(خۆزگە) ناوی خوازراوی خاوەن چیرۆکەکەیە.
خۆزگە؛ هێشتا منداڵ بووە کاتێک باپیری (باوکی دایکی) لەگەڵ مام و باوکی خۆزگە ڕێککەوتنێکی سەرزارییان کرد کە خۆزگە لە داهاتوودا ببێتە هاوژینی ئامۆزاکەی، ئەوەش لە جیاتی پەیوەندییەکی هاوسەرگیریی نێوان دوو خێزانەکە کە بێ ئەوەی خۆزگەی ساوا هیچ دەستێکی تێیدا هەبووبێ، هەڵوەشابووەوە.
دایک و باوکی خۆزگە بە ژن بە ژنە هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام لایەنەکەی دیکەی ژن بە ژنەکە لە یەکدی جیابوونەوە. خۆزگە و ئامۆزاکەی قوربانیی هەڵوەشانەوەی ئەو پەیوەندییەن کە لە نێوان نەوەی پێش خۆیاندا بەسترابوو.
سەردەمانێک دابونەریتی لەو جۆرە لە کوردستان یەکجار باو بوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی زەمەن ئەو شێوازە هاوسەرگیرییەش کاڵ بووەوە. بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان، ژن بە ژنە و بە شوودانی کچ لە تەمەنی منداڵیدا وەک توندوتیژیی خێزانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، بەڵام پەیوەندییە خێزانی و عەشایرییەکان هەتا ئێستاش بەهێزن. ئەو پەیوەندییانە ڕێسا و سزای خۆیان هەیە و هاوتەریب لەگەڵ سیستەمە یاساییەکە و هەندێکجار لە شوێنی ئەو سیستەمە فەرمییە جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش لەمپەڕێکی گەورەی بۆ پاراستنی ماف و ئارامیی ئافرەتان دروستکردووە.
خۆزگە، تەمەن 34 ساڵ، هەتا تەمەنی 11 ساڵانیش نەیدەزانی ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە لە نێوان دوو خێزانەکەدا کراوە. ئەو لە نێوان شەش منداڵەکەی خێزانەکەیان منداڵی گەورەی ماڵەوەیە و ژیانێکی سەختی بەڕێکردووە. کاتێک تەمەنی شەش ساڵ بوو، خێزانەکەی ناچار بوون کوردستان بەرەو ئێران جێبهێڵن.
کاتێک لە ئێرانەوە گەڕانەوە #هەولێر#، هێندەی پێنەچوو باوکیان دیار نەما، کاتێک گەڕایەوە ماڵ، خۆزگە تەمەنی 13 ساڵ بوو، باوکی خۆزگە ژنی دووەمی هێنابوو، هەموو ئەو ماوەیە لەگەڵ خێزانەکەی دیکەی دەژیا، بە درێژایی ئەو ساڵانەش دایکیان بە زەحمەتییەکی زۆر ئاگای لە ژیان و بژێوی منداڵەکانی بوو، لە کاتێکدا خاڵیان تەنیا یارمەتییەکی کەمی دەدان.
لەو سەردەمەدا خۆزگە یان چاوی بەسەر خوشک و براکانییەوە بووە یان خەریکی خوێندن بووە. ئەو زۆر حەزی لە ژمارە بوو، خەونی بەوەوە دەبینی لە بواری ماتماتیکدا خوێندن تەواو بکات.
دایکی خۆزگە لەگەڵ ئەوە بوو کچەکەی لە زانکۆ بخوێنێ، بەڵام خاڵەکانی دژی ئەوە بوون، چونکە دەیانگوت شوورەییە کچ بچێتە قوتابخانە. خۆزگە قەت ئەوەی بیرناچێ چۆن دایکی لە ژێر چارشێوەکەی خۆیدا دەیبردە قوتابخانە.
یاسا هەرگیز سەروەر نییە
خۆزگە لە تەمەنی 11 ساڵیدا دڵی دەچێتە سەر کوڕێکی هاوپۆلی خۆی. ئەو دەڵێ: کوڕەکە وەک خۆم بوو، کەسێکی باش بوو. بەڵام ڕۆژێکیان گوێی لێ بوو باپیری باسی ئەوەی دەکرد کە خۆزگە بە ئامۆزاکەی دراوە. خۆزگە یەکسەر وەڵامی دابووەوە من ئەوم ناوێ.
خۆزگە لەوە تووڕە بوو لە کەسێکی مارە دەکەن کە لەو ساڵە سەختانەدا نە خۆی و نە خێزانەکەی هیچ خەمێکیان لە بژێویی خۆی و خێزانەکەی نەخواردووە.
باپیری خۆزگە کە خۆی لایەنێکی ڕێککەوتنەکە بووە، ڕازی بوو بەوەی ڕێککەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە. باپیری پێیگوتبوو کچم تۆ سەربەستی، من خۆیشم ڕازی نیم لەو خێزانەت مارە بکەم. خێزانی کوڕەکە ڕازی نەبوون پەیمانەکە هەڵوەشێننەوە.
لە 2001 خۆزگە کەیسەکەی ئاراستەی دادگا کرد بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی ئەو ڕێککەوتنە عەشایەرییەی لە کۆڵ بکەنەوە. دوای چوار دانیشتنی دادگا کە لە هیچیاندا کوڕەکە و خێزانی بەشدار نەبوون، دادگا بڕیاری دا ڕێککەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە.
خۆزگە دەڵێ لەو کاتەدا دواجار: هەستم بە ئازادی و بەختەوەری کرد، چونکە هەستم کرد یاسا سەروەرە، بەڵام یاسا هەرگیز سەروەر نییە.
خێزانی کوڕەکە بڕیاری دادگایان قەبووڵ نەبوو، دەیانگوت هاوسەرگیرییەکە تەنیا بە تەڵاق هەڵدەوەشێتەوە کە تێیدا پیاوەکە سێ تەڵاقەکە لە ژنەکەی دەخوات.
خۆزگە بڕیاری دادگای بەدەستەوە بوو، بۆیە هەوڵیدا ژیانی ئاسایی خۆی بژی. دوای جەژنی قوربانی ئەو ساڵە، خۆشەویستەکەی هاتە خوازبێنی، بەڵام خێزانی باوکی هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد و ئاگاداریان کردەوە کە هەر کەسێک بێتە خوازبێنی دەیکوژن. ئامۆزاکەی بە خۆزگەی گوتبوو هەر کەسێک بێتە بەر دەرگاتان دەیکوژین.
خۆشەویستەکەی خۆزگە کۆڵی دا و لەگەڵ ئافرەتێکی دیکە هاوسەرگیری کرد. خۆزگە بۆ جاری دووەم سکاڵای تۆمار کرد، مام و ئامۆزاکەی بۆ ماوەی هەفتەیەک بەندکران، بەڵام دواجار بە کەفالەت ئازاکران، بەو حاڵەشەوە ڕازی نەبوون کۆتایی بە هاوسەرگیرییەکە بهێنن.
خۆزگە خوێندنی زانکۆی لە بواری ژمێریاریدا تەواو کرد، دواتر لەسەر پێشنیازی هاوڕێیەکی لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان داوای کاری کرد. ڤیان سولەیمان، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتان دەڵێ: بۆ ئەم جۆرە شتانە دەبێ لە خێزانەوە دەستپێبکرێ.
یەکێتی ئافرەتان کار بۆ چارەسەری کێشەی نێوان ئافرەتان و خێزانەکانیان دەکات. لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ئۆفیسی هەولێری یەکێتییەکە 116 کەیسی بۆ هاتووە، دوو لەسەر سێیان کێشەی نێوان ژن و مێرد بوون، 43 حاڵەتیان ڕەوانەی دادگا کراون و 42 کەیسیشیان لەلایەن ڕێکخراوەکەوە چارەسەر کراون. کەیسەکانی دیکەش هەر بە کراوەیی ماونەتەوە یان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان کراون.
ڤیان سولەیمان دەڵێت ئافرەتان سوودێکی زۆریان لەو گۆڕانە ڕیشەییانە بینیوە کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە هەموو کۆمەڵگای کوردستاندا ڕوویداوە، لە کاتێکدا یاسای باش هەن و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتانیش پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە دابەزاندنی ڕێژەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە کوردستان، بەڵام جەخت لەوەش دەکاتەوە کە سیستەمە باو و نەریتییەکەش دەبێ شانبەشانی یاساکانی گۆڕانی بەسەردا بێ.
ئەوکاتەی لە یەکێتیی ئافرەتان کاری دەکرد، خۆزگە چیرۆکی خۆی بۆ ڤیان سولەیمان گێڕاوەتەوە، لە کۆتاییدا و دوای چەندین دانیشتن لەگەڵ خێزانەکە، بە نێوەندگیریی ڤیان سولەیمان مام و کوڕەکە ڕازی بوون لە بەرامبەر 30 هەزار دۆلار دەست لە داواکەیان هەڵگرن. خۆزگە دەڵێ: زۆر سەختە کاتێک عەشیرەت دەکەوێتە ناو کێشەکانەوە.
پاراستن لە دەرەوەی دادگاکان
سیستەمی کارکردنی دادگاکان بەجۆرێکە گفتوگۆ لە نێوان ئافرەتان و خێزانەکانیاندا دروست ناکات، بەڵام یەکێتیی ئافرەتان هەردوو لایەنی کێشەکە لە یەک ژووردا کۆدەکاتەوە و گفتوگۆ لە نێوانیاندا دروستدەکات. پارێزەر شۆخان ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی یاسایی ئافرەتان، پێیوایە سیستەمی دادوەری بە تەنیا بەس نییە بۆ پاراستنی ئافرەتان.
ئەنجوومەنی یاسایی ئافرەتان ڕێکخراوێکی ناحکومییە لە #سلێمانی# کە بەشێک لە کارەکەیان نێوەندگیریی نێوان ئافرەتەکە و خێزانەکەیەتی دوای تەواوبوونی پڕۆسە یاساییەکان. پارێزەرەکە پێیوایە دادگاکان بڕیاری تەڵاق دەردەکەن یان لە شێڵتەرەکان شوێنێک بۆ ئەو ئافرەتانە دەکەنەوە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام کێشەکە لەگەڵ خێزانەکاندا چارەسەر ناکەن.
کاری ئەنجوومەنەکە ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی لەلایەن باوک و مێردی ئافرەتەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە، بۆیە ناچار بوون سێکیوریتی بگرن و لە دادگا سکاڵا تۆمار بکەن و تەنانەت هەندێکجاریش ناوێرن وەڵامی تەلەفۆن بدەنەوە، چونکە نازانن ئەوەی تەلەفۆن دەکات کێیە و چی دەوێ.
دواجار خۆزگە لەگەڵ پیاوێکدا هاوسەرگیری کرد کە لە کۆلێژ ناسیبووی و ئێستا کوڕێکیان هەیە کە مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوو دەبێتە دوو ساڵ. ئەو ئێستا ئەزموونی تاڵی خۆی وەک پاڵنەرێک بەکاردەهێنێ بۆ ئەوەی لە یەکێتیی ئافرەتان یارمەتی ئەو ئافرەتانە بدات کە ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.[1]