#وەزارەتی بازرگانی# ڕایدەگەیێنێت، بە تەنیا لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لە #سلێمانی# 14 کەس داوای مۆڵەتی دامەزراندنی کارگەی نوێیان کردووە، لە 95%ی کارگە لەکارکەوتووەکانیش دەستبەکاربوونەتەوە، لە هەموو هەرێمی کوردستانیش 400 کۆمپانیا وەگەڕکەوتوونەتەوە.
محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری پیشەسازیی سلێمانی ڕایگەیاند لە ماوەی 50 ڕۆژدا 14 مۆڵەتمان داوە بە خەڵک، تەنیا چوار دانەیان ماوە کە لە جێبەجێکردندان، بەگشتی کەرتی کارگە و پیشەسازی بووژاوەتەوە، بەتایبەت بەهۆی ڕێککەوتنی #هەولێر# و بەغدا.
لە هەرێمی کوردستان کارگەکان لە 11 سێکتەری وەک خۆراک، بیناسازی، کەلووپەلی نێوماڵ، مۆبیلیات و ماددە پاککەرەوەکان کاردەکەن، کارگەکان لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی گەیشتوونەتە ئاستی پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆ، بەڵام لە سێکتەری خۆراک و جلوبەرگ و چەند سێکتەرێکی دیکە کوردستان پشت بە کاڵای هاوردەکراو دەبەستێت، وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت ڕۆژانە هەر کارگە و کۆمپانیایەک بیەوێت بەرهەمەکەی هەناردە بکات بە نووسراو مۆڵەت و هاوکارییان بۆ دەکەن.
#سۆران# عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، بەوردی چاودێریی کاروباری کارگەکان دەکەن، لە هەندێک بواری وەکو جوانکاری و ئاودا؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەناردەشیان هەیە.
لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 300 کارگە، بە سەرمایەی 33 ملیار دۆلار دروستکراون، لەو ژمارەیە 83% کارگەی بچووک، 10% کارگەی مامناوەند و 7%یشیان کارگەی گەورەن، کارگە نێوخۆییەکان داوای پاڵپشتیی یاسایی دەکەن بۆ گرنگیدان بە بەرهەمی نێوخۆیی، بۆ ئەمەش پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بڕیارە بەمزووانە دەرچواندنی بۆ بکرێت.[1]