محەمەد ڕەزا کوڕی حاجی سەید ئەبولقاسمی کوردستانی، ناسراو بە میرزادەی عیشقی لە دایکبووی ساڵی 1893 لە هەمەدان. ئەو، شاعیر، ڕۆژنامەنووس و نووسەری دەورانی ئینقلابی مەشرووتەی ئێران بووە.
عیشقی لە مێژووی ئەدەبی ئێراندا، ناوبانگی بە وێژەرێکی بەتوانا و شاعیرێکی شۆڕشگێڕ ڕۆیشتووە. زمانی ئەو لە شێعردا، توندوتیژ بوو و بێباکانە بە دیکتاتۆرەکانی سەرووی دەسەڵات هەڵدەپڕژا. لە دەورانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا ڕۆیشتە ئەستەنبوڵ و لە دارولفنوونی ئەوێ خوێندی و پاشان گەڕایەوە تاران. لە سەردەمێکی پڕ گێرەو کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، یانی ئاخروئۆخری دەسەڵاتی قاجار و سەرەتای دیکتاتۆرییەتی ڕەزاشای پەهلەویدا، ڕۆژنامەی سەدەی بیستەمی لە ساڵی 1921ی زاینی دەرکرد. عیشقی بە بێ وەبەرچاوگرتنی هەر چەشنە بەرژەوەندییەکی کەسی، توندترین ڕەخنەکانی خۆی لە ئاست بیروباوەڕە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگای ئێرانی و هەروەها سیاسەتی سەردەمدا دەردەبڕی و بێباکانە لە ئاو و ئاوری دەدا. ئەم هەڵوێستانەی عیشقی بوو بە هۆی ئەوە کە ڕۆژنامەکەی پاشی دوو مانگ، بە ماوەی هەژدە مانگ ببەسترێ. لەو ماوەیەدا توانیبووی پێنج ژمارەی 16 لاپەڕەیی دەربکا. عیشقی لە خولی دوویەمی ڕۆژنامەکەیدا، لە 1921 تا 1922، توانی 16 ژمارەی چوار لاپەڕەیی دەربکا. ساڵی 1923 تەنیا ژمارەیەکی هەشت لاپەڕەیی لە 7ی مانگی حوزەیران دەرکرد، کە دوایین ژمارەی ڕۆژنامەکەی بوو. پێنج ڕۆژدوای ئەم ژمارەیە، واتە لە 12ی حوزەیرانی 1923، بە پیلانی ڕەزاشا، بە دەستی دوو کەس لە هاوشارییەکانی خۆی، لە حەوشەی ماڵەکەیدا لە تاران تیرۆر کرا.