بەپێی داتاکانی گواستنەوەی دەریایی، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا پاڵاوگە چینییەکان سێ بارە نەوتیان لە هەرێمی کوردستان کڕیوە، ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو هیچ نەوتێکیان لە هەرێمی کوردستان نەکڕیوە.
هۆکارێکی دیکەش کە پاڵاوگە چینییەکان ڕوویان لە کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین پاڵاوگەی پێشکەوتوو لە ئاسیاو بەتایبەتی لە چین دامەزراون کە توانای باشتر پاڵاوتنی نەوتی نیمچە قورسیان هەیە کە نزیکە لە تایبەتمەندییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمەش وایکردووە خواست بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە کیشوەری ئاسیا زیادبێت.
لی لی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتژییەکانی وزەی چین لەو بارەیەوە دەڵێت بەهۆی دامەزراندنی پاڵاوگە نوێیەکان، خواستی چین بۆ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. قازانجی پاڵاوگەکان دابەزیوە، لەبەر ئەوەش بەدوای نەوتی هەرزان دەگەڕێن.
بەپێی داتاکانی گواستنەوەی دەریایی، سێ کەشتی نەوتی ئاتلانتیک ئێکسپلۆرێر، ڤێرا و گوانابارا مانگی ڕابردوو 2.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیان بۆ چین گواستووەتەوە.
داتاکان دەریدەخەن کەشتی یەکەم نەوتەکەی لە چین بەتاڵکردووە و دوو کەشتییەکەی دیکە بەڕێگەوەن بۆ ئەو وڵاتە و لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەگەنە چین.
هەروەها دوو کەشتی دیکە بەناوەکانی پۆلیگۆس و ئۆتمان نۆبێلیتی لە مانگی 12 دا نەوتی هەرێمی کوردستانیان بارکردووە و دەیگوازنەوە بۆ چین.
بلوومبێرگ باسی لەوە کردووە، نەوتەکە لەڕێگەی بۆرییەوە دەگەیەندرێتە بەندەری جەیهان لە تورکیا و لەوێوە بە کەشتی دەگوازرێتەوە، چونکە بەو شێوەیە تێچووی گواستنەوە کەمترە.
لە دوای سعودییەوە عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک، بەپێی زانیارییەکانی بلوومبێرگ، مانگی ڕابردوو ڕۆژانە 3.97 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، کە لەو ڕێژەیەش 11%ی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە.
بلوومبێرگ ئامارێکیشی لەبارەی کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە:
- ئیتاڵیا: 4.9 ملیۆن بەرمیل.
- یۆنان: 2.6 ملیۆن بەرمیل.
- چین: 2.3 ملیۆن بەرمیل.
- کرواتیا و ئیسپانیا: 1.3 ملیۆن بەرمیل.
- ڕۆمانیا و ئیسرائیل: 1.3 ملیۆن بەرمیل.
- تایوان: یەک ملیۆن بەرمیل.[1]