=KTML_Bold=کارگەی خانم=KTML_End=، بەهاوکاری حکومەتەکانی هۆڵەندا و ئەڵمانیا لەشاری #سلێمانی# دەستی بەکارکردن کردووە کە تیایدا جلی ژێرەوە و جلی دیکەی خانمان و جلی منداڵان و لەداهاتووشدا جلی کوردی دروست دەکەن، ئەوەی لەم کارگەیەدا جیاوازە، ئەوەیە تەواوی کارمەندان لەخانمانن.
پاشنیوەڕۆی #24-11-2019# لە هۆڵێکی کارگەی جگەرەی سلێمانی، ئەو کارگەیە بەئامادەبوونی بەرپرسانی کونسوڵخانەی هۆڵەندا لەهەرێمی کوردستان کرایەوە، =KTML_Bold=شەپۆل مەجید=KTML_End=، خاوەنی کارگەی خانم ڕاگەیاند: بەهاوکاری حکومەتی ئەو دوو وڵاتە ساڵێکە خەریکی ئەم پڕۆژەیەن و دەیانەوێت لەکوردستان بەرهەمیان هەبێت هاوشێوەی وڵاتی دەرەوە و تەنانەت پلانیان وایە لەداهاتوودا بەرهەمیان هەناردەی دەرەوەش بکەن.
ئێستا 22 تا 25 ئافرەت لەو کارگەیەدا کار دەکەن، بەڵام بەوتەی شەپۆل پلانیان هەیە ژمارەی ئافرەتان بگەیەننە 250 کەس، بۆ کارکردنیش دەبێت هەر ئافرەتێک بەشەش کۆرسی فێربوونی درووماندا تێپەڕێت کە لەلایەن مامۆستایانی هۆڵەندییەوە فێر دەکرێن و دواتر بەفەرمی دەست بەکارکردن دەکات.
شەپۆل دەڵێت، هەوڵیان داوە بەرهەمەکانیان لەڕووی کوالێتییەوە بتوانێت ڕکابەری لانیکەم بەرهەمی وڵاتانی ئێران و تورکیا بکات، بۆ داهاتووش قوماشەکان لەوڵاتی سریلانکا دەهێنن، لەسلێمانیش کاری دوورینیان بۆ دەکەن، هەروەها دوای شاری سلێمانیش، بەنیازین هەمان پڕۆژە ببەنە شاری #هەولێر#.
لەیەکەم ڕۆژی کردنەوەی ئەو کارگەیە، ئەو ئافرەتانە لەوێ سەرقاڵی وەرگرتنی کۆرس بوون، =KTML_Bold=شالیا حەمەئەمین=KTML_End=، ئێستا لەقۆناغی سێیی دوورمانە، بەڵام خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی بیناسازیشە لەکۆلێجی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی و خوێندنەکەی کردۆتە مۆڵەت.
ئەو کچە وتی: لەمنداڵییەوە حەزم لەدرومانە، بۆیە زیاتر حەزیشم لەبەشی بیناسازی بوو، چونکە ئەو بەشەش دیزاین و مۆدێلاتە، ڕاستییەکەی کردنەوەی کارگەی لەم جۆرە زۆر باشە تا خانمانیش بێنە دەرەوە و کار بکەن، لەڕووی دەروونیشەوە مورتاح دەبن.
هەروەها =KTML_Bold=هۆزان عەلی=KTML_End=، کە 10 ساڵە بەشی ئەندازیاری لەپەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی تەواو کردووە و تائێستا دانەمەزراوە، ئێستا لەیەکەم قۆناغی فێربوونە لەو کارگەیە و پێیوایە دروستبوونی ئەم کارگانە بۆ خانمان زۆر باشن تا بەشێوەی ئەکادیمی فێری دروومان بکرێن و لەداهاتووشدا بتوانن ببنە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان.
جگە لەو کچانەی خوێندنیان تەواو نەکردووە و لەو کارگەیەدا دەیانەوێت کار بکەن، =KTML_Bold=چنار ڕەسوڵ، =KTML_End= کچێکی دیکەی ئەو کارگەیەیە کە هێشتا نەچووەتە ژیانی هاوسەرییەوە و ئاماژەی بەگرنگی کردنەوەی کارگەی لەم شێوەیە کرد تا بتوانرێت لەڕێگەیەوە هەلیکار بۆ خانمان دروست بکرێت، چونکە لایەنێکی دیکەی باشی ئەم کارگەیە ئەوەیە تەنها خانمان کاری تێدا دەکەن.[1]