حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، هەر وەزیرێک فۆرمی دەستەی دەسپاکی نەگەڕێنێتەوە دواتر، دواجار ئاگادارکردنەوەی بۆ دەردەکەن، لە ئەگەری نەگەڕاندنەوەی لەدوای ئەو دوو ئاگادارکردنەوەیە، ناوەکەی ئاشکرا دەکەن.
باسی لەوەشکرد، لە ساڵی داهاتودا فۆرمی دەستەی دەسپاکی دەدەن بە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو ڕاوێژکارو بریکارە نوێیانەی کە پۆستیان لە حکومەت وەرگرتوە.
ئەوەشی خستەڕو، هەر وەزیرو پەرلەمانتارێک لەکاتی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیدا هەتا کاتی خانەنشینبونی سامانی زیادبکات، وردبینی لەگەڵ دەکرێت و لە ئەگەری تۆمەتباربونی بە دەسکەوتنی سامانی ناڕەوا، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن.
وتیشی، ماوەی چەند هەفتەیەکە وردبینییان لە سامانی پەرلەمانتارانی خولی پێشو دەستپێکردوە، بەوتەی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی، چەند پەرلەمانتارێک سامانیان لە ڕادەبەدەر زیادیکردوە کە لەگەڵ داهاتیاندا یەکناگرێتەوە.
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هۆکاری یەکلایینەکردنەوەی دۆسییەکان و دواکەوتنیشی گەڕاندەوە بۆ نەبونی دادگایەکی تایبەت بۆ دادگایکردنی دۆسییەکانی تایبەت بە گەندەڵی.[1]