی ئه و داتایانەی لەبەردەستدان، بەرهەمەکە بە بەروارد بە 2018 نزیکەی 40% زیادی کردووە.
بەهۆی زۆریی خستنەڕووی هەنار و هەروەها هەناری هاوردەکراو، ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتندا نرخی هەنار زۆر دادەبەزێ، ئەمەش وای لە بازرگانان کردووە بیر لە دروستکردنی کۆگای هەڵگرتنی هەنار بکەنەوە، ئێستا کۆگایەکی هەڵگرتنی هەنار لە هەڵەبجە دروستکراوە و هەندێک جووتیار هەنارەکانیان تێدا هەڵگرتووە.
=KTML_Bold=فەرەیدوون نامدار=KTML_End=، خاوەنی کۆمپانیای هەناری کوردستان و کۆگای کۆشیار بۆ هەڵگرتنی هەنار لە هەڵەبجە، دەڵێت: لە ڕێگەی هەڵگرتنی هەنار لە کۆگا، لەلایەک دەتوانین هاوسەنگیی نرخ لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەم بپارێزین، لەلایەکی دیکەش دەتوانین هاوردە کەمبکەینەوە و زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستین، بەڵام هێشتا وەک پێویست جووتیارانی هەڵەبجە گرنگیی کۆگاکردنیان بۆ دەرنەکەوتووە.
لە کۆگاکەی فەرەیدوون ساڵی 2018 نزیکەی 620 تۆن و ساڵی ڕابردووش 910 تۆن هەنار هەڵگیراوە، بەشێکی هی جووتیاران بووە و بەشێکی دیکەشی فەریدوون خۆی هەنارەکانی کڕیون و هەڵیگرتوون.
فەریدوون دەڵێت: لە ساڵی 2014 کاتێک کۆگام دانا کەس ئامادە نەبوو هەنار بهێنێتە کۆگا، بەڵام ئێستا کەمێک باشتر بووە، ئەمساڵ 15 جووتیار هەناریان هێناوە. خۆشم 15 باخی جووتیارانم کڕییەوە. ئێستاش بەپێی خواست ڕۆژانە بەرهەمەکە دەنێرمە بازاڕ و هەر کیلۆیەک هەنار بە 1250 دینار دەفرۆشم، بەڵام لە وەرزی پێگەیشتندا هەر ئه و هەنارە کیلۆی بە 500 دینار بوو.
فەرەیدوون بیری لەوە کردووەتەوە کە هەناری هەڵەبجە هەناردە بکات و دەڵێت: کڕیارم لە ئەڵمانیا هەبوو، ویستم بە ڕێگەی ئیبراهیم خەلیل بینرێم، بەڵام تورکیا ڕێگری کرد بە ناو و مۆری کوردستانەوە بڕوات و داوای بڕوانامەی بەرهەمهێنانی دەکەن، ئەویش لە کودستان نییە و تەنیا لە عێراق هەیە، ویستم بەڕێگەی ئاسمانی هەناردەی بکەم، بەڵام تێچووەکەی زۆر بوو، 4000 دۆلار بوو بۆ هەر تۆنێک.
هەنار پێویستی بە خاکێکی تێکەڵ و کەشوهەوایەکی مامناوەند هەیە، ئەم تایبەتمەندییەش لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەیە، بۆیە هەنار لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دەچێنرێ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ کە بۆ کۆکردنەوەی داتاکان پشتی بە بەرهەمی بە بازاڕکراوی هەناری خۆماڵی لە گومرگەکان بەستووە، لە ساڵی 2016 دا بەرهەمی ناوخۆ 19,807 تۆن بووە، ساڵی 2017 بۆ 26,338 تۆن زیاد بووە، بەڵام لە 2018 بۆ 24,426 کەمی کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی بەپێی ئەم ئامارە، بەرهەمی خۆماڵی لەئاست پێویستیی ناوخۆ نییە، بۆیە 44%ی ئه و هەنارەی لە بازاڕەکاندا هەیە، هاوردەیە. بەپێی داتاکان ساڵی ڕابردوو زۆرترین هەنار لە هەرێمی کوردستان خوراوە کە 52,739 تۆن بووە.
=KTML_Bold=حوسێن حەمەکەریم=KTML_End=، گوتەبێژی وەزارەتی کشوکاڵ و بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان پێیوایە بەرهەمی ناوخۆی هەنار زۆر زیاترە له و بڕەی لە داتاکانی وەزارەتەکەیدا تۆمارکراوە. ئه و دەڵێت: نزیکەی 45% تاوەکو 50% ی بەرهەمی باخەکان لە دەرەوەی گومرگەکان دەفرۆشرێن، چونکە لەکاتی پێگەیشتن نرخ زۆر دادەبەزێت، بەشێک لە جووتیاران بۆ ئەوەی کرێی گواستنەوە نەدەن، بەرهەمەکانیان لەناو کێڵگە، یان سەر ڕێگاکانی نزیک لە باخەکانیان دەفرۆشن، بەشێکیشی لێدەکەن بە ڕووبەهەنار و شەربەت، بۆیە پێشبینی دەکرێ بەرهەمی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 50 هەزار تۆن بووبێ.