جەمال عیرفان؛ رووناکبیرێکی گومناو
کۆکردنەوە و ئامادەکردنی:
مۆفەق میراودەلیمۆفەق میراودەلی
لە بارەی کتێبەکەوە:
جەمال عیرفان یەکێکە لە رووناکبیرەکانی شاری سلێمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، لەو سەردەمەدا لە بواری رۆژنامەوانی و ئیداری و سەربازی ناوی دەبرێت، لەڕوانگەی وتارەکانی یاخود بەشداری لەبواری ئیداری، هەروەها وەرگرتنی پلەی سەربازی.
روون و دیارە لە رۆژی شەهیدکردنی تا ئەمڕۆ کۆمەڵێ وتاری لەبارەوە نووسراوە، لە چەند سەرچاوەو کتێبێکی کوردی و بیانی ناوی هاتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ کتێبێکی سەربەخۆو تایبەتی لەبارەوە نییە، تەنانەت هیچ لێکۆڵینەوەیەکی وردو گشتگیری لەبارەوە ئەنجام نەدراوە، لایەنە شاراوەو ناڕوونەکانی شەن و کەوی تەواو نەکراوە، ئەوەی هەیە لێرەو لەوێ ژمارەیەک وتارو بابەت و کورتەباسی لەبارەوە نووسراوە.
بەراستی زانیاری و کەرەستەو بابەتی تەواو لەبەردەست نین، تەنها چەند وتارێکی رۆژنامەوانی خودی خۆی هەیە، لەگەڵ لایەنی کۆمەڵایەتی کە خۆی لە رەگ و رەچەڵەک و بنەماڵەکەی دەبینێتەوە، ئەگەر نا زیاترئەوەی لەبارەی نووسراوە بابەتی رۆژانەن ناچنە خانەی لێکۆڵینەوەی زانستی و مێژوویی.
ئەوەی لەو کتێبەدا کۆکراوەتەوە بیرەوەری و یاداشت و نووسینی کەسانێکی ئەو رۆژگارەن، کە هاوسەردەمی جەمال عیرفان بوون، لەگەڵ ژمارەیەک وتارو بابەتی دیکە، بەڵام من لێرەدا هەوڵم داوە وتارەکانی جەمال عیرفان و ئەوەی لەسەری نووسراوە لە (ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوەکان)و کتێب و سەرچاوە کوردی و بیانییەکان کۆبکەمەوە، لە چوارچێوەی ئەو کتێبەدا بیخەمەڕوو.
کاری من لێرەدا تەنها کۆکردنەوەو ئامادەکردنی کتێبەکەیە، نەهاتووم بەوردی لە جەمال عیرفان بکۆڵمەوە، سەرجەم لایەنەکانی شەن و کەو بکەم، پاشان بڕیاری ئەوە بدەم جەمال عیرفان کێ شەهیدی کردو بۆچی شەهید کرا، بۆیە هیچ کام لەم زانیارییانە گوزارشت لە راو بۆچوونی من ناکەن، راو بۆچوونی ئەوانەن کە لە هەریەکەیاندا ئاماژەم بە خاوەنی نووسین و باس و بابەت داوە، بەوردی سەرچاوەو پەراوێزەکانم دیاری کردوون، چونکە بڕیاردان لە بکوژانی جەمال عیرفان لەو رۆژگارەدا نەزانراوە، جا چ جای ئەوەی ئەمڕۆ پاش نزیکەی (100) ساڵ حوکمی ئەوە بدەین.
ئەوەی بەلای منەوە گرنگە کۆمەڵێ زانیاری پەرش و بڵاو و نەزانراون لە چوارچێوەی ئەو کتێبەدا کۆکراونەتەوە، بە ئامانجی تاڕادەیەک ئاشنابوون بە جەمال عیرفان، ئەگەرنا پێم وایە زۆر شتی نەزانراو هێشتا ماون، دەشێ لەداهاتوو کەسانیتر ئەو کارە بکەن.
[1] ⚠️ Obs: PDF-fil för den här boken är inte tillgänglig , snälla hjälp Kurdipedia att få denna fil ! 📕 Skicka bok⚠️ Denna post har skrivits in (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
för att öppna objektet på originalspråket!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!