#هەولێر#، کوردستانی عێراق ڕۆژی شەممە #23-11-2019#.
$سەرۆک بارزانی:$ دەمەوێت بەناوی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەخێرهاتنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بکەم بۆ هەولێر بۆ عێراق، هاتنی جەنابیان لەم کاتەدا بەڵگەیە بۆ تەئید و پاڵپشتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
دەمەوێت بەناوی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەین بۆ ئەو پاڵپشتیەی هەیانبووە بۆ ئێمە لە شەڕی تیرۆریستانی #داعش#دا، بەبێ یارمەتی ئێوە مومکین نەبوو ئێمە بتوانین ئەمڕۆ لێرە بەو شێوەیە ڕابوەستین. ئێمە سوپاستان دەکەین بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکارییەی کە کردتان بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق.
رێز و سڵاوی ئێمەش بگەیێنن بە جەنابی سەرۆک ترەمپ، هیوادارین ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە، ڕۆژ بە ڕۆژ بتوانین لە هەموو ڕوویەکەوە پەرەی پێبدەین. زۆر بەخێربێن جارێکی دیکە.
$مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا:$ بەڵێ، سەرۆک بارزانی، زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە کە لە گەڕانەوەم بۆ هەولێر لێمکرا. شانازییەکی گەورەیە کە لە یەکەم سەردانمدا وەک جێگری سەرۆک دەگەڕێمەوە و بتوانم بێمە ئێرە بۆ هەرێمی کوردستان. ڕێگەم بدەن، سەرەتا و پێش هەموو شت سڵاو و ڕێزی جەنابی سەرۆک ترەمپ بەئێوە بگەیەنم. ئەم هەفتەیە، هەفتەیەکی گرنگە لە ئەمریکا، کە تێیدا خێزانەکان پێکەوە کۆدەبنەوە، کە ئەویش ئاهەنگی سوپاسگوزاریی ئاینییە و شانازییە بۆ من و کارینی هاوژینم کە لێرەین و پێشوەخت ئاهەنگی سوپاسگوزاری لەگەڵ سەربازەکانمان دەگێڕین. بەڵام دەمەوێت سوپاسی ئێوە بکەم، جەنابی سەرۆک، بۆ ڕەخساندنی کات بۆ ئەم دەرفەتە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پەیوەندییە ماوەدرێژەی کە لەنێوان گەلی کورد و گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە. من سوپاسێکی تایبەتم هەیە بۆتان کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدام، ئەوەش لەکاتێکدا سەرنج لە سەرکەوتنی نایابی هاوبەشمان لە تێکشکاندنی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی خەلافەتی داعش دەدەین. لە ئاداری ئەمساڵدا توانیمان دواین شوێنی ژێر دەستی خەلافەتی داعش لە سووریا کۆنتڕۆڵ بکەینەوە، ئەوەش بەهۆی بوێریی هێزە سەربازییەکانمان و ئازایەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانە کوردەکانمان لە سووریا. ئەمە بەبێ هاوپەیمانیەتی و هاوبەشی بەهێزمان لەنێوان گەلی کورد و گەلی ئەمریکا بە ئەنجام نەدەگەیێندرا.
جەنابی سەرۆک، دەمەوێت سوپاستان بکەم و دووپاتیبکەمەوە لە پابەندبوونی بەردەواممان لە پشتیگیریکردنی سەرکردایەتیی ئێوە لێرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها لەگەڵ ئێوەدا کار بکەین، تاوەکو دڵنیابین لەوەی کە داعش و هەر گرووپێکی دیکەی تیرۆریستی توانایان نابێت جارێکی دیکە جێی پێ خۆیان لەم هەرێمە بکەنەوە و هەڕەشە لە کۆمەڵگەکانی ئێوە و ئێمەش بکەن. هیوادارم سوپاس و ڕێزی بێپایانی ئێمە بە سەربازە مەزنەکانتان بگەیێنیت، بەتایبەتی خێزانی کوژراوەکانتان کە قوربانییەکی گەورەیان دا لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەمساڵدا نەوەک تەنیا بۆ ئەم هەرێمە و بۆ عێراق و بۆ سووریا، بەڵکو بۆ تەواوی جیهان.
جەنابی سەرۆک، زۆر سوپاس بۆ ئەو دەرفەتەی بە منتان بەخشیووە کە ئەمڕۆ لێرە بم. چاوم لەوەیە باس لەو ڕێگایانە بکەین کە دەتوانین بەکاریانبهێنین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ باشی هەردوو گەلەکەمان. هەروەها سوود لەم دەرفەتە وەردەگرم تاوەکو لەبری سەرۆک ترەمپ جەخت لە پەیوەندی بەهێز بکەمەوە کە لە نێوان گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکان و گەلی کورد لە گەرمەی شەڕدا دروستبووە. لەسەر ئەو بنچینەیەش، ئێمە پێکەوە داهاتوویەکی ئاشتی و خۆشگوزەرانی دروستدەکەین. جەنابی سەرۆک، جارێکی دیکە سوپاست دەکەم.[1]