ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ (سێشەممە 10-12-2019) بڵاویکردووەتەوە، لەسەرەتای ساڵی 2019 تا ئیستا 46 هاوڵاتی کورد لەسێدارە دراون و 3 هەزار کەس دەستبەسەرکراون و 234 #کۆڵبەر# و کاسبکاریش کوژراون و برینداربوون.
بەپێی ئامارەکە، لەو ژمارەیە، 19 کەسیان خەڵکی پارێزگای #ورمێ#، 7 هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای #ئیلام#، 7 هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای #سنە#، 6 هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای #کرماشان#، 4 هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای #لوڕستان# و 3 هاووڵاتییش خەڵکی پارێزگای خوراسانی باکوور بوون.
هاوکات، 41 بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و 5 بەندکراو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە سڕکەرەکان حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە. 4 ژن و دوو منداڵ لە ڕێزی ئەو کەسانەدان کە لەسێدارە دراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو: لە ماوەی11 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا ناسنامەی 705 کەسیان ئاشکرا بووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، لە کۆی ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان دیارە، 615 کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان، 32 کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، 22 کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی و 19 کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی کرێکاری دەستبەسەر کراون.
هاوکات پێنج کۆڵبەر و12 هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
لە کۆی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، 26 کەسیان خوێندکار، مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ و پارێزەر، 32 کەسیان ژن و 17 کەسیان منداڵ بوون.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 234 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە 69 کەسیان کوژراون و 165 کەسیان بریندار بوون، هاوکات لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانی، 181 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، 38 کەسیان بەهۆی ڕووداوی سروشتی، 11 کەسیان بەهۆی تەقینەوەی مین و 4 کەسیان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لەکاتی ڕاوەدوونان بوونەتە قوربانی.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 143 چالاکیی سیاسی، مەدەنی، مەزهەبی و کرێکاری کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارە، بەندکران و لیێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و لە ماوەی ئەو 11 مانگەدا، دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەزهەبی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و 141 هاووڵاتیی دیکە سەرجەم حوکمی 646 ساڵ و 4 مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.[1]