سەرەڕای بوونی جێگایەکی تایبەت بە فڕێدانی زبڵ و خۆڵ و پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکان لە سنوری شارەدێی ڕزگاریی سەربە شارۆچکەی #کەلار#ی ناوەندی ئیدارەی #گەرمیان#، ماوەیەکە لەچەند جێگایەکی جیاجیای ئەو سنورە، لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیان و خاوەن کار و فرۆشیاران و بازرگانەکانەوە، شتومەک و کاڵا بەسەر چووەکانیان فڕێدەدەن، بێ گوێدانە هیچ بەرپرسیارێتییەک پسپۆڕانی ژینگەش لەو بارەیەوە هۆشداریی دەدەن.
=KTML_Bold=د.عەبدول موتەلیب ڕەفعەت=KTML_End=، پسپۆری بەڕێوەبردنی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، لەسەر ئەو بابەتە قسەیکرد و وتی: ڕۆژانە کەرەستەیەکی زۆر لەماددە خۆراکییە بەسەرچووەکان، بەبێ هیچ ڕێگریەک فڕێ دەدرێنە شوێنە گشتیەکان، زەوییە کشتوکاڵیەکان، کەناری ڕووبار و دەریاچەکان و شوێنی دیکە، ئەمەش وایکردووە، کە سیمای ئەو شوێنانە بە تەواوەتی تێکبچێت و سروشتیان لە دەست بدەن و ببنە هۆکاری پیسبوونی بینین (Visual pollution)، هەروەها ئەو ماددە بەسەرچووانە مەترسییەکی زۆر گەورەیان هەیە لە سەر ژینگە.
وتیشی: ئه و ماددە فڕێدراوانە، دەوڵەمەندن بە ماددەی خۆراکی و هەندێ ماددەی ژەهراوی، ئەمەش وادەکات، کە پێکهاتەی خاک لەو ناوچانە تێکبچێت و هەر ئەو ماددانە هەندێ جار لە دۆڵەکان فرێدەدرێن یا ئەو شوێنانەی کە ئاو تێیدا کۆدەبێتەوە و لەگەڵ ئاوی باراندا تێکەڵ بە ڕووبار و دەریاچەکان دەبن و دەبنە هۆی تێکچوونی کوالێتی ئاوی سەر زەوی، هەروەها ئەو ماددە بەسەرچووانە لە ڕێی خاکەوە دزە دەکەنە ژێر زەوی و تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبن و دەبنە هۆکارێک بۆ تێکچوونی کوالێتی ئاوی ژێر زەویی.
ئەو پسپۆرەی بواری ژینگە ئاماژەی بەوەشدا، مانەوەی ئەو ماددانە لە سەر خاک سەرچاوەیەکە بۆ دەرپەڕاندنی گازە ژەهراوییەکانی وەکو میسان، دووانا ئۆکسیدی کاربۆن، هایدرۆجین سەلفایت و هەندێ گازی دیکە، کە هۆکارێکن بۆ پیسبوونی هەوا و زیادبوون یا دەرکەوتنی دیاردەی قەتیس بوونی گەرما و کاریگەریەکانی، هەروەها هۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بە نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان و کۆئەندامی هەرس.
مامۆستاکەی زانکۆی گەرمیان، باسی لەوەشکرد، حکومەت خۆی هۆکارێکە بۆ پیسبوونی ژینگە، و کەمتەرخەمیەکە زیاتر لە حکومەتدایە، چونکە تا ئێستا کاری نەکردووە بۆ دانانی کارگەکانی ڕیسایکلین بۆ هەموو جۆرە پاشماوە و پاشەڕۆکان لە شارەکانی کوردستاندا، بەمەبەستی پارێزگارێکردن لە تەندروستی هاوڵاتیان و پاراستنی سیماو جوانی سروشتی شارەکان، بۆیە بە پلە یەک کاری حکومەتە ڕێگری لەم جۆرە پێشێلکارییانە بکات و ڕێگای زانستی گونجاو دابنێت و بەدواداچوونی ورد بکات لەم پرسە، ئەگەر وانەکرێت، ئەوا بێگومان ژینگەی کوردستان بەرەو هەڵدێر دەچێت و تەندروستی هاوڵاتیان لە ژێر مەترسیدا دەبێت.[1]