بانگەوازی ناوەندی هاوکاری بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی 5ی بەفرانبار
بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
گەلانی ئازادیخوازی ئێران!
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ڕووداوەکانی کۆتایی مانگی خەزەڵوەر نیشانی دایەوە کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەر وەک هەمیشە لە بەرانبەر ویست و داخوازیی رەوای کۆمەڵانی خەڵکی ئێران تەنیا توندوتیژی و زمانی سەرکوت دەناسێت، بۆیەش خۆپیشاندانی هێمنانە و مافخوازانەی خەڵکی ئێرانی بەتوندی سەرکوت کرد و شەقامی شار و شوێنە گشتییەکانی لە ناوچە جۆراوجۆرە ڕاپەڕیوەکانی ئێران و کوردستان بە خوێنی لاوانی ئازادیخواز سوور کرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرکوتی دڕندانەی ئەمجارەشیدا بە سەدان کەسی بە ئەنگاوتنی ڕاستەوخۆ کوشت، بە هەزاران کەسی بریندار کرد و هەروەها بە هەزاران کەسی دیکەشی ڕاپێچی بەندیخانەکان کرد کە ئێستاش بەشی زۆریان لە گرتووخانەکاندا ڕاگیراون.
ئەم ڕادەیە لە توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی، نیشاندەری ترسی زۆری ڕێژیم بوو له کڵپەی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلان و چین و توێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و ناڕەزایەتییە گشتییەکان بەهۆی کۆی ئەم قەیران و نەهامەتییانەی لە سۆنگەی بەڕێوەبەری و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تووشی خەڵک کراوە. خەڵکی ئێران و بەتایبەت گەلی چەوساوە و ئازارچەشتووی کورد لە ڕاپەڕینەکەی مانگی خەزەڵوەردا ئیرادەی مافویستی و بەرەنگاریخوازانەی خۆیان سەلماند و نیشانیان دا کە لێبڕاون ئیرادە و وزەی خەباتکارانەی خۆیان بەدژی ئەم دەسەڵاتە دڕندەیە ڕێک بخەن. بۆیە بزووتنەوەی ناڕەزایی و مافخوازیی خەڵکی کوردستان نەک سەرکوت نەکراوە، بەڵکوو لە گەشە و پەرەسەندندایە و هەتا وەدیهاتنی ماف و داخوازییە ڕەواکانی ئەم گەلە چەوساوەیە درێژەی دەبێت.
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!
کوردستان کە هەمیشە ناوچەیەکی لە پەراوێزدا ڕاگیراو بووە و بەهۆی ڕوانینی ئەمنیەتیی دەسەڵات و هەروەها پاشخانی خەباتی مافخوازی لە ماوەی 4 دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەشی شێری لە سەرکوت و زەوتکردنی مافەکانی پێبڕاوە، ئەمجارەش لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەردا تێچوویەکی قورسی دا.
سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانەکان بەتایبەت لە شارەکانی
سنەسنە و
کرماشانکرماشان و
جوانڕۆجوانڕۆ و
مەریوانمەریوان و شوێنەکانی تر سەلماندیەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لە کوردستان دەستی خۆی ئاوەڵاتر بینیوە بۆ سەرکوتی خەڵک و زەوتکردنی ماف و داخوازەکانی جەماوەر. گیانلەدەستدانی دوو
کۆڵبەرکۆڵبەری تازەلاوی خەڵکی شارەدیی نێی مەریوان بەهۆی ڕەقبوونەوە لەنێو بەفر و سەرما و سۆڵەی کوێستانەکانی تەتەی هەورامان کە ئاوێنەی باڵانوێنی سیاسەتی نامرۆڤانە و دژی ئینسانیی کۆماری ئیسلامییە لە کوردستان، برینێکی دیکە بوو کە کەوتە سەر جەستەی نیشتمان و هێندەی دیکە خەڵکی تازیەبار کرد.
خەڵکی تێکۆشەر و خەباتکاری کوردستان!
بانگەواز و ویستێکی گشتیی هەیە کە ڕۆژی 5ی بەفرانبار بکرێت بە دەرفەتێک بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران، هەروەها دەرفەتێکی دی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەردەوامیی ڕەوتی خۆپیشاندانەکان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا دەکات لەم ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی دەستی غەدر و تاوانی کۆماری ئیسلامی و بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو قوربانییانە کە بە ئیرادەی هاوبەشیان دیمەنێکی دی لە سووربوونیان لەسەر مافە ڕەواکانیان بخولقێنن و بیسەلمێننەوە کە سەرکوتی خوێناوی و زەبروزەنگ چۆک بە بیر و باوەڕیان دانادات و سەنگەری خەبات و تێکۆشان بۆ مافەکانیان پێ چۆڵ ناکات.
ناوەندی هاوکاری بە ڕوونی داوا دەکات ڕۆژی پنجشەممە، 5ی بەفرانبار:
1:) کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆ لە شەقام و شوێنە گشتییەکان، لە بازاڕ و لەسەر کار ماوەی 5 دەقە بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیروەریی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانه بەبێدەنگی لەسەر پێ ڕابووە ستین. هەروەها به هەر شێوازێکی تر کە بۆمان دەلوێ یاد و بیرەوەریی ئەم نەمرانە بەرز ڕابگرین.
2:) سەردانی بنەماڵەی قوربانییەکان، بریندارەکان و بەندکراوانی ئەم دواییانە بکەین و وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان، هاوپێوەند یی نەتەوەیی و خەباتگێڕیی نێوانمان نیشان بدەینەوە.
3:) بە چالاکیی تەبلیغی و نووسین و بڵاوکردنەوەی دروشم و تراکت، شەقام و شوێنە گشتییەکان دەکەینەوە بە مەیدان و سەنگەری خەبات دژی کۆماری ئیسلامی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
2ی بەفرانباری1398ی هەتاوی
23-12-2019